تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان

تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 16ـی07ـی 2022 هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و ڕایگەیاند، ئامارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەی (مۆلیکلیر) لە سلێمانی ڕوویان لەهەڵکشانە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: ماوەی چەند هەفتەیەکە  ئامارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەی (مۆلیکلیر) لە پارێزگای سلێمانی ڕوویان لە هەڵکشان کردووە بۆ ئەو مەبەستە داوا لەهاووڵاتییان دەکەین پابەندی ڕێنمایی خۆپارێزییەکان بن.

ڕاشیگەیاند: ئەوەش بە جێبەجێکردنی هەنگاو و ڕێنماییەکانی خۆپاراستن کە لە گرنگترین ئەو ڕێگەیانەش ئەمانەن:-

1- بەکارهێنانی ڤاکسین.

2- بەستنی ماسک و لە دەستکردنی دەستکێش.

3- دەستشۆردنی بەردەوام لە کاتی بەرکەوتنی دەستت بە کەرەستە و ئامێرەکانی چواردەور.

4- پاککردنەوەی دەستەکانت بە جێڵی پاککەرەوە (تعقیم) .

5- دوورکەوتنەوە لە قەڕەباڵخی.

6- ڕەچاوکردنی دووری نێوانتان لە کاتی ئاخاوتن و گفتووگۆ لانی کەم (2) مەتر بێت.

7- سەردانی نەکردنی ئەو شوێنانەی جێگەی گومانن لە وەرگرتن و گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە لە بوونی هەر حاڵەتێکی دەرکەوتنی نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی تەندروستی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبوانی کۆرۆنا بکەن کە پزیشکی پسپۆڕیی تێدایە

ھەواڵی زیاتر