كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا عه‌بدولسه‌لام دۆله‌مه‌ری، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌ده‌ و خوێندنی باڵا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، لیژنه‌كه‌یان راپۆرتێك له‌سه‌ر گرفتی مامۆستایانی وانه‌بێژ، سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێم و فەرمانبەرانی گرێبەست ئاماده‌ ده‌كات و له‌ دانیشتنی سبه‌ی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌خه‌نه‌ڕوو.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا گوتی: به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ كردن و ئاماده‌ كردنی راپۆرت، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 25/10/2021، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی لیژنه‌، جێگر، بڕیارده‌ر، ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆیان ئه‌نجامدا.

وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌ و گرفته‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژ و هه‌نگاوه‌كانی لیژنه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ چاره‌ی گونجاو، كه‌ له‌ئاست داخوازیه‌كانی ئه‌واندا بێت، هه‌روه‌ها بابه‌تی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێم و فەرمانبەرانی گرێبەست قسه‌ی له‌سه‌ر كرا.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا،‌ راپۆرتێكی گشتگیر ئاماده‌بكرێت و هه‌نگاوه‌كانی لیژنه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفتانه‌ و ئاماژه‌ به‌  نه‌خشه‌رێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان بكرێت و له‌ دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مان له‌ رۆژی سێ شه‌ممه‌ 26/10/2021 بخرێته‌ڕوو.

به‌گوته‌ی عه‌بدولسه‌لام دۆڵه‌مه‌ری، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراو و یاداشتانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌ كرابوون، خوێندرانه‌وه‌ و دوای وه‌رگرتنی راو سه‌رنجی ئه‌ندامان، كاری پێویستیان له‌سه‌ر كرا و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن و كاری پێویست.