رۆژنامەی ھەولێر

کامە کتێبی نووسەران هاوکارە بۆ ڕاهاتن لەگەڵ پیری؟

وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

 

خاتوو (ئینا – Inna)ی تەمەن ٣٨ ساڵ، لە (بەرلین – Berlin) پرسیارێکی ئاراستەی ڕۆژنامەی (گاردیەن) کردووە، و دەڵێت: «بە پێچەوانەی جەحێڵی، کتێبی کەم بۆ قۆناغی پیری نووسراوە. من بە دوای چیرۆکەیلێکدا دەگەڕێم یارمەتیم بدەن ڕامێنم لە دۆخی جەستەیی و دەروونیی خۆم و هۆشیارم بکەنەوە.»

(گاردیەن)یش پرسیارەکەی ئاراستەی (دێبۆرا مۆگاچ – Deborah Moggach)ی نووسەر و ڕۆماننووس و سیناریۆنووسی بەریتانی کردووە کە ستایلێکی کۆمیدی – دراماتیکی هەیە و لێزانە لە پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان و لە نووسینی سیناریۆی فیلمە بەناوبانگەکانی وەک (غروور و دەمارگرژی – Pride & Prejudice) ڕۆڵی هەبووە.
(دێبۆرا مۆگاچ) بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەکەی (ئینا) دەداتەوە:

پرسیارەکەتان وایی لێکردم بیر لەوە بکەمەوە ڕۆمانەکان بە چ نێوەرۆکەوە دەتوانن بەدواداچوون بۆ پیربوون بکەن، هەر وەک ئەوەی باسی یادەوەری و ڕابردوو دەکەن، دونیایەکی دەروونی کە هاوتەریب لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی کەسێک، چڕتر و چڕتر دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەش پیر بێت.

بەشێک لە ڕۆماننووسان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان، ئەم بابەتەیان تاوتوێ کردووە. (فیلیپ ڕۆس – Philip Roth) و (جۆن ئەپدایک John Updike) دوو ناون کە هەر ئێستا بە مێشکمدا هاتن. فیلیپ ڕۆس، یەکێک بوو لە دیارترین و گەورەترین ڕۆماننووسانی ئەمریکا کە براوەی خەڵاتی پولیتزەر و چەندین خەڵاتی ئەدەبیی دیکە بوو. لە بەرهەمەکانیدا بە قووڵی، بە تەنز و ڕەخنە و دەروونناسانە باسی ناسنامە، ئارەزوو، نەخۆشی و پیربوونی کردووە. (جۆن ئەپدایک)یش ڕۆماننووس، شاعیر و ڕەخنەگرێکی ئەدەبیی بەنێوبانگ بوو کە دوو جار خەڵاتی پولیتزەری بۆ ڕۆمانەکانی بردووەتەوە. بەوە ناسراوە زۆر ورد وێنای ژیانی ڕۆژانەی چینی مامناوەندی ئەمریکا و گۆڕانکارییەکانی تەمەن و کۆمەڵگەی کردووە.
لێرەدا دەمەوێت زنجیرەی ڕۆمانی (کەروێشک – Rabbit)ی جۆن ئەپدایکت بۆ پێشنیار بکەم کە لە چوار ڕۆمان و نۆڤڵێتێک پێکدێت. ئەم زنجیرەیە دەمانباتە نێو ژیانی پیاوێکی ٦٥ ساڵ و چوار دەیەی ژیانی کەسایەتیی (هاری ئانگسترۆم) دەگێڕێتەوە، هەرچەندە ئەگەر بزانین پاڵەوانی چیرۆکەکە بەردەوام باسی پیربوون و قسەی بێمانا دەکات، ڕەنگە تووشی شۆک ببین. ئەم زنجیرەیە وەک تابلۆیەکی مێژوویی و دەروونی بۆ ئەمریکای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم وایە.
کتێبێکی تر کە دەمەوێت بۆتانی پێشنیاری بکەم، ڕۆمانە خۆشەویستەکەی هەموو ژیانمە کە ئەویش (حیکایەتی هاوسەرانی پیر – The Old Wives’ Tale) لە نووسینی (ئاڕنۆڵد بێنێت – Arnold Bennett)ی نووسەر و ڕۆماننووسی بەریتانییە کە ڕۆمانەکانی کۆمەڵایەتین و لەبارەی ژیان لە ناوچەی (پۆتەریز – کەنداو و کارگەکانی گۆزەگەری)یە و زۆرجار کارەکانی چاودێرییەکی وردی تێپەڕینی کات و گۆڕانی مرۆڤەکان دەکەن.
ڕۆمانی (حیکایەتی هاوسەرانی پیر) باسی تێپەڕینی ساڵانی تەمەنی مرۆڤ دەکات: منداڵیی دوو خوشک (سۆفیا و کۆنستانس – Sophia and Constance) تا تەمەنی پیری. لە ڕۆمانەکەدا گەشتەکە لە کارگەکانی گۆزەگەری دەست پێ دەکاتەوە و هەر لەوێش کۆتایی دێت و نووسەر نیشانی دەدات چۆن تێپەڕینی کات ژیانە ئاسایی و پڕ لە چاوەڕوانییەکان دەگۆڕێت.
دواتر دەگەینە سەر ڕۆمانی (لە شوێنی خۆمانەوە – Staying On)ی (پاوڵ سکۆت – Paul Scott)ی بەریتانی کە وەک پاشکۆ یان درێژەی ڕۆمانی (چوارینەی ڕاج -The Raj Quartet) تەماشا دەکرێت. ئەم ڕۆمانە دەربارەی ژن و مێردێکی بەتەمەنە کە ماوەیەکی زۆر دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەریتانیا بەسەر هیندستانەوە، ناچار لە ژیانێکی قوورسی ئەو وڵاتە دەمێننەوە، چونکە هیچ شوێنێکی تریان نییە بۆی بچن. چیرۆکەکە بە شێوازێکی تێکەڵ لە کۆمیدیا و مەراق باس لە گۆڕانکارییەکانی سەردەم و تەنیایی دەکات. پاوڵ سکۆت، وەرگری خەڵاتی بووکەرە هەر بۆ ئەم ڕۆمانەی و کتێبەکانی زیاتر دەربارەی کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا لە هیندستان و کاریگەرییە مێژوویی و دەروونییەکانە.

