رۆژنامەی ھەولێر

چەپكە گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەش بە (هیوا سوعاد) كرا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

بەرامبەر بەو ڕێزگرتنەی لە وڵاتی ئوردن لە هونەرمەندێکی شانۆکاری کورد و سەرۆکی لقی هەولێری هونەرمەندانی کوردستان گیرا، هونەرمەند “فەرهەنگ غەفوور” بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و (سەلیم قادر) جێگری بەڕێوەبەری گشتی و بەشێك لە بەڕێوەبەری بەشەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، (هیوا سوعاد)ـی سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانیان بە بۆنەی گەڕانەوەی لە وڵاتی ئوردن بەسەرکردەوە و چەپکێکی گوڵی ڕێز و وەفایان پێشکەش بەو هونەرمەندە دیارەی کورد کرد، کە تەواوی ژیانی لە خزمەت هونەری شانۆ دابووە. هیوا سوعاد لە گەشتە هونەرییەکەیدا بەشداری لە فێستیڤاڵی (عشيات طقوس المسرحية) کرد و قەڵغانی ڕێزلێنانی تایبەتی ئەو وڵاتەی پێبەخشرا و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و یاوەرانی، وێڕای بەخێرهێنانەوە، چەپكێ گوڵیان پێشكەش بە (هیوا سوعاد) كرد و هیوای سەركەوتنیان لە كارەكانی بۆ خواست.