دوێنێ، هەولێر بەرگی ڕەشی بۆ پێشمەرگە و هونەرمەندێک پۆشی، کە نیوسەدە زیاتر لە خزمەت وشە و داهێنان بوو لە بواری سینەما و هەگبەی پڕ بوو لە نووسینەوەی داستانی بەرخۆدانی پێشمەرگە و دیووە تاریکەکانی ژیانی لەبەر چاوی هەمووان ڕۆشنکردبوو، چونکە ئەو یەقینێک لە دڵی دا دروست ببوو، کە کورد لە دوای ئەو هەموو شۆڕشە داستانە مێژووییانە بەرەو وەچەرخانێکی نوێ لە ئاوەدانیی و پێشکەوتنی هونەر هەنگاوی جیدی ناوە و تەنانەت لەسەر دەستی “مەهدی ئومێد” خەونی بە جیهانی بوونی فیلمی کوردی گەیشتە دەروازەکانی ئەورووپا و ئاڵای کوردستان بە فیلمی “تونێل”، کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی ئەو هونەرمەندە بوو بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دا کرد.
دوێنێ، هونەرمەندان پێکەوە دوای ئەو کۆشش و داهێنانە ماڵئاوایی لە مەرگی دەرهێنەری گەورەی کورد “مەهدی ئومێد” کرد، کە هەموو تەمەنی خۆی پێشکەشی نووسین و داهێنان کرد لە بواری سینەمادا.
بردیانەوە کەسنەزان..
لە مەڕاسیمێکدا، کە هەریەک لە پارێزگاری هەولێر و بریکار و ڕاوێژکار وەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەرمەندان و گشت چین و توێژ و بەرپرسانی لایەنە سیاسیەکان تێیدا ئامادەبوون، تەرمی هونەرمەند “مەهدی ئومێد” بەرەو گۆڕستانی کەسنەزان بەڕێکرا و لە پاڵ ناوە جوانەکانی هونەری کوردی دا لەو گۆڕستانە بە خاک سێپردرا.
چرایەکی گەش بە هێمنی کوژایەوە
لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ئەو هونەرمەندە پڕ لە بەخششەی کورد، دەیان کەسایەتی هونەرمەند و بزاڤی ڕۆشنبیری کوردی بە فرمێسکی گەرم ئامادەی ڕێورەسمی ناشتنی ئەو هونەرمەندە بوون، لە نێویشیاندا هونەرمەند “فەرهەنگ غەفوور”، کە ئێستا ڕاوێژکارە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە فرمێسکی گەرمەوە بۆ “هەولێر” گوتی: “مەهدی ئومێد” جیهانێکی جیاوازی لە نێو سینەما دروستکردبوو، نەک تەنیا بە چەند بەرهەمێک، کە پێشکەشی کردین، بەڵکو لە تەواوی کوچە و کۆڵانەکانی کوردستان سینەمایەکی بونیادنا بوو، کە چیرۆکە تراژیدی و ئەفسوناوییەکانی لێ کۆکردبۆوە و هەمیشە وێڵ بوو بە دوای ئازاری نەتەوەکەی، کە بیکات بە دیکۆمێنتێک و نیشانی وڵاتانی جیهانی بدات، بۆ ئەوەی هەموو دنیا لە ئازاری نەتەوەکەی تێبگات، کە ئێمە نەتەوەیەکی ئاشتیخواز و ژیاندۆستین و خاوەن کولتوور و هونەرێکی دەوڵەمەندین و تێنوویی ئازادی و داهێنانین لە نێو هونەردا، تەنانەت ئەو خەمخۆریی و هەوڵ و کۆششانەی ئەو بوو، کە توانی فەرمانگەیەکی تایبەت بە سینەما لە کوردستان دابمەزرێت و توانا و داهێنانی هونەرمەندان لە بەڕێوەبەرایەتیەکەیدا لە هونەری حەوتەمدا کۆبکاتەوە، بۆیە بە لەدەستدانی “مەهدی ئومێد” چرایەکی گەش لە نێو سینەمای کوردی کوژایەوە.
