د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون: بە پێی ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازی ٤هەزار و ١٨٩ کەس دوو مووچەیان هەبووە و یەکێکیان دەبڕێت

د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، بە میدیاکانی راگەیاند: چوار هەزار و 189 كەس کە دوو مووچەیان هەبووە، مووچەی دوو ساڵی رابردوویان لێوەردەگیرێتەوە.

گوتی؛ “بەپێی یاسای چاكسازی، چوار هەزار و 189 كەس دەستنیشان كراون، كە دوو مووچەیان هەیە، مووچەیەكیان دەبڕێت، هەركەسێك لەوانە لە 1ی 7ی 2020 تاوەكوو ئەوكاتەی مووچەكەی راگیراوە، بەپێی یاسای چاكسازی، دەبێت مووچەكانی بگەڕێنێتەوە”.
سەبارەت بەو میكانیزمەی، كە مووچەی زیادە وەرگیراوەكانی پێوەردەگیرێتەوە، ئەو بەرپرسەی حكوومەت گوتی: ” لەبەرئەوەی ئەو كەسانە لە دوو شوێن مووچەیان هەبووە، لە یەكیان فەسڵ كراون و مووچەكەی دیكەیان بەردەوامە، بۆیە مانگانە یەك لەسەر پێنجی مووچەكەیان لە مووچەی بەردەوامیان دەگێردرێتەوە، تاوەكوو ئەو بڕە مووچەی وەریگرتووە بەتەواوی پاكتاو دەكرێت و تەواو دەبێت”.
جەختی كردەوە، بۆ چارەسەری ئەو بایەتە، رێنوێنی لەلایەن وەزارەتی دارایی دەركراوە و جێبەجێ دەكرێت.
عەبدولحەكیم خەسرەو ئاماژەی بەوەش دا: “لەم قۆناغەدا ئەوەی لە سیستەم هەبووە ئەو چوار هەزار و 189 كەسە دوو مووچەیان هەبووە و دەستنیشان كراون، لە پڕۆسەكانی داهاتووی بایۆمەتری، لەوانەیە كەسی دیكەیش هەبێت دوو مووچەی هەبێت، بەڵام ئەوەی تۆمار كراوە هەر ئەو ژمارەیە، كە مووچەكانیان راگیراوە و بڕدراوە، ئەوەش دوای پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی یاسایی لە وەزارەتی دارایی و خانەنشین و ئاستی وەزارەتەكان، لیژنەكان كاری خۆیان تەواو كردووە”.
لەبارەی گومانی هەندێك كەس لە بڕینی مووچەی ئەو كەسانە، بەرپرسەكەی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، گوتی: “دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی بەدواداچوونیان کردووە و هەمووی بە ناو و لیست و فەرمان بڕدراوە”.