رۆژنامەی ھەولێر

لە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندندا چۆن نەوەیەكی ژینگەدۆستە بۆ ئایندەی وڵات و نیشتمان ئامادە بكەین؟

ئاریان دەرگەڵەیی – هە‌ولێر

ئەمێستاکە لەسەر ئاستی جیهان زاراوەیەكی نوێ سەری هەڵداوە ئەویش، قوتابخانەی سەوزە یا دۆستی ژینگەیە، ئەم كارە لە بنەڕەتدا ئامانج لێی دروستكردنی نەوەیەكی ژینگەدۆستە بۆ ئایندەی وڵات و نیشتمان؛ ئەم بیرۆكەیە ئەگەر بۆ وڵاتانی پێشكەوتوو كارێكی ئارەزوومەندانە و بە حەزەوە بێت، ئەوا بۆ وڵاتی لەمەڕ خۆمان بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی و ئەركی سەرشانی تاك بە تاكی كۆمەڵگایە.

ئەگەر ئەوسا پێمان وابووبێت قوتابخانە تەنها شوێنێكە بۆ وەرگرتنی زانستی زارەكی، بەڵام ئێستا ئیدی دەبێ بگەینە ئەو باوەڕەی كە قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن تاقیگەیەكی زیندوون بۆ فێربوونی شێوازەكانی ژیانی بەردەوام.
ئەگەر ئێمە لەسەرەتای ساڵی نوێی خوێندن بەنیازی درووستكردنی ناوەندێكی پەروەردەیی بین لە ژینگەیەكی خاوێن و تەندروستدا دەبێ ئەم چەند هەنگاوە بگرینە بەر.
مەعرووف مەجید ، سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لەم بارەیەوە توێژینەوەیەكی تازەی ئامادە كردووە و كۆپیەكی بۆ هەولێر ناردووە، ئەو لەسەرەتادا ئاماژەی بەوە داوە كە یەكەم هەنگاوی دیار بۆ نیشاندانی بایەخدانی ژینگەیی ناوەندەكەت، تەرخانكردنی پارچە زەوییەكە لە گۆڕەپانی قوتابخانە بۆ باخچە و شوێنی ڕواندنی نەمام و گوڵ و سەوزایی تایبەت، ئەمە نەك هەر دیمەنێكی جوان پێشكەش دەكات، بەڵكو دەرفەت بە قوتابیان دەدات لە نزیكەوە لە جۆرەكانی ڕووەك و سەوزە و سەرچاوەكانی خۆراك تێبگەن، هاوكات دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی وانە و چالاكییە كردارییەكانی كشتوكاڵ، كە دەكرێ بەشێك لە وانەكانی ژینگە و زانست لەناو ئەو بەشەدا بخوێنرێن.

خۆراكی تەندروست و كەمكردنەوەی پاشماوە
ئەگەر ئێمە دەمانەوێ نەوەیەكی ژینگەدۆست درووست بكەین پێویستە ئەو نەوەیە خواردنی تەندروست و گونجاو بەكار بهێنن، باشترین كارێك كە كارگێڕی ناوەندەكانی خوێندن بیکەن، لەگەڵ فرۆشگاكان و كەسوكاری قوتابیان هەماهەنگ بن كە منداڵەكان كەمترین خواردنی پارازتە (لەقوتوونراو) و ئامادەكراو بەكار بهێنن، پشت بە خۆراكی تەندروست ببەستن بۆ نموونە لە فرۆشگاكاندا میوە دابنرێ بە هەموو جۆرەكانی، یا لایەنی كەم میوەی وشكەوەکراو بدرێ بە منداڵان، كەمترین خۆراكێك بەكار بهێنرێ كە لەناو كیس و نایلۆن و قوتوودا بن، هەم بۆ تەندروستی هەم بۆ نەبوونی پاشماوە دوای بەكارهێنانی خۆراكەكە، ئەمەش دەكرێ حكومەت بیر لەوە بكاتەوە فرۆشگاكان نەدات بە كرێ، خۆی چاودێری و سەرپەرشتیی بكات.
پاراستنی ژینگە و دووركەوتنەوە لە پلاستیك
پیسداگەڕانی ژینگە بە پلاستیك یەكێكە لە مەترسیدارترین هەڕەشەكانی ئێستاکە بۆ سەر سروشت بە پلەیەی یەكەم دێ لەسەر ئاستی جیهان، پێویستە قوتابخانەكان ببنە پێشەنگ لە بەكارنەهێنان یان كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كەرەستە پلاستیكییە سەفەرییەکان و هاندانی قوتابیان بۆ بەكارهێنانی شوشە و كەرەستەی دووبارە بەكارهاتوو.
تۆی كەسوكاری قوتابی دەزانی تەنها بۆ ئاوخواردنەوەی منداڵەكەت بە درێژایی ڕۆژەكانی ساڵی قوتابخانە، زیاد لە ٤٠هەزار دینار دەدەی بە كڕینی ئاوی خواردنەوە، باشترین كار كە بكرێ بەكارهێنانی بوتڵی ئاوی دۆستی ژینگەیە، كە بە درێژایی ساڵەكە بە پێنجهەزار دینار چارەسەر دەبێت، ئەو كات هەم كەمترین پارە هەم كەمترین پاشماوەمان دەبێت و، لایەنی تەندروستییش لەسەروو هەموویانەوەیە.

