سلێمان تاشان – ههولێر
لە کابینەی پێشووی عێراقی فیدراڵی کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکرد ئافرەتێک وەزیری دارایی بوو کە لای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی فەرمانبەران و مووچەخۆران زۆر ناسراو بوو. تەیف سامی بە وەزیرێک ناوبانگی دەرکردبوو کە تەکنۆکراتە و هەموو شتێک لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا جێبەجێ دەکات و بەدوورە لە هەر جۆرە گەندەڵییەک، بەڵام وا دەرنەچوو و ئێستا ئەو وەزیرە تۆمەتبارە بە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و دابینکردنی پارە بۆ تیرۆر.
لە مانگەکانی سەرەتادا کە ئەو وەزیرە بە دەسەڵات گەیشتبوو خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان بە ڕاستی پێیان وابوو کەسێکی زۆری ئیداری و تەکنۆکراتە و هیچ جۆرە کارێکی نایاسایی لە ژێر دەستی تێناپەڕێت بەڵام دواتر دەرچوو بەو شێوەیە نییە و ئەو وەزیرەش هاوشێوەی زۆرێک وەزیری دیکەیە کە پۆستەکەی و پێگەی خۆیان بۆ دژایەتی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنن.
کاتێک ئەو دەمامکە هەڵماڵدرا کە تەنانەت سەرۆک وەزیران ڕەزامەندی دەردەبڕی مووچەی مانگانەی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت بەڵام وەزیری دارایی دەیگوت قبوڵی ناکەم هەتا واژۆکەی بەدەستم نەگات کاتێک بە فەرمی و لە ژێر گوشاری سیاسی و داواکاریی پەرلەمەنتار و نوێنەرانی کوردستان بە واژۆش فەرمانەکە دەگەیشتە دەستی تەیف سامی لای خۆی بە بیانووی جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ئیداری و دارایی خەرجکردنی مووچەی دوا دەخست.
توندییەکەی ئەو وەزیرە تەنیا بۆ کورد بوو و لە کاتێکدا لە کابینەکە بە ملیاران دینار پارە بە تاڵان دەبرا ئەو دەستی بەسەر مووچەی فەرمانبەران و قووتی خەڵکی کورستان داگرتبوو و کاتێکیش واژۆی لەسەر لیستی خەرجکردنی مووچە دەکرد دەتگوت لە گیرفانی خۆی خێر بە خەڵكکی هەرێمی کوردستان دەکات.
هەر مانگە و بە بیانوویەکی نوێ مووچەی دوادەخست کە بە تەواوی دیار بوو ڕێکارەکان فڕیان بە وردبینی و ئیدارەوە نییە، بۆ نموونە دەیگوت چەند ناوێک دووبارە بوونەتەوە، یان دەیگوت لیستی مووچە بە کاغەز هاتووە و بە فلاش مێمۆری نەنێردراوە و یان دەیگوت پارەی نەختینەیی نییە و هیچ بیانوویەک نەما بۆ دواخستنی مووچەی هەرێمی کوردستان هانای بۆ نەبات.
لە چەند مانگی ڕابردوودا بەو سەدان ملیار دینار و سەدان کیلۆگرام زێڕەی بەرپرسانی باڵای عێراق کە دەستیان بەسەردا گیرا بە تەواوی ڕوون بووەوە کە لە ژێر سیبەری وەزارەتی دارایی چ گەندەڵییەک و چ تەخشان و پەخشاێکی سامانی گشتی کراوە.
بنەماڵەی تیرۆریستانی داعش کە ناویان وەک شەهید تۆمار کرابوو پێشی مووچەخۆران و بنەماڵەی ئەنفالکراوانی کوردستان مووچەیان وەردەگرت، زۆر جار فەرمانبەرانی کوردستان تەنانەت جەژنیان بە بێ وەرگرتنی مووچە بەڕێ دەکرد لە کاتێکدا وەزیری دارایی ئەو دەسەڵاتەی هەبوو مووچەکە خەرج بکات.
رۆژی هەینی ئەمەریکا ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندەوە و ناوی خستە لیستی چاودێریی تیرۆرەوە و هەر چەندە هیشتا هیچ بەڵگەیەک بە فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە کە بیسەلمێنێت تەیف سامی هاوکاری تیرۆری کردووە بەڵام ئەمریکا خستوویەتە ژێر چاودێرییەوە و هیچ هەنگاوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە بێ هۆ نانرێت.
تەلەڤزیۆنی فۆکس نیوزی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند واشنتن بە فەرمی ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندووەتەوە و چوونە ناو خاکی ئەمەریکای لێ قەدەغە کردووە
پێشتر چەندین یاسادانەری دیاری کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، لەوانە جۆ ویڵسن و گرێگ ستیوبی، تەیف سامییان تۆمەتبار کرد بەوەی لە ڕێگەی سیستەمی دارایی و بانکیی عێراقەوە ئاسانکاریی بۆ پارەدارکردنی تیرۆر کردووە لە ناوچەکەدا، بەهۆیەوە داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کردبوو سزای توندی بەسەردا بسەپێنێت.
جگە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەسەڵاتی دادوەریی عێراقیش فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ تەیف سامی دەرکردووە و ناوی خستووەتە لیستی داواکراوانەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە گرێبەستە حکومییەکاندا.

