سوودانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا پێشوازی لە ئەردۆغان کرد

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پێشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاندی یاوەری کرد.

کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، فڕۆکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە.

وا بڕیارە سەرۆککۆماری تورکیا بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ ببێتەوە. هاوکات چەند رێککەوتنێکی ئەمنی و ئابووری لە نێوان شاندی هەردوو وڵات ئیمزا دەکرێن.

دواتر سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت سەردانی مەزار و مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی و گۆڕستانێکی عوسمانییەکانیش لە بەغدا بکات.

دوای کۆتاییهێنانی سەردانەکەی بۆ بەغدا؛  ئێوارەکەی ئەمڕۆ، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ئاستێكی باڵادا پێشوازی لێ دەکرێت. چاوەڕێ دەکرێت ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

پێشتریش باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان راگەیاند، ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ ئەم سەردانە کراوە و بڕیارە زیاتر لە 20 ڕێککەوتن و یادداشتی لێکتێگەیشتن ئیمزا بکرێن.

عەوادی سەردانەکە و ڕێککەوتننەکانی بە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا ناوبردووە و گوتیشی: سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا سوپڕایزی زۆر گەورەی تێدایە و لە کۆنفڕانسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانییدا ئەردۆغان و سوودانی، وردەکاریی سوپڕایزەکە ئاشکرا دەکەن.