مەزهەر كەریم – سلێمانی
لیژنەكانی قایمقمامیەت لەسلێمانی تێبینی شتێكیان كردوە، كە زیانێكی گەورە لە بازاڕ دەدات بەوەی متمانە بە كەلوپەلە كارەباییەكان ناهێڵێ و ساڵانە سەدان هەزار دۆلار بە فیڕۆ دەدات. ئەویش ساختەكردنی ئامێرە كارەباییەكانە لەڕێی لەزگە و لۆگۆوە.
بۆ نموونە ئامێرێكی تەلەفزیۆن هەیە لێی نووسراوە شاشە 65، بەڵام لەڕاستیدا شاشە 58 و بەلەزگەیەكی ساختە كە لەكوردستان لێی دەدرێتو ئاستەكەی بەرز دەكەنەوە، یان جلشۆر هەیە لێی نوسراوە 12 كیلۆیی، بەڵام وەزنی 5 تا 8 كیلۆییە.
گۆران محەمەد، بریكاری كەلوپەلی كارەبایی جۆرنجۆیە لەشاری سلێمانی، دەڵێت كەلوپەلی كۆمپانیاكەی ئەوانیش ساختەكراوەو لەبازاڕدا دەفرۆشرێت بێ ئەوەی كۆمپانیا سەرەكيیەكە ئاگادار بێت.
گۆران بۆ “هەولێر” گوتی:” زۆرینەی ئامێرەكارەكانمان دروستكراونەتەوە و هەمووشیان حەفتا دۆلار كەمتر لەنرخە ڕاستەقینەكەی دەفرۆشرێن، بەكڕیارەكانم دەڵێم ساختەیە، بەڵام بەجۆرێك ساختەكراوەتەوە كڕیار باوەڕناكات”.
گۆران ئاماژە بەوە دەكات ژمارەیەك فرۆشیار هەن لەسلێمانی كۆگاكانیان پڕە لە كەلوپەلی كارەبایی بێ ناونیشان و لۆگۆ، ناوی هیچ كارگەیەكی پێوە نییە، هەروەها چەند شوێنێكیش هەن كاری لەزگە دەكەن بۆ كەلوپەلە كارەبایەكان “خۆم چەند جارێك داوام لە لیژنەكانی قایمقامیەت كردووە تا لێكۆڵێنەوە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكات كە ژمارەیان لەچەند بازرگانێك تێپەرناكات، كەچی وەك پێویست هیچ نەكراوە” گۆران وایگوت.
لەگەڵ زیادبوونی ئامێرە ساختەكان بازاڕی وەستانی چاككردنەوەش باشبووە ئەنوەر ئەحمەد ماوەی بیست ساڵە وەرشەی چاككردنەوەی كەلوپەلی كارەبایی ناوماڵی هەیە كه زیادبوونی ئامێرە ساختەكان گەیاندوه ته ئەو بڕوایەی كە بڵێت “لە 95% ئەو كەلوپەله كارەباییانەی بۆ چاككردنەوە دەهێنرێتە لام ساختەن”
ئەو گوتی:”جلشۆرمان بۆ دێت كەلە كار كەوتووە هەمووی بیست كاتژمێر كاری كردووە بەهەمان شێوە تەلەفزیۆنو گسكی كارەباییو سپلێتیش هەن هەروان.
ئەم بازاڕە گەرمەی ئەنوەر لە كاتێكدایە ساڵانی پێشتر بەجۆرێك ئیشەكەی دابویە كزیی ویستویەتی وەرشەكەی دابخات.
چاودێری بازاڕ لەئەستۆی لیژنەكانی قایمقامیەتدایە، گۆران قادر لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت ی سلێمانیە هەبوونی لەزگەو لۆگۆی ساختە پشتڕاست دەكاتەوە، ئەوەش دوایی “دووجار بەدواداچونیان بۆ كەلوپەلی كارەبایی ناوماڵ كردووە بۆمان دەركەوتوە كە ڕاستەو هەیە”.
گۆران گوتی:”كێشەمان لەگەڵ نووسینی سەرپاكەتی كەلوپەلێكی دیاریكراودا هەبووە بۆ نموونە ئامێری تەلەفزیۆنی شاشە 58ی هێناوە بە نرخی شاشە 65 دەیفرۆشێتەوە یان سپلێتی تەنو چارەك فرۆشراوە بەناوی تەنو نیوییەوە. بەڵام ئێمە كۆتاییمان نەبوە هێنا”.
بەبڕوای گۆران چارەسەری ئەم كێشەیە بە قسە نابێ ئەو دەڵێت ئەو كەسانەی كە گومانیان لێدەكرێ و ئامێری ساختە بفرۆشن با لیژنەكانیان ئاگادار بكەنەوە .
ئەندامی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاشكرایكرد، خەڵك هەبووە بە دە دەفتەر دۆلاری داونەتێ تا لەسەر ئەو ساختە كردنە نەدرێتە دادگا، دوای ئەوە داویانەتە دادگا كەچی دواتر بە كەفالەتی سەدو پەنجا هەزار ئازاد كراوە.
سامان عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم لە لێدوانێكیدا بیئاگایی خۆی نیشاندا لە هێنانی كەلوپەلی كارەبایی بێناونیشان، ئەو ئاماژەی بەوەدا هەموو كەلوپەلە كارەبایەكان لەڕێی كۆمپانیاو وەكیلی تایبەتەوە دەهێنرێتە ناو كوردستانەوە.
بەرێوەبەری گشتی گومركی هەرێم گوتی:” وەكیلی كۆمپانیاكان خۆیان لەسەر خاڵە سنوورییەكان كەلوپەلەكان وەردەگرن ئەوان رازی نابن بە هێنانی ئامێری خراپو ساختەكراو”.
بەبڕوای شارەزایانی ئابووری زۆری و خراپی كەلوپەل و ئامێرە كارەبایەكان خراپی جۆریان زیانێكی زۆری ئابووری بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت، دەبێتە هۆی بە فیرۆچوون و بەهەدەردانی داهات.
د. كامەران ئەحمەد مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سلێمانی بۆ “هەولێر” گوتی:”هەموو كەسێكی ئەم هەرێمە كاتێك مامەڵە دەكات كەلو پەلێك دەكرێت دەزانێت كەلوپەلەكان زۆر باش نین و دەرەجە یەك نین و تەقلید كراون كە تەقلیدیش ساختەیە”.
گوتیشی” ئەو كەلەپەلەی باش نین و ساختەن زیانی ئابووریان دەبێت لەسەر ئاستی داهاتی تاك و پاشان خێزان تا دەگات بە كۆمەڵگە كە ساڵانە بەهۆی ئامێر و كەلوپەلی خراپەوە سەدان ملیۆن دینار خەڵكی تووشی بە فیڕۆدانی داهاتی ڕۆژانەی دەبێت هۆكارێكە بۆ بەهەدەرانی داهات.