سلێمان تاشان – هەولێر
حکوومەتی فیدراڵی و بانکی ناوەندیی عێراق بەڵینیان دابوو بەمزووانە بەهای هەر سەد دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی ئازاد بگەیەننە سەد و پەنجا و پێنج هەزار دینار و تەنیا چەند هەزار دینارێک لەگەڵ بەهای فەرمیی دۆلار جیاوازی هەبێت بەڵام نەیتوانیوە ئەم بەڵێنەی جێبەجێ بکات و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دینار لە نزمترین ئاستی مێژووییدا مامەڵە دەکرێت.
بەهای هەر سەد دۆلار زیاتر لە هەفتەیەک لە سەرووی سەد و شەست و هەشت هەزار دینار مامەڵە دەکرا و دوو رۆژیشە گەیشتووەتە سەرووی سەد و حەفتا هەزار دینار و دوێنێ تەنانەت نزیک کەوتەوە لە سەد و حەفتا و سێ هەزار دینار و ئەوەش بەو واتایەیە کە نرخی فەرمی و نرخی بازرگانی لە هەر سەد دۆلار زیاتر لە بیست هەزار دینارجیاوازییان هەیە.
ئەمساڵ بانکی ناوەندیی عێراق لەسەر پیشنیازی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و بە ئامانجی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بۆ جاری دووەم لە ماوەی پێنج ساڵدا دەستکاری بەهای دراوی فەرمی کرد و بەهای هەر دۆلارێکی لە هەزار و سێسەد دینارەوە گەیاندە هەزار و پێنجسەد دینار بە واتایەکی دیکە بەهای سەد دۆلاری لە سەد و سی هەزاردینارەوە گەیاندە سەد و پەنجا هەزار دینار.
بەر لەم بڕیارە هەر سەد دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نێوان سەد و چل و پێنج هەزار تا سەد و پەنجا هەزار دینار مامەڵە دەکرا بەڵام دوای ئەو بڕیارە بەهاکەی تەنانەت سەد و هەشتا و پێنج هەزار دیناریشی تێپەڕاند و بۆ ماوەیەکی کورت بە سەد و نەوەد هەزار دیناریش فرۆشرا بەڵام دواتر گەڕایەوە ئاستەکانی خوار سەد و حەفتا هەزار دینار.
حکوومەتی فیدراڵی و بانکی ناوەندیی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهای دینار و بازاڕەکان دەستبەکار بوون و کۆمەڵیک ڕێکاری نوێی دارایی گرتە بەر، دۆلاری زیاتری خستە بازاڕەکان بۆ ئەوەی پێویستییەکانی بازاڕ بە دۆلار دابین بکات. یەکێک لەو ڕێکارانە ئەوە بوو پێدانی دۆلار بە گەشتیارانی لە دوو هەزار دۆلار بۆ سێ هەزار دۆلار بەرز کردەوە و بەڵینی پێدان ساڵانە چوار جار بۆیان هەیە ئەم دۆلارە بە نرخی فەرمی وەربگرن.
لە لایەکی دیکەوە پێدانی دۆلار بە بازرگانانی زیاد کرد و ڕایگەیاند لە ئەمریکاوە چەند گوژمەیەکی پێنجسەد ملیۆن دۆلارییان پێگەیشتووە و بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بەڵێنی پێداون نێوە نێوە ئەو دۆلارەی عێراق لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت بۆ عێراقی ڕەوانە بکات.
لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێکارانە هەر خۆی عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند ئامانجیان ئەوەیە بەهای هەر سەد دۆلار لە خوارووی سەد و پەنجا و پێنج هەزار دینار جێگیر بکەن بەڵام ئەمە ڕووینەداوە و بەهای دۆلار زۆر بەرزە و ئەمەش کاریگەریی نەرێنی خستووەتە سەر کۆی بازاڕەکان و نرخی شتومەکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرز کردووەتەوە.
چەند هۆکاری سەرەکی هەن کە وایانکردووە بەهای دینار نزم بێت یەکەمیان ئەوەیە هێشتا گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە لە دامەزراوەکانی عێراقدا دەکرێت و ئەو دۆلارەی حکوومەت دەیداتە بازرگانان، ڕاستەوخۆ بە مەبەستی هاوردەکردنی کاڵا بەکار ناهێنرێت لە کاتێکدا حکوومەت خۆی بانگەشەی ئەوە دەکات سیستمی ئەسیکۆدا ئەم پرسەی چارەسەر کردووە.
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە ئەو دۆلارەی دەخرێتە بازاڕەکانی عیراق لەچاو قەبارەی داخوازی زۆر کەمترە و بۆیەش حکوومەت نەیتوانیوە وەک پێویست پارێزگاری لە بەهای دینار بکات.
هۆکارێ سێیەم ئەوەیە سیستەمی ئەسیکۆدا تەنیا بۆ بەشێک لە بازرگانانە و هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان بە تایبەتی بازرگانانی هەریمی کوردستان دۆلاری فەرمییان پێنادرێت و بۆیەش بۆ دابینکردنی دۆلار بە مەبەستی هاوردەی کاڵا لە دەرەوەی وڵات، ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن و بە نرخێکی بەرزتر دۆلار دەکڕن.
جێگیربوونی بەهای دینار بەم نرخەی ئێستای کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر ژیان و بژێویی خەڵک دەهێنێتە کایەوە و ئەگەر حکوومەتی عێراق نەتوانێت بەهای دینار بەرز بکاتەوە و لە بەهای فەرمی نزیکی بکاتەوە ئەوا چاوەڕوانی هەڵاوسان و گرانی لە هەموو عێراق دەکرێت و هەر لە چەند هەفتەی ڕابردوو بەشێک لەو کاریگەری و دەرهاویشتانە بە ڕوونی بەدیار کەوتوون.

