دەبێت تا 8ی مانگی داھاتوو سەرۆك كۆمار ھەڵبژێرین

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ئەمرۆوە دەستكراوەین، بۆ كارەكانی پەرلەمان و رێكارە دەستوورییەكان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكھێنانی حكومەت، “ئەمە ئەولەویەتە و دەبێت تا 8/2/2022، سەرۆك كۆمار ھەڵبژێرین”.

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند: ” لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئێمە دەستكراوەتربووین بۆ كارەكانمان، بە تایبەت دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران”.

لەبارەی ئەركی ئێستای پەرلەمان گوتی: “لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و رەتکردنەوەی سکاڵاکان، سەبارەت بە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، رێكارە دەستوورییەكان وەك خۆیان دەبن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكھێنانی حكومەت لەبەر ئەوەی رۆژی 9/1/2022 یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بووە، یەك مانگ كاتمان لە بەردەستە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار 8/2/2022 دەبێ سەرۆك كۆمارمان ھەڵبژاردبێت، دواتر پێكھێنانی حكومەت بەپێی رێكارە دەستوورییەكان دەكەین”.

لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە خۆیان بۆ  پۆستی سەرۆك كۆمار کاندید كردووە رایگەیاند: “جارێك ژمارەكان راناگەیەنین، بەڵام بەشێك لەو كەسانە بەھۆی تەمەن و بڕوانامە و پێشینەی سیاسی چەند مەرجێكی دیكە رەتكراونەتەوە، لە چەند رۆژێكی دیكە دوای وردبینیكردن ناوەكان رادەگەیەنین”.