بڕیار وایە تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان ٢ بەشە خۆراک دابەش بکرێت

فەرمانگەى میدیا و زانیارى، لە بەدواداچوونێکدا دڵنیایی ده‌داتە هاووڵاتیان كه‌ كۆگاكان خۆراکی پێویستیان تێدایه‌ و پێویست به‌وه‌ ناكات خه‌ڵك تووشی نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ ببن.

مافپه‌روه‌ر دلێر عەبدولواحد عەبدولمەجید به‌ڕێوه‌به‌ری بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراك له‌ پارێزگای هه‌ولێر، ڕایگەیاندووە؛ “ڕاسته‌ نرخی هه‌ندێك شتومەک گران بووه،‌ به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی دروستبوونی دڵه‌ڕاوكێ لای هاووڵاتیان” و گوتیشی:
دەڵێت؛ ئێمه‌ وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراكی هه‌ولێر، به‌رده‌وام كۆگاكانمان خۆراكی پێویستی بۆ دێت و ئێمه‌ش دابه‌شی ده‌كه‌ین، دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ هاووڵاتیان كه‌ ئێمه‌ ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ بازرگانیی به‌غدا و به‌ هه‌ماهه‌نگیی وه‌زاره‌تی بازرگانیی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامین له‌سه‌ر دابه‌شكردنی خۆراك و ئێستا به‌شه‌ خۆراكێك دابه‌ش ده‌كه‌ین و بڕیار وایە تا كۆتایی مانگی ڕەمه‌زان دوو به‌شه‌ خۆراكی دیکەش دابه‌ش بكرێت. بۆیه‌ هیچ كێشه‌ و گرفتێكمان نییه‌ و به‌رده‌وام گرێبه‌ستی هاتنی خۆراكمان بۆ دێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراك له‌ پارێزگای هه‌ولێر باسى لەوەش کرد کە ملیۆنێک و نۆسه‌د و بیست هه‌زار هاووڵاتی لە سنووری پارێزگای هه‌ولێر تا ده‌گاته‌ چۆمان خۆراك وه‌رده‌گرن و بە سه‌ر ٣٠ بنكه‌دا دابەش کراون و ئه‌و خۆراكانه‌ی ده‌گەنه‌ لای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بازرگانیی كه‌لوپه‌لی خۆراكی هه‌ولێر، دوای ئه‌وه‌ی پشكنینیان بۆ ده‌كرێت، له‌ ڕێگه‌ی بریكاره‌كانه‌وه‌ دەدرێتە هاووڵاتیان.
سەبارەت بە قۆرخکاری لە بازاڕەکانی هەرێم، ڕایگەیاندووە؛ وه‌ك حكومه‌ت هیچ كه‌موكوڕیمان نییه‌ له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی خۆراكه‌وه‌ و‌ ئه‌وه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ بازاڕ ڕاسته‌ هه‌ندێك كێشه‌ و گرفت له‌ چه‌ند وڵاتێك ڕووی داوه‌ و كاریگه‌ریی كردووەته‌ سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خۆراك، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووەته‌ حاڵه‌تێك كه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یبینین و هه‌ندێك كه‌س نرخی پێداویستییه‌كانیان گران كردووه‌، ناڵێین ئێمه‌ وه‌كو كوردستان ناكه‌وینه‌ ژێر ئه‌و كاریگه‌رییانەوە‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ تووشی ئه‌و جۆره‌ له‌ شڵه‌ژانی بازاڕ نه‌بووین و خۆراكی پێویست له‌ كۆگاكانی حكومه‌ت هه‌یه‌ و پێویست به‌و هەلقۆستنەوە‌ ناكات كه‌ هه‌ندێك بازرگان ده‌یكه‌ن و نرخی پێداویستییه‌كان گران ده‌كه‌ن. له‌ لایه‌كی دیكەشەوه‌ به‌شێك له‌ هاووڵاتیان هۆكارن، چونكه‌ له‌ كاتێكدا خۆراكی پێویست هه‌بێت له‌ كۆگاكان، ئیتر چ پێویست به‌وه‌ دەكات زیاد له‌و بڕە‌ بكڕن و جۆرێك له‌ دڵه‌ڕاوكێش بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ دروست بكه‌ن.
دەشڵێت؛ ١٦ كۆگایان هه‌یه‌ كه‌ خۆراكی تێدا هه‌ڵده‌گیرێت، به‌ڵام یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی هه‌یانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كۆگایانه‌ له‌مێژە دروست كراون و پێویستییان به‌ نۆژە‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌.