لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی؛ چۆنی لێ تێبگه‌ین؟

دانا له‌تیف

لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه‌ له‌و دۆخه‌ی كه‌ تاك له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ڕه‌فتار ده‌كات. ئه‌م پرسه‌ له‌و بابه‌تانه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵناسیدا بایه‌خی زۆری پێ ده‌درێت، هه‌روه‌ها، نه‌ك ته‌نیا وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ره‌فتاریی و كه‌سایه‌تیی له‌ پێشچاوی ده‌گرن، به‌ڵكو وه‌ك تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ندێ له‌ دۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان یا ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سیسته‌مه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌ماشای ده‌كه‌ن. ئه‌و كه‌سانه‌ی باس له‌ لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ دوو به‌ره‌ و گرووپ دابه‌ش ده‌بن:

به‌ره‌ی یه‌كه‌م: ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ لادان به‌ دیارده‌یه‌كی واقعی ده‌زانن و پێیانوایه‌ هه‌موو ڕه‌فتارێك شایه‌نی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌ و ده‌كرێ گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت.
به‌ره‌ی دووه‌م: ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ پێیانوایه‌ لادان واقعی نییه‌ و هه‌ندێ كه‌س به‌ هه‌ڵه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێن. له‌ لایه‌كی دیكه‌، ئه‌نجامدانی هه‌ندێ ڕه‌فتار كه‌ له‌ لای گرووپه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ په‌سه‌ند نییه‌ ناكرێ به‌ لادانی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین. به‌م چه‌شنه‌، له‌ دیدی ئه‌م گرووپانه‌ ئه‌مه‌ ستیگمایه‌ كه‌ وا ده‌كات لادان ئه‌نجام بدرێت، نه‌ك خودی ڕه‌فتار.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، له‌ دیدی كۆمه‌ڵناسان لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرێ به‌ ناته‌بایی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ پێوه‌ری دیاریكراوی كۆمه‌ڵگه‌ پێناسه‌ بكردرێت كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری تاكه‌كان كۆمه‌ڵگه‌ په‌سه‌ندیان كردووه‌ و په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن. هه‌ندێ له‌ پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پانتاییه‌كی به‌رفراوانی هه‌یه‌ و له‌ ئاسته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ په‌یڕه‌وی لێ ده‌كرێ و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕه‌فتار و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیی تاكه‌كان هه‌یه‌. لای ئێمه‌ی كۆمه‌ڵناس، لادان پێچه‌وانه‌ی ته‌بایی و یه‌كانگیرییه‌، هه‌ر كاتێك لادان هه‌بوو، كه‌واته‌ یه‌كانگیریی و ته‌بایی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌. ئه‌مه‌ش بنه‌مای تێگه‌یشتن و قسه‌كردن له‌سه‌ر لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. هه‌بوونی ڕه‌فتاری لادانكارییانه‌ پێشینه‌یه‌كی دوورودرێژی هه‌یه‌ و هاوشانه‌ به‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی، هه‌ر بۆیه‌ قسه‌كردنیش له‌سه‌ریشی مێژووییه‌كی دوورودرێژی هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت پێش سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵناسیش وه‌ك بوارێكی ئه‌كادیمی هێشتا هه‌ر جێی سه‌ره‌نج بووه‌ و قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌.
