عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
فیلمی (کەشتی کاغەزی من)، کە لە نووسین و دەرهێنانی (هۆزان شێرزاد)ـە، لە فێستیڤاڵی فیلمی گەنجانی عێراق، کاندیدکراوە بۆ بەدەستهێنانی دوو خەڵات. فێستیڤاڵی فیلمی گەنجانی عێراق نێودەوڵەتیە و زیاتر لە 15 وڵاتی جیاواز تێیدا بەشدارن، فێستیڤاڵەکە 4ی نیسان بەڕێوەدەچێت و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
هۆزان شێرزاد، دەرهێنەری ئەو فیلمە سینەماییە گوتی: ئەو فیلمە یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە بە شێوەیەکی هونەری و سیمبوولێک باس لە خەون، چاوەڕوانی و گەیشتن بە ئارەزووەکان دەکات. هەروەها ناونیشانی فیلمەکە خۆی لە خۆیدا واتایەکی قووڵ هەڵدەگرێت، فیلمەکە وەکوو نیشانەی خەونێکی ناسک و هەستیارە کە هێشتا دەریای خۆی نەدۆزیوەتەوە.
ئەو دەرهێنەرە باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەغڵێت: چیڕۆکەکەی باس لە پیاوێک دەکات کە هەر لە منداڵیەوە کە ماڵیان لە که نار ئاوێک بووە، لە رێگەی خۆشەوستی بۆ کچێکەوە خوولیایی دروستکردنی کەشتیەکی لا دروست دەبێت و ئەم مرۆڤە دادەبڕێت لە جیهان و لە شوێنێکی دوورە دەست هەموو تەمەنی خۆی تەرخان دەکات بۆ دروستکردنی کەشتیەک بە مەبەستی گەشتکردن بەرەو جیهان، وە لەم ماوەیەشدا رووبەرووی کۆمەڵێک ئاستەنگ و بەربەست دەبێتەوە.
هۆزان شێرزاد ئاماژەی بەوەش دا: فیلمەکە بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە، وەک بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی سلێمانی، کە ئەمە نیشانەی گرنگی و کاریگەری ئەم بەرهەمە لە ناو جیهانی سینەمادا پێشان دەدات.”
دەربارەی پەیامی فیلمەکە، ئەو دەرهێنەرە دەڵێت: ئەمە تەنیا فیلمێک نییە، بەڵکوو پەیامێکە لەسەر بەردەوامبوون لەگەڵ کێشەکاندا و باوەڕهێنان بەوەی کە هەر کەشتییەک تەنانەت ئەگەر کاغەزیش بێت، رۆژێک دەگات بە دەریاکەی خۆی.