ئاڵوگۆڕكردنی جلوبەرگ و كتێب
بەرهەمهێنانی جلوبەرگ و چاپكردنی كتێب یەكێكن لەوانەی دەبنە هۆی تێچووی سەرچاوەی سامان و سروشتی زۆر، هاندانی قوتابیان بۆ ئاڵوگۆڕكردنی جلوبەرگی قوتابخانە و كتێبەكان لە كۆتایی هەموو ساڵێكدا بۆ ساڵی داهاتوو، ڕێگەیەكی كاریگەرە بۆ كەمكردنەوەی تێچووی ماددی خێزانەكان و ڕێگری لە فڕێدانی كەلوپەلی بەكارهاتوو.
بۆنموونە خوشك و برا كەسە نزیكەكان جلەكانی خۆیان ئاڵوگۆڕ پێ بكەن ئەمە بە مەرجێ حكومەت هەموو ساڵێ بیر لە گۆڕینی ڕەنگ و دیزاینی جلەكان نەكاتەوە.
پەرتووك و جانتا و چەندین كەلوپەلی تری قوتابخانە دەكرێ جارێكی تر بەكار بهێنرێنەوە و فڕێ نەدرێنە ناو سروشتەوە و پاشماوەی پێ زیاد نەكرێ.
مەعرووف مەجید لە بەشێكی توێژینەوەكەیدا دەڵێـت كە هاندانی بەكارنەهێنانی ئامڕازەكانی گواستنەوە. بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ گواستنەوەی قوتابیان دەبێتە هۆی پڕبوونی شەقامەكان و پیسداگەڕانی هەوا، بەداخەوە ئێستا بۆتە دیارە نزیكترین شوێن منداڵەكان بە پاس و ئۆتۆمبیلی تایبەت و ئۆتۆمبیلی كرێ هاتوچۆیان پێ دەكرێ، كە ئەمەش یەكێكی ترە لە گرفتەكانی پیسداگەڕانی ژینگە، لە كاتێكدا هەمووان دەزانین ئۆتۆمبیلی وڵاتی خۆمان زۆرینە بە سووتەمەنی كاردەكەن، ئەمەش ئەركی مامۆستایان و دایبابە كە هانی قوتابیان بدەن بە پێ یان بە پاسكیل بۆ هاتوچۆ بکەن، هەم تەندروستیی جەستەیی بەهێز دەكات و هەم ژینگە لە دووكەڵ و ژاوەژاو دەپارێزێت.

گرووپی خۆبەخش
پێویستە لەسەرەتی ساڵی خوێندنەوە قوتابیان هان بدرێ كە بەشداری گرووپەكانی ناو ناوەندەكانی خوێندن بكەن، ئەویش بە مەبەستی چالاكی جۆراوجۆر هەم ژینگەیی و هەم ڕۆشبیری گشتی.