وێڕای ئه‌وه‌ش، ئه‌و هۆكارانه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر چییه‌تی لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌نێن له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ جیاوازه‌، چونكه‌ چییه‌تی لادان چییه‌تیه‌كی ئاڵۆز و پڕكێشه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی جیاوازییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئاڵۆزبوونی كۆمه‌ڵگه‌ مرۆییه‌كان، چونكه‌ لادان وه‌ك وتمان رێك پێچه‌وانه‌ی پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌، پێوه‌ره‌كان بنه‌مای كرده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن نه‌ك خستنه‌ڕووی شێوه‌ی ئه‌نجامدانه‌ ته‌ندروست و گونجاوه‌كه‌یان، بۆیه‌ لادان شتێكی به‌رده‌وام و ته‌واو نییه‌، هه‌ندێ له‌ لادانه‌كان له‌ پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌نیا له‌ شوێنكاتێكی دیاریكراودا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، بۆ نموونه‌ ده‌ستبۆبردن و قونجڕكردن یه‌كێكه‌ له‌ لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو له‌ كوردستان ببووه‌ دیارده‌، به‌ڵام ئێستا شێوازه‌كه‌ی گۆڕدراوه‌ له‌ سۆشیالمیدیا ئه‌م گێچه‌ڵپێكردنه‌ بوونی هه‌یه‌. وێڕای ئه‌وه‌ش، هه‌نووكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ مرۆییه‌كان ته‌نیا له‌ پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و به‌ها و كولتووره‌كان پێكنایه‌ت، به‌ڵكو دامه‌زاروه‌ یاساییه‌كانیش پێگه‌یه‌كی به‌هێزیان هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ندێ جار دامه‌زاروه‌ یاساییه‌كان جێ به‌ پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ پرسی لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ق ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌مه‌ش زیاتر بڕۆین، ئایا لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چ كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنییان له‌سه‌ر لایه‌نی ده‌روونیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی تاكه‌كان هه‌یه‌؟ ده‌توانین بڵێین كه‌ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی به‌رفراوانه‌، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی شكست و له‌ناوچوونی پێوه‌ره‌ گرنگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ ئاستێكی به‌ربڵاو و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌خاته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌وه‌ و رۆڵێكی به‌رچاویشی هه‌یه‌ له‌ هێنانه‌كایه‌وه‌ی ركابه‌ریی و ململانێیه‌كی سه‌خت و دژوار. وێڕای ئه‌وه‌ش، هه‌ندی جار لادانه‌كان بێ سزا لێی ده‌رده‌چن، جا سزاكه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی بێت یان یاسایی، ئه‌مه‌ش ئاسته‌كانی ته‌بایی و یه‌كانگیریی نێوان تاكه‌كان لاواز ده‌كات.
پرسی لادانی كۆمه‌ڵایه‌تیی یه‌كه‌مینجار له‌ لایه‌ن ئه‌میل دۆركایمه‌وه‌ خرایه‌ڕوو، لای دۆركایم لادان پێچه‌وانه‌ ئه‌و دیدانه‌یه‌ كه‌ بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه‌، واته‌ لادان چییه‌تی ره‌فتار نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌ تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنی ئێمه‌ بۆ ره‌فتاری ئه‌وانیتر. له‌ دوای دۆركایمه‌وه‌ چه‌ندان تێگه‌یشتن و تیۆری هه‌مه‌چه‌شن له‌م باره‌یه‌وه‌ خرایه‌ ڕوو، چونكه‌ كۆمه‌ڵناسه‌كان هه‌نووكه‌ ته‌نیا شیكردنه‌وه‌ی تاوان و كرده‌ تاوانییه‌كان خۆیان قه‌تیش ناكه‌ن، به‌ڵكو خه‌ریكی شیكردنه‌وه‌ بایه‌لۆژییه‌كانیش ده‌بن و هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه‌كانیش له‌م میانه‌یه‌دا به‌ كاریگه‌ر داده‌نێن، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م گرنگترین ئاراسته‌ تیۆرییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ لادانی كۆمه‌ڵایه‌تیش بخه‌مه‌ڕوو، ئه‌وانیش بریتیین له‌ ئاراسته‌ی بایه‌لۆژی و ئاراسته‌یده‌روونناسی له‌ رووی كه‌سایه‌تیی و ره‌فتاریی و ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵناسییانه‌.
