هەرێمی کوردستان داوای شایستە داراییەکانی ٨ ساڵی ڕابردووی لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکاتەوە

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

بڕیارە لەیەک دوو ڕۆژی داهاتوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی وەڵامی بەغدا بداتەوە لەبارەی ئەو داوایەی لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان هەیەتی، ئەوەش پاش قسەکانی ئیحسان عەبدولجەبار کە گوتی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی کەرتی نەوت و گاز جێبەجێ دەکەین .

دوای قسەکانی وەزیری نەوتی عێراق، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “دوای سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەمانگی نیساندا، وەزارەتی نەوتی عێراق پرۆپۆسەلێکی دایە شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەسەر نەوت و گاز، ئێستا حكوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێی ئەو پڕۆژە و پێشنیازە دەکات، لە کۆتایی هەفتەشدا حكوومەت بە فەرمی وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە، لە چوارچێوەی دەستووردا بەردەوام دەبین لە کارکردن و هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن .
مانگی ڕابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کردبوو کە کۆمپانیایەکی نەوتی نوێ لە هەولێر دادەنێن، عەبدولجەبار پێشنیازی کرد هەژمارێکی بانکی کرد بۆ داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان پێشتر لەلایەن هەرێمی کوردستانەوەڕەت کرابووەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێش ماوەیەک ڕایگەیاند: “بڕیارەکە نادەستوورییەوە و ڕەتی دەکەینەوە، بەڵام نیازی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی نەشاردەوە لە بەردەوامی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا، هاوکات ئومێد سەباح ڕەخنە لە حكوومەتی عێراق دەگرێت کە دوو لایەنە هەوڵی کارکردن لەسەر ئەو پرسە دەدات بەتایبەت لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەوبارەوە، ئەو دەڵێ لەکاتێکدا حكوومەتی عێراق پەرۆشی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵییە، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیارێکی دیکەی هەمان دادگای لە 2019 پشتگوێ خستووە کە حکوومەتی عێراق ناچار دەکات بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور بۆ چارەسەری کێشەکان لە ناوچە کوردستانییەکان .
حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار ئامادەیی دەربڕیوە بۆ چارسەری هەموو گرفتەکان لەگەڵ عێراق لە پرسی وزەدا، پێشتریش حکوومەت بڕیاری دادگای فیدراڵی بە سیاسی و نادەستووری ناوبرد، بە گوتەی ئەندامانی شاندی هەردوولا گفتوگۆکان بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەهێزکردنی ئابوورییە هەروەها چاککردنی پیشەسازی نەوت و بەرەوپێشبردنی .
ناکۆکیی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ٨ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کاتێك بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، دواتر زنجیرەیەک ناکۆکیی ڕوویان داو قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان دروست بوو کە هێشتا کاریگەرییەکەی ماوە، لە دوای بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانیش، هەرێمی کوردستان سەربەخۆ و لە چوارچێوەی دەقە دەستوورییەکانی عێراق نەوتی فرۆشت.
بەپێی دەستووری عێراق، دەبێ داهاتی نەوت و گاز دادپەروەرانە دابەشبکرێتە سەر هەموو دانیشتوانی عێراق، بەڵام بەغدا ئەوەی نەکردووە 7 ساڵە بە ناتەواوی و چەند ساڵێکیش هەر بودجەی کوردستان نانێرێت، بۆیە هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەغدا ئەو قەرزانەی لەسەریەتی، هی ساڵانی ڕابردوو بیداتەوە هەرێمی کوردستان، چونکە ماف و شایستەی خۆیەتی و پێی نەدراوە.
هەرچەندە دەستوور بەڕوونی لە ماددەکانی 112 و 115ـی ماف دەداتە هەرێمی کوردستان کە سیاسەت و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بەڕێوە ببات، بەڵام بەغدا لەرێگەی داواکارییانەوە دەیەوێت دەست بەسەر هەموو داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکاندا بگرێت، کوردیش ئامادە نییە ئەوەبکات، ئەو مشتومڕە چەندین ساڵە بەردەوامە.