سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: دەبێت ئیدارەی خۆجێی سلێمانی لەسەر دیارنەمانی داهاتی پارێزگاکە روونکردنەوە بە خەڵک بدات

دیار نەمانی داھات لە پارێزگای سلێمانی، کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی دارایی ھەرێمی کوردستان و خودی ئەو شارە دروست کردووە، زۆرجار داهاتەکان کۆ دەکرێنەوە، بەڵام کاتێک پارەکە دەچێتە بانک لەوێ کێشە دروست دەبێت و ئەو پارەی کۆ دەکرێتەوە لە بانک دیار نامێنێت، ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دروست کردووە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، رایدەگەیەنێت، نەگەڕانەوەی داھاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی گشتی، خەڵکی سلێمانی زۆر توڕە و بێزار کردووە و دەیانەوێت بزانن داھاتی ئەو شارە بۆ کوێ دەچێت، بۆیە دەبێت ئیدارەی خۆجێی سلێمانی لەسەر دیار نەمانی پارە روونکردنەوە بە خەڵک بدات.
بەشێک لە وەزارەت و دەستەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داهاتی خۆیان ھەیە، داھات کۆدەکەنەوە، لە سلێمانی کێشەی کۆکردنەوە و دیارنەمانی داھات ھەیە، داهاتی ناوخۆ ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی.
ھەموو داھاتەکان بەپێی یاسا کۆدەکرێنەوە، ئەو داھاتە رێکخستنەوەی بۆ کراوە،یەکێک لە کارەکانی کابینەی نۆیەم رێکخستنەوە و کۆکردنەوەی داھاتە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری ھاووڵاتییان بکرێت و پرۆژەی زیاتری پێ ئەنجام بدرێت، دیار نەمانی داھات لە پارێزگای سلێمانی کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی دارایی ھەرێمی کوردستان و خودی ئەو شارە دروست کردووە.
نەگەڕانەوەی بەشێکی داھاتی گشتی بۆ خەزێنەی حکوومەت لە پارێزگای سلێمانی و نەناردنی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا بووە ھۆکار کە مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران دوا بکەوێت، حکوومەتی ھەرێم ناچار بوو لە داھاتی مانگی سێی فرۆشتنی نەوت دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکات.
زیاد کاکە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” داھاتی سلێمانی یەک دیناری ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، ئەمە لە کاتێکدایە داھاتێکی زۆر ھەیە کە مانگانە ١٥٠ ملیار دینار زیاترە، دەبێت ئیدارەی خۆجێی پارێزگای سلێمانی روونکردنەوە بە خەڵک بدات و بڵێ ئەو پارەیە چی لێ دێت و بۆ کوێ دەڕوات، ئێمەش بەدواداچوومان کردووە و بانکەکان پارەیان تێدا نییە، خانەنشینێک کە دەیان ساڵ خزمەتی ئەو وڵاتەی کردووە کە دەچێت بۆ وەرگرتنی مووچەکەی دەڵێن پارە نییە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، گوتیشی:” بەپێی بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٢٥ی ھەموو مانگێک دەست دەکرا بە دابەشکردنی مووچە، سلێمانی پاک و خاوێن بوو و ھیچ کێشەیەک نەبوو، نەخۆشخانەکان پڕ بوون لە داودەرمان، ژیانی خەڵک خۆش بوو، رۆژانە بە دەیان پرۆژە دەکەوتنە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە، جوولەیەکی پارە لەناو خەڵک و بازاڕ ھەبوو، بەڵام نەگەڕانەوەی داهات ھەموو شتێکی تێکدا، بۆیە دیار نەمانی داھات و نەمانی پارە لە بانکەکان ھۆکارێکە بۆ راوەستاندنی ژیانی گشتی خەڵک، بۆیە ژیانی خەڵک لەو سنوورە زۆر ناخۆش بووە، خەڵک زۆر توڕەو بێزارن و دەیانەوێت بزانن ئەو داھاتەی سلێمانی بۆ کوێ دەچێت و کێ دەیخوات، ئێمە بە بەردەوامی بەدواداچوونمان کردووە، بەڵام کە دیار نامێنێت چی بکەین، کە تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونمان لەسەر وردەکاریی داھاتی سنوورەکە بە دەست نەگەیشتووە، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێییاسای ژمارە ٣ی ئەنجوومەنی پارێزگا دەبوو ھەموو ئەو داھاتانەی کە لە سنووری پارێزگاکە ھەیە بە ژمارە حیساب ھاتبایە بەردەم ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، تەنانەت بە ژمارە حیسابیش ھیچ زانیارییەکی دیاریکراومان نییە”.