هێمن هه‌ورامی: هێرشی لایه‌نه‌كان بۆ سه‌ر پارتی جۆشێكی زیاتری به‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌و حزبه‌ داوه‌

هێمن هه‌ورامی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا ده‌یكه‌نه‌ سه‌ر پارتی، دووپاتیكرده‌وه‌، گرنگی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌ حه‌قیقه‌تی گوتاری سیاسی هه‌موو لایه‌نه‌كان زیاتر بۆ جه‌ماوه‌ر روون ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌بێت كه‌ چ هێزێكی سیاسی زیاتر باوه‌ڕی به‌خۆیه‌تی.

ئه‌م گوتانه‌ی هێمن هه‌ورامی له‌ میانه‌ی میوانداری له‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـدا هاتوون و گوتی: كامه لایه‌ن زیاتر په‌لامار ده‌دات، ده‌رخه‌ری ده‌روونی ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ كه‌ كه‌متر باوه‌ڕیان به‌خۆیانه‌ و كه‌متر باوه‌ڕیان به‌ رێكخستنه‌كانی خۆیان، جه‌ماوه‌ری خۆیان و ئاستی سیاسی خۆیانه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ تاكتیكی هێرشبه‌ر له‌سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان بگرنه‌به‌ر.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌: به‌ڵام ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك تاكتیكی په‌لاماردانی هیچ لایه‌نێكی سیاسیمان نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر و ناشگرینه‌ به‌ر، هیچ لایه‌نێكیش ناتوانێت په‌لكێشی گۆڕه‌پانێكی له‌و جۆره‌مان بكات و خۆمان دانابه‌زێنینه‌ ئه‌و ئاسته‌ی په‌لاماری لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بده‌ین. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت پارێزگاری له‌ ئارامی هه‌ڵبژاردن بكرێت، چونكه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌و زمانه‌ زبره‌ بێزار بووه‌، كه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین كه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌یه‌، كێ ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌تییه‌كی باشتری هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا بكات و داكۆكی له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات.

هێمن هه‌ورامی جه‌ختی كرده‌وه‌، پارتی باوه‌ڕێكی گه‌وره‌ی به‌خۆی، مێژووه‌كه‌ی و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی هه‌یه‌ و سه‌قامگیرییه‌كی ته‌واو له‌ناو پارتیدا هه‌یه‌، وه‌ك هه‌ندێك خه‌ڵك نین، كه‌ باری ده‌روونیمان به‌وه‌ تێكچووبێت و كۆمپانیای بیانی بهێنین، بۆ ئه‌وه‌ی راپرسیمان بۆ بكات، كه‌ به‌پێی ئه‌و راپرسیانه‌ی بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كرێت، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌هه‌ندێك شوێن به‌شێوه‌یه‌ك خه‌راپ بووه‌، كه‌ ره‌نگه‌ پێگه‌ی دووه‌م و سێیه‌میش له‌ده‌ست بده‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو لایه‌ك ئارام بین و به‌ ئارامی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بگاته‌ ئه‌نجام.

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه‌ سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ بكات، كه‌ په‌لاماری پارتی ده‌ده‌ن، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، به‌و هێرشانه‌ گه‌وره‌یی پارتی زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت و ره‌نگه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ نه‌توانن خۆیان له‌ ئاستی پارتیدا ببینن و ناتوانن له‌ ئاینده‌ و داهاتووشدا خۆیان له‌و ئاسته‌دا بیبینن. ئێمه‌ پێمان وایه‌، به‌و هێرش و په‌لامارانه‌ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری پارتی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سوور بووه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستێكی فراوانتر به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن، ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێنه‌ سه‌ر پارتی و وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی پارتی بۆ ئه‌و په‌لامارانه‌، جۆشێكی زیاتری به‌ جه‌ماوه‌ری پارتی داوه‌.

هێمن هه‌ورامی رووی قسه‌كانی له‌و لایه‌نانه‌ كرد و گوتی: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئه‌و تاكتیكه‌تان پێ باشه‌، ئێمه‌ش پێمان خۆشه‌ ئه‌و ده‌ رۆژه‌ی داهاتووش له‌سه‌ر هێرش و په‌لاماره‌كانتان بۆ سه‌ر پارتی به‌رده‌وام بن، دواتر ئه‌نجامه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌بینن. ئێمه‌ وه‌ك پارتی وه‌ڵاممان بۆ هه‌موو شته‌كانیان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مووی ده‌خه‌ینه‌ دوای هه‌ڵبژاردن، چونكه‌ ئه‌وكاتیش چاومان به‌ چاوی یه‌ك ده‌كه‌وێته‌وه‌.