چۆن ڕۆژوویەكی بێ ژانەسەر بەڕێدەكەیت؟

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

د. ئازاد حەسەن پزیشكی پسپۆڕی مێشك و دەمار، لە بارەی چۆنیەتی خۆبەدوورگرتنمان لە ژانە سەری ڕۆژوگرتن ڕوونی دەكاتەوە كە: پێویستە بزاندرێت بە شێوەیكی گشتی دوو جۆر ژانەسەر هەیە لەمانگی ڕەمەزان، جۆری یەكەم كەسەكە لە پێشوتریش ژانەسەری هەبووە وەك ( شەقیقە) یانیش جۆری دووەم كەسەكە پێشتر ژانە سەری نەبووە و لەگەڵ بەڕۆژوبوون توشی ئەم ژانەسەرە بووە، هەر بۆیە لە كاتی بەڕۆژووبون و مانگی ڕەمەزان بۆ ئەوەی دووربین لە ژانە سەر پێویستە كاتەكانی خەومان ڕێك بخەین، وە شێوازی خواردنیشمان لە نێوان بەربانگ تا پارشێو ڕێك بخەین، بۆ ئەوەی تووشی دابەزینی ڕێژەی شەكر و ووشكبوونەوە نەبین.

د. ئازاد حەسەن دەشڵێت: ئەوكەسانەی شەقیقەیان هەیە پێویستە بە ڕاوێژكردن لەگەڵ پزیشكەكەی خۆی دەرمانەكانی ڕێك بكات و بیخوات، ئەوانەی تەنها لە ڕەمەزان تووشی ژانەسەر دەبن، بە داخەوە لەم ساڵانەی دوایدا دیاردەیەك بوەتە باو بە تایبەت لە نێو گەنجان شەوانی ڕەمەزان ناخەون تاوەكوو دوای نوێژی بەیانی، و بە پێچەوانەوە بەی ڕۆژ دەخەون كە ئەمەش دەبێتە هۆی ووشكبوونەوە، هەروەها نەخواردنەوەی ئاو و شلەمەنی پێویست لە كاتی دوای بەربانگ تا پارشێو، وە بە پێچەوانەوە خواردنی چەوری و سوێری كە ئەمەش پێویستی لەش بۆ ئاو زیاد دەكات تووشی وشكبوونەوەیان دەكات و لەوانەیە ژانەسەرەكەیان زیاتر بێت. هەر بۆیە دەتوانین بڵێن بەشێكی زۆری ژانەسەرەكە پەیوەندی بە خوودی كەسەكە خۆی هەیە، ئەگەر بتوانێت بە شێوازێكی ڕێك و پێك كاتەكان ڕێك بخرێتەوە و ڕۆتینێكی گوونجاو هەبێت دەتوانین بەڕۆژووبین بە بێ ژانەسەر بەبێ بەكارهێنانی دەرمان.