مەهدی ئومێد بەر لە مردن بۆ (هەولێر) دەدوێ: بە پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی سینەمای کوردیم لە کوردستان دامەزراند!
بەر لە نەخۆشییە سەختەکەی هونەرمەند و دەرهێنەری کورد “مەهدی ئومێد” زۆر ڕاشکاوانە پڕژایە نێو کۆمەڵێک یادگار و یادەوەری خۆی هەر لە سەردەمی شۆڕشەکانی کورد وەک پێشکەشکارێک لە ئێزگەی دەنگی کوردستان و بەرهەم هێنانی یەکەم فیلمی دیکۆمێنتی و بەشداری لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان و دامەزراندنی سینەما لە هەرێمی کوردستان و پشیوانی بەڕێز “نێچیرڤان بارزانی” سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گرنگیدان بە هونەری سینەما و بە دیکۆمێنت کردنی چیرۆکە تراژیدییەکانی کوردستان، کە بووەتە هۆی دامەزراندنی چەندین دامەزراوەیی سینەمایی و لە ماوەی ساڵانی وەک بەرپرسێکی هونەری لەو بوارەدا چەندین بەرهەمی سینەمایی و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سازکردووە، هەروەها زەمینەسازی کرد بۆ دەربازبوونی فیلمە کوردییەکان لە لۆکاڵەوە بۆ بە جیهانی کردنی بەرهەمە سینەماییەکان.
عەدنان عوسمان: مەهدی ئومێد هونەرمەندێکی ئەکادیمیست و داهێنەرێکی مەزن بوو لە زانستی سینەمادا
هونەمەندی دەرهێنەر “عەدنان عوسمان”، کە بە درێژایی ساڵانێکی زۆر لە نزیکەوە هاوڕێ و هاوپیشەی ئەو هونەرمەندە بوو، بۆیە بۆ مەرگی ئەو دەرهێنەرە دەڵێت: لەدەستدانی ئەکادیمیستێکی گەورەی وەک مامۆستا “مەهدی ئومێد” خەسارەتێکی گەورەیە لە نێو سینەمای کوردی دا، چونکە ئەو بۆ من و تەواوی سینەماکارانی کورد قوتابخانەیەک بوو، کە داهێنان و پێشکەوتنی هونەری حەوتەمی لێوە فێربووین، چونکە ئەو هونەرمەندێکی خاکەڕەو و نیشتمانپەروەر بوو، هەمیشە تینووی داهێنان بوو لە بواری سینەمادا و لە ماوەی نیوسەدە خزمەتی هونەریشیدا چەندین بەرهەمی بەپێزی پێشکەشی هونەر کرد، تەنانەت هەموو چرکەکانی ژیانی خەریکی نووسینەوەی سیناریۆیەکی نوێ بوو بۆ بەرهەم هێنانی فیلم و پڕۆژەیەکی نوێ و بە پیشەسازی کردنی بەرهەمی هونەرمەندانی سینەماکار بوو.
پرۆفایلی هونەرمەندی کۆچکردوو
* مەهدی ئومێد لە 1954 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە.
* لە سەرەتای دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی لە شاری بەغدا تەواو کردووە.
* بەشێکی بەرچاوی ژیانی وەک پەنابەرێک لە سوید بەسەر بردووە و لە ساڵی 2000 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە هەولێر نیشتەجێ بووە.
* لە 1990دا بەناوبانگترین فیلمی خۆی بە ناوی (تونێل) بەرهەمهێناوە، کە بە یەکێک لە شاکارەکانی سینەمای کوردی دادەنرێت، کە باس لە چیرۆکێکی پڕ لە ئازاری سەردەمی شەڕ و ڕاکردن لە دەست ستەم دەکات.
* لە ماوەی مانەوەی لە سوید، چەندین بەڵگە فیلمی لە بارەی ژیانی پێشمەرگە، ئەنفال، تاوانی کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجە بەرهەمهێناوە.
* ڕۆژی شەممە (28ـی ئازاری 2026) بە هۆی نەخۆشی لە شاری هەولێر بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

