بەرەو وەرزی بەهار دەڕۆین و گوڵی نێرگز دەردەکەوێتەوە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

دەرکەوتنی گوڵی نێرگز، یەكێكە لە نیشانەكانی هاتنی وەرزی بەهار، گوڵی نێرگز بۆنێکی خۆشی ھەیە، لەناوچە سارد و شاخاوییەکاندا دەڕوێت و گەورە دەبێت. جوانی و بۆنخۆشیی ئەم گوڵە، گەشتیار بەلای خۆیدا رادەکێشێت و بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیش سەرچاوەی دەستخستنی داهاتە. نێرگز، ڕوەکێکی گوڵدارە، گوڵەکەی بۆنێکی خۆشی ھەیە، لەناوچە سارد و شاخاوییەکاندا دەڕوێت و گەورە دەبێت.

جوانی و بۆنخۆشیی ئەم گوڵە بووە بە هۆی ئەوەوە کە لە نێوان عامەی خەڵک و تەنانەت لە وێژەی کوردی و فارسیشدا جێگەیەکی تایبەتی ببێت. گوڵی نێرگز یەكێكە لەو گوڵە جوان و بۆنخۆشانەی لە وەرزی بەهاردا دەردەكەوێت. گوڵە نێرگز یەكەمین گوڵە كە لە وەرزی بەهار بەرچاومان دەكەوێت و نیشانەیە بۆ كۆتایهاتنی وەرزی زستان, هەربەوهۆیەوە ئەم گوڵە بە ڕەمزی لەدایك بوونەوە و سەرەتایەكی نوێ دادەنرێت. هەروەها جێرۆکێکی ئەفسانەیی کۆنیش هەیە لەسەر ناوی نێرگز کە دەڵێت کوڕێک هەبووە ناوی narcissus بووە کەسێکی مەغروور وخۆ بەزلزان بوە زۆر موعجب بووە بەخۆی. خۆشەویستێکی هەبوە کە لەداخی ئەوەی narcissus گرنگی پێنەداوە خۆی کوشتووە، ئەویش لە خەفەتی ئەو لەسەر ئاوێک دادەنیشیت و بیرلەو کچەدەکاتەوە و دەکەوێتەوە ئاوەکەوە و دەمڕێت، گوڵی نێرگز لەوشوێنەوە دەڕوێت.
سوارە چۆمانی، یەکێکە لە شارەزایانی گوڵی نێرگز، ئەو بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: گوڵی نێرگز دەکرێت سوودی هەبێت بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە لە مرۆڤدا. کۆمەڵێك ئاوێتەی تفت کە لە پێكهاتەی گوڵی نێرگزدا هەیە دەکرێت یارمەتیدەربێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکاندا. ئەم ئاوێتە تفتانە پێكهاتوون لە کۆمەڵێك پێكهاتەی سروشتی، ئەم ماددەیەی لە پێكهاتەی نێرگزدا هەیە کاریگەری دژە شێرپەنجەی هەیە، و خەڵک دەتوانن ئەم تایبەتمەندییە دژ بە شێرپەنجە بەکاربهێنن و گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان بوەستێنن. هەر لە کۆنەوە نێرگز لە بواری پزیشکیدا بەکارهێنراوە و سوودی لێ بینراوە، بۆیە لە ئێستادا توێژینەوەی زیاتر لەبارەی پێكهاتەکەیەوە دەکەن بۆئەوەی بتوانن بە تەواوەتی کاریگەرییەکانی لەسەر جەستەی مرۆڤ دیاری بکەن و لەسەر کۆتا ئەنجامەکان دەرمانی نوێ بۆ چارەسەری شێرپەنجە دروستبکەن.
لەلایەکی ترەوە شارەزایەکی گوڵی نێرگز، باس لە چەند مانایەكی گوڵی نێرگز دەکات و دەڵێ: لە بەریتانیا ئەم گوڵە بە (لێنت لیلی) ناساوە، چونكە كاتی پەیدابوونی لە نێوان ڕۆژی ئاینی مەسیحیەكان و جەژنی هێلكەیە. گوڵی نێرگز هێمای لێخۆشبوون و داهێنان و ئیلهام و ڕەنگدانەوەی جوانی ناخ و دڵنیایی و دڵخۆشیە، ئەگەر چەپكێك نێرگز بدەیت بە كەسێك مانای وایە ئەو كەسە تاقانە و خۆشەویستی تۆیە، هەندێك كەس پێیان وایە ناوی نێرگز لە وشەی گریكی ” ناركاو” هاتووە واتا سڕ بوون ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماددەیەی بە گوڵەكەوەیە وەكو ژەهر وایە بۆ گیانداران و بێهۆشیان دەكات، بە پێچەوانەوە زیانی مرۆڤ نییە، هێمایی گوڵی نێرگز بە پێی كولتوورە جیاوازەكان، بەشێك لە كولتوورە جیاوازەكان پێیان وایە گوڵی نێرگز نیشانەی هاتنی سەروەت و سامان و دڵخۆشی و هیوایە، بە پێی بیر و ڕای خەڵكی وڵاتی وەیڵ و چین، هەركەسێك یەكەم نێرگزی بەهار ببینێت ئەوا سەروەت و سامان و خۆشگوزەرانی دێتە ١٢ مانگەی تەمەنی. لە ڕووی سایكۆلۆژیەوە ناوی نێرگسی بەو كەسانە دەگوترێت كە هەمیشە بەدوای گرنگی پێدانی ئەوانی دیكەوەیە و خۆی بە باشتر لە هەمووكەس دەبینێت.
دەشڵێت: چەند جۆرێك گوڵی نێرگز هەیە وەکو، پێت وابێت تەنیا یەک جۆر نێرگز هەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە زیاد لە ١٣ هەزار جۆر نێرگز هەیە كە سەر بە ٥٠ خێزانی جیاوازن. چۆن گرنگی بە چەپكە گوڵە نێرگزێك دەدەیت لە ماڵەوە وەکو، پێش هەموو شت ئاژەڵە ماڵیەكەت دووربخەرەوە، چونكە نێرگز ژەهراوییە بۆ ئاژەڵ. گوڵەكە لە جێگەیەك دابنێ‌ دوور لە هەواڵی گەرم و تیشكی ڕاستەوخۆی خۆر. ڕۆژانە بە ئاوی سارد ئاوی بدە و ئەم گوڵە گرنگی پێبدرێت نزیكەی ٥ بۆ ٦ ڕۆژ بە جوانی و تەڕی دەمێنێتەوە.
ئەو شارەزایە باس لە سوودەکانی گوڵی نێرگز دەکات و دەڵێ: لە سوودەکانی گوڵی نێرگز وەکو، بۆنكردنی ئەم گوڵە چارەسەرە بۆ خەمۆكی و سەرئێشە. بۆ هێورکردنەوە و بەهێزکردنی مێشک بەسوودە. دژی گرژبوون و رەقبوونی ماسوولکەکانە. گەرمی لەش دادەبەزێنێت. بۆ ڕازاندنەوەی باخ و بۆنخۆش كردنی شوێنەكان بەكاردەهێنرێت. كوڵاندنی سەلك (بنک)ی نێرگز و پاڵاوتنی ئەو پێكهاتەیە و ساردكردنەوە و خواردنەوەی، چارەسەرە بۆ برینی گەدە. خواردنەوەی ئەو پێکهاتە، ئازاری ناوسك کەم دەکاتەوە و كرمی ناو ریخۆڵەكان دەكاتە دەرەوە. بۆنكردنی ئەم گوڵە توانای سێکس لای پیاوان زیاد دەكات.

ھەواڵی زیاتر