ئەمریکا: هاوبەشیمان لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەردەوام دەبێت

لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵەوە، 219 ملیۆن دۆلار پێشکەشی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان و هاوبەشانی سووریا کراوە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا جەخت لە هاوکاریکردن و هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەکاتەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا، 219 ملیۆن دۆلار پێشکەشی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سووریا کراوە. سێنتکۆم لە ڕاگەیەنراوێکی دیکەشدا دەڵێ لە کۆنفرانسی ڕۆژی ٩ـی مانگدا، لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگەش بەشدار بوون .
جۆن برینان، فەرماندەی هاوپەیمانان لە عێراق ڕایگەیاند: “تۆڕێکی لەوە باشتر دروست نابێت بۆ تێکشکاندنی داعش” کە مەبەستی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانە لە شەڕی دژی داعش؛ گەشبینیشە ئامانجەکان بەدی دێن و داعش ڕیشەکێش دەکرێت لە عێراق .
کۆنفرانسەکە کە دووەمجار بوو ببەسترێت، بۆ یەکەم جار هەموو لایەنە بەشدارەکانی شەڕی داعشی کۆ کردەوە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێ: “پێویستە زانیاریی هەواڵگری و هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە نێوان هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگەدا .”
لە کۆنفرانسەکەدا، بەپێی ڕاگەیەنراوی سێنتکۆم، عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ڕایگەیاندووە: “هیواخوازین کۆنفرانسەکە ببێتە دەرفەتی زیاتری کارکردنی پێکەوەیی لەگەڵ هاوپەیمانان و پشتیوانیی هەرێمی کوردستان، بۆ شکستپێهێنانی داعش.”
ساعدی دەڵێ: “پێشمەرگە و هەواڵگریی عێراق و هەموو بەشدارانی کۆنفرانسەکە هەمان ئامانجیان هەیە، کە بریتییە لە لە چڕکردنەوەی هەوڵی شەڕی داعش و نەهێشتنی جموجۆڵیانە
ڕۆژی یەکشەممە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند: “لە ساڵی 2022دا 219 ملیۆن دۆلار پێشکەشی هاوبەشانمان لە عێراق و سووریا کراوە؛ لە ساڵی 2014شەوە بە بەهای نزیکەی 9 ملیار دۆلار هاوکاریی ئەو هێزانە کراوە لە شەڕی دژی داعش.
شوباتی ئەمساڵ، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لەبارەی شەڕی داعش و هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە ڕایگەیاندبوو: “من لەگەڵ هاوبەشانمان لە کوردستان کارم کردووە. ئەوان باشترین و بە تواناترین هاوبەش و پشتیوانی ئێمەن. لە 2004وە لەگەڵیان کارم کردووە، لە یەکەم سەردانمەوە بۆ عێراق، بەم دواییەش لەوەتەی شەڕی داعش لە 2014، من وای دەبینم ئەوان باشترین و بە تواناترین هاوپەیمان و دۆستی ئێمەن .
ئەو قسانەی فەرماندە سەربازییەکەی ئەمریکا لەکاتێکدایە ڕ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو: “ئیدارەی بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ پێشمەرگە، ئەو گوتی: “بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشانمان، لەوانە هێزەکانی عێراق، لە نێویاندا پێشمەرگە و هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکرات .
لەوەتەی پێشـمەرگە چالاکانە شەڕی داعش دەکات، ئەمریکا چەند جارێک کاروانی چەک و هاوکاری سەربازی ڕادەستی پێشمەرگە کردووە، ساڵی ڕابردووش سێ کاروان هاوکاریی سەربازیدایە پێشمەرگە، قسەکانی ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمریکاش لەکاتێکدایە کە ئەرکی هێزی شەڕکەری ئەمریکا لە عێراق کۆتایی هاتووە، بەڵام وەکو بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا دەڵێن ڕۆڵیان لە عێراق بەردەوام دەبێت و دەمێنێ.