سەرباری ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی و سیاسی، هەمیشە پاساوی بنەڕەتیی بۆ دروستکردنی گرووپی نایاسایی و میلیشیایی، پاراستنی دەسەڵاتی گرووپ و هێز و ڕەوتێكی سیاسی، مەزهەبی دیاریكراو و ناوچەیی بووە.
ساڵانە لە عێراق، بەشە بودجەیەکی گەورە بۆ گیرفانی سەرکردە و ئەندامانی گرووپە چەکدار و میلیشیاییەکان تەرخان دەکرێت، ژمارەی ئەندامانیشیان بە بەردەوامی لە هەڵکشاندایە و بوونەتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر بودجەی وڵاتەوە. ڕۆژنامەیەکی عەرەبی باس لەوە دەکات، زیادبوونی خێرای ژمارەی چەکدار و ئەندامانانی گرووپە میلیشیا و چەکدارەکان لە عێراق، هۆیەکی سەرەکین بۆ ناسەقامگیرکردنی زیاتری وڵاتەکە.
ڕۆژنامەی ئەلعەرەب لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، زیادبوونی خێرای ژمارەی چەکداری گرووپە میلیشیا و چەکدارەکان لە عێراق، نەک سوودیان بە باری ئاسایشی وڵاتەکە نەگەیاندووە، بەڵکو هۆیەکی سەرەکی ناسەقامگیریی عێراقن. ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، ئامانجی سەرەکی سەرکردەی ئەو گرووپانە کۆکردنەوەی پارە و دەستبەسەرداگرتنی جومگەکانی دەسەڵاتە لە عێراقدا، کە ئەمەش بارگرانییەکی زیاتری خستووەتە سەر بودجەی وڵات.
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 گەورەترین بودجە بوو لە مێژووی وڵاتەکەدا کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینار بوو، کۆی بودجەی تەرخانکراویش بۆ وەزارەتی بەرگری، 30 ترلیۆن دینار بووە، یەکێک لە نموونە دیارەکانی بەرگریی عێراق، دەستەی حەشدی شەعبییە، ئەو دەستەیە لە 70 گرووپی جیاواز پێک هاتوون، هەندێکیان پێشتر ڕێکخراوی سەربەخۆ بوون و لە چالاکیدا بوون، هەندێکی دیکەیان دوای فەتواکەی عەلی سیستانی لە ساڵی 2014ـدا دروست بوون.
بودجەی ساڵانەی حەشدی شەعبی سێ ترلیۆن و 743 ملیار دینارە و ئەمەش یەکسانە بە لە 25%ــی کۆی تەرخانکراوی تایبەت بە بەرگریی وڵات، لە کاتێکدا کە هێزەکانی پێشمەرگە بە 228 ملیار دینار، ناگاته 1%ــی کۆی تەرخانکراوی بەرگریی وڵات.
شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەدەن، حەشدی شەعبی وەکو بەرەیەکی یاسایی بووەتە پەردەیەک لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی دیکە و دەستوور و یاسای وڵات.
لە ماوەکانی ڕابردووشدا فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ڕایگهیاندبوو، ژمارەی حهشدی شهعبی لە نێوان ساڵانی 2021-2023، لە 170 هەزار چەكدار و كارمەندەوە بۆ 204 هەزار كەس بەرزبووەتەوە كە دەكاتە ڕێژەی لە 20ـ%ـی ساڵانە. ئەمە جگە لەوەی خەرجی حەشدی شەعبی لە بودجەی گشتی عێراقدا لە نێوان ساڵانی 2021 هەتا 2023 ڕێژەی 23% زیادی کردووە.