هاووڵاتیانی کوردستان متمانەی زۆریان بە دەزگا ئەمنییەکان هەیە

بەشێکی زۆری توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی، پەیوەستە بە سەقامگیری سیاسی و ئابوورییەوە. ڕاستە هەرێمی کوردستان لەبەر هۆکارە دەرەکییەکانی، بەردەوام و بە جۆرێک تووشی خەسار و سنوورتەنگی بووەتەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم کارکردنی ئەرێنیانەی دامودەزگا حکوومییەکان!

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ئاماری هه‌فته‌ی دووه‌می حوزەیراندا واتە لە (١٢ تا ١٦ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ی زایینی،‌ چالاكییەکانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پۆلیسی هه‌رێمی كوردستانی بڵاو کردەوە.
بە تەماشاکردنی ئامار و داتا و زانیارییەکان، بۆمان دەردەکەوێت کە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی زیندوو و لە حاڵی گەشە و پێشگەیشتنی زیاتردایە و لەگەڵ ئەوەشدا مۆدێڕنیزاسیۆن واتە کارکردن لەگەڵ ئامرازە مۆدێڕن و سەردەمییەکان و بەتایبەتیش دیجیتاڵییەکان هۆکار بوونە بۆ جۆرێک لە تێنەگەیشتن و یا خراپبەکارهێنان و لە ڕەوتی گەشەسەندن و پێشکەوتندا ئەمە ئاسایی و گرنگ بۆ باشتربوون هەژمار دەکرێت.
لە ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان خراوەتە ڕوو کە تیادا ٢٩٩ سكاڵا له‌ لایه‌ن هاووڵاتییانی سەراسەری هەرێمی کوردستانه‌وه‌ تۆمار كراون کە ئەمەش نیشاندەری زیندوویەتی پرسی دادییە لە هەرێم و هاووڵاتیان متمانەیان بە دەزگا ئەمنی و دادییەکان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئامارەکانیش به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌شی سه‌ر پارێزگاكان و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان بوونە: (پارێزگای هه‌ولێر ٩١ سكاڵا، پارێزگای سلێمانی ٧٢ سكاڵا، پارێزگای دهۆك ١٠٤ سكاڵا، ئیداره‌ی گه‌رمیان ١٩ سكاڵا و ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ١٣ سكاڵا) و هەروەها ٣ حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی و ٢ حاڵه‌تی خۆسووتاندن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بووه‌.
لە ئامارەکانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی پۆلیس له‌ سەرتاسەری هه‌رێمی كوردستانیش ئەم حاڵەتانە تۆمار کراون:
یەکەم: كوشتن کە دوو حاڵه‌ت تۆمار کراوە.
دووەم: خۆكوشتن کە ٤ حاڵه‌ت بووە (٣ لە پارێزگای هه‌ولێر و یەکیش لە پارێزگای سلێمانی)
سێیەم: دزیكردن کە ٧٦ حاڵه‌ت بووە (١٨ لە پارێزگای هه‌ولێر، ١٧ لە پارێزگای سلێمانی، ١٩ لە پارێزگای دهۆك، ٣ لە پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، ٨ لە ئیداره‌ی گه‌رمیان، ٥ لە ئیداره‌ی ڕاپه‌رین و ٦ لە ئیداره‌ی زاخۆ).
چوارەم: سه‌رپێچی ڕێنماییه‌كان کە ١٨ سه‌رپێچی بووە (٦ لە پارێزگای هه‌ولێر، ٦ لە پارێزگای سلێمانی، ٢ لە پارێزگای دهۆك، ٢ لە ئیداره‌ی گه‌رمیان و حاڵەتێکیش لە ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین و ئیداره‌ی زاخۆ).
پێنجەم: ده‌ستدرێژیی سێكسی ٧ حاڵه‌ت
شەشەم: سكاڵای جۆراوجۆر ١٠١٢ سکاڵا بووە (٨٩ لە پارێزگای هه‌ولێر، ٤٢٨ لە پارێزگای سلێمانی، ١٧٧ لە پارێزگای دهۆك، ٣٩ لە پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، ١٥٢ لە ئیداره‌ی گه‌رمیان، ٨٨ لە ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین و ٣٩ لە ئیدارەی زاخۆ).