رۆژنامەی ھەولێر

ئایا ئاماژەیە بۆ نەخۆشیی ڕۆماتیزم؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

گۆڕانی ڕەنگی پەنجەکانی دەست و قاچ لە وەرزی سەرمادا، دیاردەیەکی تەندروستیی باوە کە زۆرجار بە هەڵە وەک سەرمابوونێکی ئاسایی سەیر دەکرێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا پەیوەستە بە نەخۆشییەکانی جومگە و ڕۆماتیزمەوە و پێویستی بە بەدواداچوونی پزیشکی هەیە.

دیاردەی ڕێینۆ (Raynaud’s Phenomenon) چییە؟
د. ئومێد محەمەد حسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جومگە و ڕۆماتیزم، تیشک دەخاتە سەر ئەم حاڵەتە و ڕوونی دەکاتەوە کە کاتێک کەسێک دەست دەکاتە ئاوێکی ساردەوە یان بەر هەوایەکی زۆر سارد دەکەوێت، ڕەنگی سەری پەنجەکانی دەست و قاچی بە سێ قۆناغ دەگۆڕێت: سەرەتا سپی هەڵدەگەڕێت، دواتر شین دەبێتەوە و لە کۆتاییشدا سوور دەبێتەوە.

بە گوتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە، ئەم حاڵەتە لە زانستی پزیشکیدا پێی دەوترێت «دیاردەی ڕێینۆ» و دابەش دەبێت بەسەر دوو جۆردا:
جۆری بەرایی (Primary)؛ هیچ هۆکارێکی دیاریکراو یان نەخۆشییەکی تری لە پشتەوە نییە. ئەم جۆرە سووکترە و مەترسیی کەمترە.
جۆری یەکەودوا (Secondary)؛ هۆکارێکی دیاریکراوی لە پشتەوەیە، وەک بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان، یان بوونی نەخۆشییەکی درێژخایەن.

پەیوەندیی نێوان گۆڕانی ڕەنگی پەنجەکان و نەخۆشییەکانی ڕۆماتیزم
د. ئومێد ئاماژە بەوەش دەکات کە گرنگترین بەشی ئەم حاڵەتە ئەو کاتەیە کە نەخۆشییەکی ڕۆماتیزم لە پشت گۆڕانی ڕەنگی پەنجەکانەوە بێت، بەتایبەت نەخۆشییەکانی:
ڕۆماتیزمی جومگەکان
نەخۆشیی گورگەسوورە (SLE)
نەخۆشیی ڕەقداگەڕانی پێست (Scleroderma)
سەبارەت بە هۆکاری زانستیی گۆڕانی ڕەنگەکان، د. ئومێد ڕوونی دەکاتەوە کە بەرکەوتنی سەرما دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی موولوولە وردەکانی خوێن لە سەری پەنجەکاندا؛ بەمەش خوێن بە باشی ناگاتە ئەو شوێنە و پەنجەکان سپی هەڵدەگەڕێن. دواتر بەهۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجینەوە شین دەبنەوە و، کاتێکیش سووڕی خوێن ئاسایی دەبێتەوە و خوێن دەگەڕێتەوە بۆ پەنجەکان، ڕەنگیان سوور هەڵدەگەڕێتەوە.

نیشانە و شێوازی چارەسەر
ئەم دیاردەیە تەنها گۆڕانی ڕەنگ نییە، بەڵکو زۆرجار نەخۆشەکە هەست بە سڕبوون، توندبوون و ئازار دەکات لە پەنجەکانیدا. کاتێکیش هۆکارەکە نەخۆشیی ڕۆماتیزم بێت، نیشانەی تریشی لەگەڵدا دەردەکەوێت. پزیشک لە ڕێگەی پشکنینی سەرینی واتە کلینیکی (سەریری) و پشکنینی تاقیگەییەوە دەگاتە دەستنیشانکردنی تەواوەتیی نەخۆشییەکە.

سەبارەت بە چارەسەرکردن، د. ئومێد محەمەد حسێن جەخت لەوە دەکاتەوە کە چارەسەر بەپێی توندیی حاڵەتەکە بە دوو قۆناغ دەبێت:
خۆپارێزی (بۆ حاڵەتە سووکەکان): ڕێنمایی نەخۆش دەکرێت لە وەرزە ساردەکاندا دەستکێش و گۆرەویی گەرم لەپێ بکات و خۆی لە بەرکەوتنی سەرما بپارێزێت.
چارەسەری دەرمان (بۆ حاڵەتە توندەکان): ئەگەر خۆپارێزی سوودی نەبوو یان نەخۆشییەکی ڕۆماتیزم لە پشت حاڵەتەکەوە بوو، پزیشک دەرمانی تایبەت بۆ نەخۆشەکە دەنووسێت.