وه‌زاره‌تی نه‌وت: به‌رهه‌می هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ماوه‌ی مانگێكدا ئاسته‌كه‌ی به‌رز بووه‌ته‌وه‌

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، به‌رهه‌می هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ماوه‌ی مانگێكدا ئاسته‌كه‌ی به‌رز بووه‌ته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، بۆ مانگی ئۆكتۆبه‌ر به‌رهه‌می هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ 3.12 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت كاتێك له‌ مانگی ئه‌یلول 3.081 ملیۆن به‌رمیل بوو.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاشكرایكرد، به‌رهه‌می هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌ به‌نده‌ره‌كانی به‌سره‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 3.012 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت، جیا له‌وه‌ش له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی گه‌یشتووه‌ته‌ 98 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ یه‌ك رۆژدا، جیا له‌وه‌ی 10هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ره‌و ئوردن هه‌نارده‌ ده‌كرێت.

روونیكرده‌وه‌، داهاتی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ یه‌ك مانگدا گه‌یشتووه‌ته‌ 7.68 ملیار دۆلار، كاتێك نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت  به‌ 79.376 دۆلاره‌.

جه‌ختیكرده‌وه‌، عێراق بۆ مانگی ئه‌یلوول یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی به‌ 72.6 دۆلار فرۆشتووه‌.‌