یه‌كه‌م: لایه‌نگیرانی ئاراسته‌ی بایه‌لۆژی پێیانوایه‌ كه‌ هۆكاره‌ بایه‌لۆژییه‌كانی وه‌ك كه‌م ئه‌ندامیی و كامڵنه‌بوونی ئه‌ندامه‌كانی لاشه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌نجامدانی لادانی كۆمه‌ڵایه‌تیی، گرنگترین كۆمه‌ڵناس و مرۆڤناس كه‌ پشتگیریی له‌م بۆچوونه‌ ده‌كات بریتییه‌ له‌ سیزار لۆمبرۆزۆ. ئه‌و پێیوایه‌ زۆربه‌ی تاوان و لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌هۆی هه‌بوونی كێشه‌یه‌ له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤ، چونكه‌ تا ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ ناته‌واو و كێشه‌دار بن، مرۆڤ زیاتر به‌ره‌و كرده‌ لادانیی و تاوانییه‌كان ئاراسته‌ ده‌كات.
ئاراسته‌ی دوه‌م: بریتییه‌ له‌ ئاراسته‌ سایكۆلۆژییه‌كان، لایه‌نگیرانی ئه‌م ره‌وته‌ پیێیان وایه‌ كه‌ چ وا له‌ تاك ده‌كات كه‌ لادان له‌ پێوه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكات؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ زۆربه‌یان پێیان وایه‌ كه‌ پرسی كه‌سایه‌تیی تاك یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین هۆكاره‌كان، چونكه‌ تاكی لاواز له‌ رووی كه‌سێتییه‌وه‌، توانای خۆكۆنترۆڵكردن و په‌یڕه‌وكردنی كۆنترۆڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نییه‌ و له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا بێت ویستی لادانی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ رووی ره‌فتارییه‌وه‌ شیكردنه‌وه‌كان بۆ كه‌سایه‌تیی و كرده‌ و ره‌فتاره‌كانی كرد.
سێیه‌م: ئه‌م ره‌وته‌ به‌ ره‌وتی تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵناسیانه‌ بۆ ره‌فتار تاكه‌كان. له‌م ره‌وته‌دا به‌ پێچه‌وانه‌ دوو ره‌وته‌كه‌ی دیكه‌، جه‌ختی زیاتر له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كان ده‌كرێ و له‌ رووی گرووپییه‌وه‌ قسه‌ له‌باره‌ی ره‌فتاری تاكه‌كان ده‌كرێت، به‌ مانایه‌كی دیكه‌، ره‌فتاری تاكه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ره‌فتاری گرووپه‌كان شی ده‌كرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش به‌ پێداگری له‌سه‌ر بونیاده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ كه‌سی لاده‌ر ده‌بێت. لای ئه‌نتۆنی گیدنزی به‌ریتانی هه‌موو شیكردنه‌وه‌ و راڤه‌یه‌كی ره‌فتاریی بۆ كه‌سانی لاده‌ر و تاوانبار، پێویسته‌ ره‌چاوی تایبه‌تمه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵناسییه‌كان بكرێت و به‌ دامه‌زاروه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌ست بكرێ، چونكه‌ لایه‌نگیرانی ئه‌م ره‌وته‌ جه‌خت له‌سه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئاخۆ لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بینرێت یان ته‌نیا له‌ پانتاییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریكراوه‌؟ ئایا تاكی لاده‌ر كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌؟ ئاخۆ میكانیزمه‌كانی كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ ره‌فتاركردنی تاكه‌كان له‌و پانتاییه‌ی لادانه‌كه‌ی لێ ڕووی داوه‌، له‌ چ ئاستێكه‌؟ له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی و ده‌روونیی و كولتوورییه‌ی كه‌ له‌ پشت كرده‌ی لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌یه‌، ئه‌میل دۆركایه‌م و مێرتۆن له‌ تیۆره‌كه‌ی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ ناڕێكی و ئه‌نۆمی به‌روونی پاشخانی كۆمه‌ڵایه‌تی كرده‌ی لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی و تاوان و كرده‌ی تاوانکارییان شی كردووەته‌وه‌