شیڤان شێرزاد – هەولێر
٢٠ـی نیسانی ئەم مانگە شانۆگەرییەکی کوردی لە باشووری کوردستانەوە دەبێتە میوانی یانزەمین خوولی فێستیفاڵی ئامەد بۆ شانۆی کوردی.
شانۆگەرییەکە لەژێر ناونیشانی “شەوێکی لەبیر نەکراوە” لە دەرهێنانی خەڵات نەوزاد و نواندنی چەندین شانۆکاری بەرچاوی کوردە.
“خەڵات نەوزاد” دەرهێنەری شانۆگەرییەکە لە ئاخاوتنێکیدا ڕایدەگەیەنێت: شانۆگەری “شەوێکی لەبیر نەکراو” لە فێستیڤاڵی شانۆی کوردی سەقز، لەلایەن لێژنەی دادوەری فێستیڤاڵ هەڵبژێردرا بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فەجر لە تاران، هەروەها بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە شاری هەڵەبجەی شەهید نمایش کرا، لە ئێستادا وەک تاکە نوێنەری کورد، بەشداری لە یانزەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد دا دەکات.
گوتیشی: ئەم نمایشە شانۆییە پەیوەست کراوه بە زنجیرەیەک رووداو گەلێک کە لە چەند دەیەیەکی رابردوو ڕوویانداوە، گەر لە گۆشە نیگایەکەوە بڕوانین بۆ رووداوەکانی ناو ئەم نمایشە شانۆییە دەبینین نمایشەکە لە ڕێگەی چاوی ژنێکی شۆڕشگێڕەوە بەدواداچوون دەکات بۆ ململانێی دادپەروەری تۆڵەسەندنەوە و بێدەنگی و یادەوەری.
دەرهێنەری شانۆگەرییەکە باس لە ناوەڕۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت: “ئەو نمایشە باس لە ژیان و یادگەی ژنە شۆڕشگێڕێک دەکات کە چۆن بوێرانە رووبەڕووی سەرکوتکاری دەبێتەوە، و باس لە سەروەختەکانی ژیان و مەرگ دەکات لە ناو زیندانە تاریکەکاندا، که چۆن بەر زەبری جەستەیی و دەروونی ده بیته وه هەتا ده گات دەستدرێژی، ئەم تووندوتیژییە بەردەوامی دەبێت و دوای ئازادبوونی هەمیشە وێڵە بەدوای بکەران و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانه ی کەبەرامبەری کراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، “شانۆگەری “شەوێکی لەبیرنەکراو”، تێڕامانێکە لەسەر ئەوەی کە دوای دیکتاتۆریەت دێت، ئەم تووندوتیژییە درێژخایەنەی کە دەچێتە ناو یادەوەرییەوە و ئەو پرسیارە بێکۆتایەی کە چۆن کۆمەڵگەیەکی بریندار دەتوانێت دادپەروەری بنیات بنێتەوە، نەک وەک تۆڵەسەندنەوە، بەڵکوو وەک لەدایکبوونەوەی ئەخلاقی خودی مرۆڤایەتی.
شایەنی باسە، شانۆگەری “شەوێکی لەبیر نەکراو” لە نووسینی ئێڕیەڵ دۆرفمەنە و لە وەرگێڕانی فاڕووق هۆمەرە و خەڵات نەوزاد کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و چەند ئەکتەرێکی دیاری شاری هەڵەبجەش رۆڵی تێدا دەگێڕن، ئەو شانۆگەرییە کوردییە بەشداری لە 11دەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد دەکات.

