عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند عەتا چاوشین، کەمترین هونەرمەند ئامادەبوون، لەو رووەشەوە رەخنە لە هونەرمەندان دەگیرێت.
لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند عەتا چاوشین لە باخچەی عەتا چاوشین لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڵام ئەوەی جێ سەرنج بوو، جگە لە ئەندامانی کۆمەڵەی هونەری میللی، کەمترین هونەرمەندی دیکەش ئامادەبوون.
هونەرمەند جەزای ساز، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میللی لە دیمانەیەکی “هەولێر” رەخنەی تووندی لە هونەرمەندان گرت کە ئامادەی ئەو مەراسیمانە نین.
هەولێر: یادی پێنج ساڵەیە، دەتانەوێت چی بڵێین؟
جەزای ساز: راستییەکەی گرنگی هونەر لە کاتی شەڕ و جەنگدا دەردەکەوێت کاتێک گوێت لە گۆرانییەک دەبێت دەروونی مرۆڤ ئاسوودە دەبێت، پاشان بیرهێنانەوەی خەڵکە بۆ بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە و بیرهێنانەوەی ئەو هونەرمەندانەش کە بە گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندە لە لایڤ موزیکدا پارە پەیدا دەکەن، بەڵام بەداخەوە بێوەفان بۆی.
هەولێر: کارەکانی عەتا چاوشین زیاتر لەسەر چ ستایڵێک بوو؟
جەزای ساز: رێچکەی رەسەنایەتی بوو، ئەو سەردەمە گەڕابوو بە دوای دەنگە دەگمەنەکان، دواتریش خۆی شاعیر و ئاوازدانەر بوو، شارەزای مەقامات بوو.
هەولێر: بەرهەمی هونەرمەندانی میللی زۆر دەمێننەوە؟
جەزای ساز: لەبەرئەوەی لەگەڵ خۆیان و میللەتەکەیان راستگۆ بوون، هونەرمەندی ئێستا نواندن دەکەن یان بڵێین کلیپ دەکەن، بەڵام ئەو ساڵانەی پێشوو گۆرانیبێژ هەبوو.
هەولێر: بۆچی خەڵک کەم دێنە ئەم یادانە؟
جەزای ساز: بۆ ئەوەیان بەداخەوە وەڵامێکی ئەوتۆم پێ نییە، دەمەوێت ئەوەیان لە خەڵک بپرسن، لەکاتێکدا هونەرمەندانی میلی زۆرترین خزمەتی خەڵکیان کردووە.

