رۆژنامەی ھەولێر

هونەرمەند یەحیا ئەربیلی خەڵاتێکی جیهانی پێدەبەخشرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی خۆشنووس یەحیا ئەربیلی بەشداری لە پێشبڕکێیەکی جیهانی بۆ خۆشنووسی بە بەشداری وڵاتانی پێشکەوتوو لە هونەری زەغڕەفیدا کرد و وەک یەکەم نوێنەری کورد بە تابلۆ ڕەنگینەکانی بەشداربوو توانی ببێتە مایەی سەرنجێ ئامادەبووان و لە ئاخاوتنێکیشدا ئاماژە بۆ گرنگی پێشانگا و پێشبڕکێیەکە دەکات و دەڵێت: ئەم پێشبڕکێیە یەکێکە لە ڕووداوە هونەرییە گرنگەکان، کە زیاتر لە ٣٠٠ هونەرمەند لە ٢٠ وڵاتی جیاواز کۆکردبووەوە وەکو، پاکستان، هیندستان، تورکیا، سربیا، ئەندەنوسیا، وڵاتانی عەرەبی، سریلانكا، بەنگلادش، نیپاڵ، نێجیریا و مالیزیا.”

گوتیشی: “بەشدارییەکە بە مەبەستی پەیوەندیکردنی کولتووری و گۆڕینی ئەزموونە هونەرییەکانە لە نێوان وڵاتاندا رێکخراودا، کە بووەتە هۆی دروستکردنی کۆمەڵێک پلەی نوێ لە هاوبەشکردنی هونەردا و منیش کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە توانیم پلەی دووەم بەدەست بهێنم، توانیم بەرهەمەکەم بە شێوەیەکی جیاواز و سەرنجڕاکێش پێشکەش بکەم، کە لە لایەن دادوەرانەوە بەهایەکی بەرزی پێدرا.
ئەم سەرکەوتنەش نیشانەی ئاست بەرزی توانای هونەری و هەوڵی بەردەوامی هونەرمەندانی کوردە لە ناو مەیدانی نێودەوڵەتیدا.”
ئەو هونەرمەندە باس لە ڕووداوە گرنگەکانی ئەم پێشبڕکێیە دەکات و دەڵێت: “ئەم رووداوە جگە لە پێشبڕکێ، بووەتە پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ ناساندنی هونەر و کولتووری جیاواز، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دروستکردنی پەیوەندییە نوێکان لە نێوان هونەرمەنداندا، هەروەها بەدەستهێنانی پلەی دووەم لەم پێشبڕکێیەدا، دەرفەتێکی باشە بۆ بەرزکردنەوەی ناوی هونەری کوردی لە ئاستی جیهاندا و هاندانی هاوڕێیانی تر بۆ بەشدارییەکی زیاتر لە رووداوە نێودەوڵەتییەکاندا.”
فێستیڤاڵ و پێشبڕکێی نێودەوڵەتییەکەی پاکستان، یەکێکە لە رووداوە هونەرییە گرنگەکان کە هەموو ساڵێک کۆمەڵێک هونەرمەندی ناودار و نوێخواز لە جیهاندا کۆدەکاتەوە. ئەم فێستیڤاڵە بە مەبەستی پشتگیری لە هونەر، گەشەپێدانی تواناکان و دروستکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان نێوان وڵاتان رێکدەخرێت.