دەوڵەتی یاسا داوا لە خەڵکی بەسرە دەکات لە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان خۆپیشاندان بکەن

به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ندین نه‌خۆشی مه‌ترسیدار له‌ شاره‌كه‌، دانیشتووانی به‌سره‌ به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك گرفته‌وه‌ ده‌ناڵێنن. سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی یاساش داوا له‌ دانیشتووانی شاره‌كه‌ ده‌كات بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانیان خۆپیشاندان بكه‌ن.

به‌سره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وت، خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك له‌ نه‌وت ده‌ژین، به‌ڵام به‌ده‌ست ده‌یان گرفتی رۆژانه‌ و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و خستنه‌ڕووی داواكارییه‌كانیان به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه‌ ده‌یان ساڵانه‌ بێبه‌شكراون، عه‌بدولسه‌لام مالیكی، سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا و سه‌رۆك هۆزی به‌نی مالیك داوا له‌ دانیشتووانی باكووری شاره‌كه‌ ده‌كات به‌شداری له‌ خۆپیشاندانی فراوانی به‌ره‌ی جووڵانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی بكه‌ن كه‌ بۆ خستنه‌ڕووی داواكارییه‌كانی شاره‌كه‌ پێكهێنراوه‌.

مالیكی له‌باره‌ی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، دانیشتووانی قه‌زای قه‌رنه‌ و باشووری شاره‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاریی و ته‌ندروستی بێبه‌شن، له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا پیسبوونی شاره‌كه‌ به‌هۆی كۆمپانیاكانی نه‌وته‌وه‌ گرفتی ته‌ندروستی دروستكردووه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كات له‌دژی ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتیانه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرن كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی پیسبوونی شاره‌كه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی.

سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی مه‌ترسیدار له ‌شاره‌كه‌دا، كۆمیسیۆنی مافی مرۆف له‌ به‌سره‌ زه‌نگی مه‌ترسیدار له‌باره‌ی پیسبوونی شاره‌كه‌ به‌ ده‌یان جۆر مادده‌ی ژه‌هراوی ده‌دات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، تێكه‌ڵبوونی مادده‌كانی مه‌گنیسیۆم و رادیۆم و یۆرانیۆم به‌خاك هۆكاری پیسبوونی ژینگه‌ن، ئاوه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌، هه‌ڵگری ده‌یان مادده‌ و توخمی ئاوێته‌ وایكردووه‌ ئاوی شاره‌كه‌ به‌ كه‌ڵكی خواردنه‌وه‌ نه‌یه‌ت.

مه‌هدی ته‌میمی، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ له‌ به‌سره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، به‌سره‌ به‌ دۆخێكی كاره‌ساتباردا تێده‌په‌ڕێت به‌هۆی پیسبوونی ژینگه‌ و هه‌وا و ئاوه‌كه‌یه‌وه‌، كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ به‌سره‌ رووبه‌ڕووی زه‌برێكی گه‌وره‌ی ژینگه‌یی بووه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی سووتانی غاز و دووكه‌ڵی نه‌وته‌وه‌یه‌.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان، لەو گازانەی رۆژانە له‌كێڵگه‌ نه‌وتی و گازییه‌كان دەسووتێن و بەرهەم دەهێنرێن، لێکەوتەی زۆر مەترسیداریان هەیە، بەتایبەتی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی منداڵان لە داهاتوودا. ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، کۆمپانیا نەوتییه‌كان کە ره‌چاوی چاودێری و كه‌ره‌سته‌ی سه‌رده‌میانه‌ ناكه‌ن هۆكاری ده‌ردانی دووكه‌ڵ و گازی ژه‌هراوین و زیاتر ژینگه‌یان پیس كردووه‌.