عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
وابڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەم ساڵدا، خوولی شەشەمی فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید، لە چەمچەماڵ ئەنجام بدرێت.
ئیدریس شەوکەوت، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە بۆ «هەولێر» ڕایگەیاند: فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید، بەمەبەستی پشتگیری کردنە لە بەرهەمە سینەماییەکان کە تایبەتن بە بابەتی تاوانەکانی جینۆساید و تیشک خستنە سەر ئەو کارەساتانەی کە دژ بە گەلی کوردستان و نەتەوەکانی تر ئەنجامدراون، بۆیە داوا لە فیلمسازان و بەرھەمھێنەرانی بواری سینەما دەکەین کە بەرهەمەکانیان بنێرن بۆ بەشداری لە خوولی نوێی فێستیڤاڵەکەدا.
ئیدریش شەوکەت باس لە مەرجە سەرەکییەکانی بەشداریکردنی فیلمەکان لە فێستیڤاڵەکە دەکات و گوتی: ئەندامانی لێژنەی فێستیڤاڵ، چەند مەرجێکی دیاریکراویان داناوە کە بریتین لە، فیلمەکان پێویستە لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2026 بەرهەم هاتبن و لە خوولەکانی پێشتر بەشدار نەبووبن. ماوەی کورتە فیلمەکان نابێت زیاتر لە 20 خوولەک بێت. ناوەڕۆکی فیلم پێویستە لە چوارچێوەی بابەتی جینۆساید بێت. پێویستە زانیاری کەسی دەرهێنەر، پوختەی فیلم و وردەکاری ستاف و پێوەندیدارییەکان بنێردرێت. هەروەها وێنەی رووخسار، پۆستەر، پێشەکی فیلم و چەند وێنەی ناو فیلم و پشت پەردە بنێردرێن.
بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە باس لە بەشەکانی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت: فێستیڤاڵەکە بۆ چەند بەشێکی جیاواز دابەش کراوە وەکوو، فیلمی درێژی کۆردی، کورتەفیلمی دۆکیومێنتاری. فیلمی درێژی دۆکیومێنتاری. فیلمی جینۆسایدی قوتابی. فیلمی کلاسیکی پێش ساڵی 2000. هەروەها بەشی پەراوێز لە دەرەوەی پێشبڕکێ تەنیا بۆ نمایش دیاری کراوە. هەروەها دواڕۆژی پێشکەشکردنی فیلمەکانیش کۆتا وادە 25ی نیسانی 2026ە.
ئیدریس شەوکەت، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، ئاماژەی بەوەش دا: فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید، یەکێکە لە گرنگترین چالاکییە سینەماییەکان کە هەوڵ دەدات بە سینەما تیشک بخاتە سەر کارەساتە مرۆیی و مێژووییەکان.
شایەنی باسە، خوولی شەشەمر. ی فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید، لە 15ی ئایاری 2026 لە چەمچەماڵ بەڕێوە ده چێت و ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام ده بێت.

