تورکیا جارێکی دیکە دەستی کردووەتەوە بە بڕینەوەی داری دارستانەکانی هەرێمی کوردستان

لە راگەیەندراوێک سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، تورکیا جارێکی دیکە دەستی کردووەتەوە بە بڕینەوەی داری دارستانەکانی هەرێمی کوردستان. 

رێڤینگ هرووری، سەرۆکی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: “رۆژی یەکشەممە 24-10-2021 چەند وێنەیەکمان لە سەرچاوەیەکی سەت دەر سەت پشتڕاستکراوە بە دەستگەیشتووە، کە دەریدەخات تورکیا جارێکی دیکە دەستی کردووەتەوە بە بڕینی داری دارستانەکانی هەرێمی کوردستان”. 

رێڤینگ هرووری، کە خۆی خەڵکی ناوچەی هرووری سەر بە ناحیەی کانی ماسییە لە سنووری قەزای ئامێدی، گوتی: “تورکیا دەستی کردووە بە بڕینی دارەکانی دەرارێ و داری بڵند لە سنووری گوندی هروور”. 

سەرۆکی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەو دەستدرێژییەی سوپای تورکیا بۆ سەر دارستانەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکردووەتەوە. لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، سوپای تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ سەر ناوچەی زناری کێستە لە سنووری ناحیەی کانی ماسیی سەر بە قەزای ئامێدی کردووە.

هەروەها فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک رۆژی 29ی ئایاری 2021 لە ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند: “چەند ساڵێکە لە سنووری دەرکار، سندی و گولیا دیاردەی داربڕین هەیە. بیانووی هێزی تورکیا ئەوەیە کە ئەم دارانە و ئەم دارستانانە لە بەردەمیاندا رێگرن و لەسەریان هەڕەشەن. لەگەڵ هەندێک کۆمپانیادا رێککەوتنیان کردووە و بە نوێترین ئامڕاز دەستیان بە بڕینەوەی ئەو دارستانانە کردووە. بێگومان ئەوانەیش کۆمپانیا و بازرگانی تورکیان. دیارە چەکدارانی هێزی تورکیا هاوبەشییان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا هەیە. بیانووەکەیشیان ئەوەیە ئەو دارستانانە دەبنە پەناگە بۆ گەریلاکانی پەکەکە. تورکیا وەک سیاسەتێکی سووتاندنی ئەو زەوییانە و بۆ سوودێکی بازرگانی ئەو کارە دەکات.” 

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوە دا، ساڵی رابردوو زیانی زۆر بەر دارستانەکانی دەڤەری دەرکار کەوتن، ئەمساڵیش لە دەڤەری بەرواری باڵاوە بۆ کێستە و ئوورە لە بەر مەترسیی ئەوەدان کە دارەکانیان ببڕدرێتەوە. پار ئەم دیاردەی داربڕینەوەیە لە رێگەی پارێزگای دهۆکەوە بە ئاشکرا بە تورکیا گەیەنرا، دەستبەجێ کاری خۆیان راگرت، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی هێشتا ئۆپەراسیۆن بەردەوامە، رەنگە زۆر بە فراوانی ئەو کارە بکرێت.  

رۆژی 2021/05/28 ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، “تورکیا سەرەڕای هێرشی داگیرکاری بۆ سەر خاکی کوردستان، دەستی کردووە بە سووتاندنی دارستانەکان و خەریکی داربڕینە، بە تایبەتی لەم دواییانەدا لە مەتین، زاپ، ئاڤاشین و ناوچەکانی دیکە”

و هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: “تورکیا دژی گەلی کورد تاوان ئەنجام دەدات و بە تاڵانکردنی سرووشتی کوردستانیش تاوانی گەورە دەکات.” بڕینەوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و لایەنی تورکی لێ ئاگادارکرایەوە.

ھەواڵی زیاتر