رۆژنامەی ھەولێر

خەمۆكیی درێژخایەن و بەدخۆراكی قەبارەی مێشك بچووك دەکەنەوە

ماکوان عێزەت – هە‌ولێر

لە جیهانێكدا كە گوشاری دەروونی بەردەوام روو لە هەڵكشانە، زانست پەردە لەسەر مەترسییە نەبینراوەكانی خەمۆكی و لێكەوتەكانی لەسەر پێكهاتەی مێشك لادەدات.

ئەنجامی توێژینەوە نوێیەكان دەریدەخەن كە خراپیی باری دەروونی بە تەنیا لە ناخی مرۆڤدا قەتیس نامێنێت، بەڵكو كاریگەرییەکی قووڵی فیزیۆلۆژیک بەجێ دەهێڵێت و دەبێتە هۆی بچووكبوونەوەی قەبارەی مێشك و لاوازبوونی پەیوەندیی نێوان خانەكانی.
بەپێی توێژینەوەیەكی زانستیی نوێ، تێكچوونی باری دەروونی و خەمۆكیی درێژخایەن، دەبنە هۆی لەدەستدانی بەشێكی بەرچاو لە پەیوەندی و تۆڕە دەمارییەكانی نێوان خانەكانی مێشك. لەدەستدانی ئەم پەیوەندییانەش ڕاستەوخۆ كاریگەری دەكاتە سەر توانای مێشك لە وەرگرتن، پۆلێنكردن و شیكردنەوەی ئەو زانیارییانەی پێی دەگەن؛ هەر بۆیە ئەو كەسانەی بەردەوام لە دۆخی دڵەڕاوكێ و قەیرانی دەروونیدا دەژین، لە ئاست ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی دەوروبەریاندا كاردانەوەی دەماری و هۆشیارییان لاوازتر دەبێت.
لە لایەكی دیكەوە، توێژینەوەكە ئاماژە بە هۆكارێكی گرنگی جەستەیی دەكات و دەریخستووە كە كەمیی خۆراكی تەندروست كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بچووكبوونەوەی ناوچەی «هیپۆكامپ» و ئەو بەشانەی مێشك كە بەرپرسن لە بیركردنەوە، یادگە و كاردانەوەكان. هاوكات پشكنینەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە ڕێژەی ماددە سەرەكییەكانی مێشك—كە بەرپرسن لە ئاستی سەرنج، تەركیز و زیرەكی—لەو منداڵانەدا بە شێوەیەكی بەرچاو نزمە كە لە ڕووی خۆراكییەوە بێبەشن؛ ئەم دۆخەش لەو خێزانانەدا زیاتر زەق دەبێتەوە كە ژینگەیەكی نائارام و پڕ لە ناكۆكییان هەیە.
پەیوەست بەم بابەتە، پڕۆفیسۆر جوان لابی، پزیشكی دەروونناسیی منداڵان لە زانكۆی واشنتن جەختی كردەوە: «پاش ساڵانێكی زۆر لە توێژینەوە، گەیشتینە ئەو دەرەنجامەی كە بەدخۆراكی و كەمیی خۆراكی پێویست، نەك تەنیا ڕێگر دەبن لە گەشەی تەندروستی جەستەیی و هۆشیاریی منداڵ، بەڵكو قەبارەی مێشكیش لە ڕێژەی ئاسایی خۆی كەمتر دەكەنەوە و توانستەكانی لاواز دەكەن.»