عێراق.. گەندەڵی جێبەجێ کردنی زۆرینەی پڕۆژەکانی پەک خستووە

لە عێراق سەدان پرۆژەی پەککەوتوو و شکستخواردوو هەن، کە ملیاران دۆلاریان بۆ تەرخان کراوە، بەڵام زۆرینەی ئەو پرۆژانە چەندان ساڵ بەسەر دانانی بەردی بناغەیاندا تێپەڕیوە کەچی هەر بە تەواو نەکراوی ماونەتەوە.

عێراق بووە بە گۆڕستانی پرۆژەکان و گەندەڵی بەشێکی زۆری کەرتی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەی لەو وڵاتەدا پەک خستووە.

ساڵانە ملیاران دۆلار بۆ دەست پێ کردنی چەندین پرۆژەی جیاواز لە عێراقدا خەرج دەکرێن و هیوایەکی زۆریان لەسەر هەڵدەچنرێت، بەڵام وەک شارەزایان ئاماژەی پێ دەکەن، زۆرینەی ئەو پرۆژانەی کە حکوومەت باس لە جێبەجێ کردنیان دەکات پەکیان کەوتووە و جگە لە پڕبوونی گیرفانی چەند کەسێک، هیچی دیکەیان لێوە بەرهەم نەهاتووە.

عامر جەواهیری، ڕاوێژکار لە دەستەی پەرەپێدانی پیشەسازی و وەبەرهێنانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، شکستی کەرتی وەبەرهێنانی وڵات دوودڵی کردوون و دەشڵێت، نزیکەی 1450 پرۆژەی شکستخواردوو لە عێراقدا هەن کە زۆرینەیان خەیاڵین.

عامر جەواهیری باس لەوەش دەکات، ئیدارەدانی حکوومەت هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و ئەمەش بە مانای بەردەوامیی هەندێک شکست دێت، بۆیە دەبێت سیستەمێکی ڕوون هەبێت کە چاودێریی و هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ هەر پڕۆژەیەکی پەسەندکراوی حکوومەت بکات.

لە دوایین راپۆرتەکانیشیدا دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاشکراکردنی چەندین گەندەڵی لە کۆمەڵێک پرۆژەی جیاواز لە پارێزگای کەربەلا، زیقاڕ و کەرکوک ڕاگەیاند، کە لەو پرۆژانەدا نزیکەی 90 ملیار دینار لە گوژمەی تەرخانکراو بزر بوونە.

ھەواڵی زیاتر