گرووپی “با” میوزیکی دهۆک لە شاری یارەسڵاڤڵی رووسیا کۆنسێرتێکی گۆرانیان بەڕێوەبرد

گرووپی “با” میوزیکی دهۆک لە شاری یارەسڵاڤڵی رووسیا کۆنسێرتێکی گۆرانیان بەڕێوەبرد. کۆنسێرتەکە بەهاوکاری و هەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کولتوری رووسیا رێکخرابوو.

لە کۆنسێرتەکەدا ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و هونەری رووسیا و گەلانی دیکەی شارەکە ئامادەبوون. دکتۆر میرزاد حاجم، چالاکوانی کوردی نیشتەجێی یارەسڵاڤل، تایبەت بۆ کوردستان24  گوتی، “کۆنسێرتەکە زۆر بەباشی بەڕێوەچووە و  تەواوی ئامادەبووانی نێو هۆڵەکە سەرسامبوون بە هونەر و گۆرانی کوردی”.

 د.میرزاد حاجم ئەوەشی خستەڕوو، “پێویستە ئەم جۆرە چالاکییانە بەردەوامبن بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا.”

ئەو چالاکوانە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد، “هەر یەک لە جێگری پارێزگاری یارەسڵاڤل و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی یارەسڵاڤل و میشە خەڵاتیان ئەندامی شارەوانی یارەسڵاڤل لە کۆنسێرتەکەدا بەشداربوون و دەستخۆشی خۆیان ئاڕاستەی گرووپەکە کرد بۆ ئەم ئێوارە قەشەنگەی کە شاری یارەسڵاڤڵیان ئاوێزان بە گۆرانی و میوزیکی کوردی کرد.”

بێکەس نووری عەبدال، سەرپەشتیاری گرووپی با میوزیک بە کوردستان24 ی راگەیاند، لە کۆنسێرتەکەدا بەجلی کوردییەوە 13 گۆرانی رەسەنی کوردییان پێشکەش بە ئامادەبووان کردووە، کە ئامانج لێی زیاتر ناساندنی فەرهەنگ و هونەری کوردییە بە گەلانی رووسیا و وا بڕیارە کاتژمێر 19:00ی 1ی نیسان لە هۆڵی رەحمانینۆڤ لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کۆنسێرتی دووەم بەڕێوەببەین.

ھەواڵی زیاتر