رۆژنامەی ھەولێر

شانۆیی “سەلمە” بەرەو «سویسرای عەرەب» بەڕێدەكەوێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

گروپی شانۆی هەوار وەک تاقە نوێنەری کوردستان و عێراق لە سەڵاڵە دەبێت.

دوای ئەوەی ٦٣ کاری شانۆیی لە سەرانسەری جیهانەوە پێشکەش بە یەکەمین فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی شەوانی ئوفیر بۆ دیۆدراما لە شانشینی عوممان کرا، خۆشبەختانە شانۆیی “سەلمە” هەڵبژێردرا لەگەڵ 9 نمایشی دیکەدا کێبڕکێ لەسەر خەڵاتەکان دەکەین.
جێی شانازییە ئێمە وەک “گرووپی شانۆی هەوار” تاقە نوێنەری کوردستان و عێراقین لەم فێستیڤاڵەدا.
هەوار فارس ئەکتەری سەرەکی شانۆگەرییەکە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ئەم بەرهەمە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی نمایش دەکرێت، هەمیشە وەک گروپی شانۆیی هەوار هەوڵمانداوە باشترین پێشکەش بکەین و زۆرترین خەڵات بەدەستبهێنین، بۆیە ئەمجارەش لە شاری سەڵاڵەی نایاب، کە بە سویسرای عەرەب ناسراوە، بە دەستکەوت و خەڵاتی شایستەوە پشتیوان بە خودا دەگەڕێینەوە خاکی نیشتمان.
دەشڵێت: مۆنۆدراماکە لە 15 وڵاتی جیهاندا نمایش کراوە، کارێکی هاوبەشی نێوان کوردستان و فەرەنسایە و ناوەڕۆکی بەرهەمەکەش باس لە کارەساتی هەڵەبجە و جینۆساید و کارەساتی ئەنفال و کۆچی بە کۆمەڵی کورد دەکات، بە هەر دوو زمانی کوردی و ئینگلیزی کارمان لەسەر کردووە و ئەمجارەش چونکە فێستیڤاڵەکە لە وڵاتێکی عەرەبییە، بە زمانی کوردی و عەرەبی نمایشمان کرد.
شانۆگەری “سەلمە” لە نووسینی دڵشاد مستەفایە و لە سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە، ئەو شانۆگەرییە لە 16 وڵاتی جیاواز نمایش کراوە و چەندین خەڵاتیان بەدەستهێناوە.