«ڕابردوو وڵاتێکی ترە، لێرە هەموو شتێک جیاوازە.» ئەمە هەمان ڕستە بەناوبانگەکەی (ئێڵ. پی. هارتلی – L. P. Hartley)ی ڕۆماننووس و چیرۆکنووسی بەریتانییە کە لە سەرەتای کتێبی (نێوەندگیر – The Go-Between) نووسیویەتی و هەموومان دەیناسین. ئەم ڕۆمانە سەرسوڕهێنەرە لە ڕوانگەی کەسێکی بەتەمەنەوە نووسراوە کە ئەوەی هەیەتی تەنها یادەوەرییەکانیەتی. ڕۆمانەکە باسی پیاوێکی بەتەمەن و یادەوەرییەکانی هاوینی ١٢ ساڵیی خۆی دەکات، کاتێک لە کۆشکێکدا دەبێتە نێوەندگیری خۆشەویستییەکی شاراوە و قەدەغەکراو. ڕووداوەکانی ئەو هاوینە کاریگەرییەکی قووڵ و هەمیشەییان لەسەر هەموو ژیانی جێهێشتووە. ڕۆمانی (نێوەندگیر) یەکێکە لەو ڕۆمانە دەگمەنانەی کە فیلمێکی زۆر سەرکەوتووشی لەسەر دروست کراوە. (هارتلی) لە نووسینەکانیدا گرنگییەکی زۆری بە یادەوەری، منداڵی، بێتاوانیی پێشێلکراو و هەستە شاراوەکان دەدا.

لە نێو کتێبە ناچیرۆکییەکانیشدا دەمەوێت ئاماژە بە (دایانا ئاتیل – Diana Athill)ی نووسەر، یادداشتنووس و سەرنووسەری بەناوبانگی بەریتانی بکەم، ئەو کەسەی کتێبەکانی هیوا بە هەموومان دەبەخشن. دایانا لە پیری وەک نووسەری یادداشتنامە، نێوبانگێکی گەورەی پەیدا کرد. لە کتێبەکانیدا زۆر ڕاشکاوانە دەدوێت و بە دانایی و ئارامییەکی دەگمەن باسی ژیان، خۆشەویستی و پیربوون دەکات.

هەروەها دەبێت ناوی (نۆرا ئێفرۆن – Nora Ephron)ی ناوازەش بهێنین کە لە کتێبە کورت و پڕ لە تەنزکەی (هەموو شتێکم بیر ناکەوێتەوە – I Remember Nothing) کە وتار و کورتەبابەتە، باسی بیرچوونەوە، یادەوەری و گەیشتن بە تەمەنی پیری دەکات. نۆرا لەم کتێبەیدا گاڵتەجاڕانە مامەڵە لەگەڵ شڵەژانەکانی بیرەوەری و ئەزموونە مرۆییەکان دەکات. ئەم ژنە، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، سیناریۆنووس و دەرهێنەرێکی ئەمریکی بوو کە بە کۆمیدیای ڕۆمانسی و وتارە تەنزدار و ڕاشکاوەکانی ناسرابوو. لە کتێبەکانیشیدا بە زمانێکی تیژ و گاڵتەجاڕانە باسی ژیانی ڕۆژانە، ژن و ئەزموونە کەسییەکانی کردووە.

(سایمۆن گرەی – simon gray)ی شانۆنووس، ڕۆماننووس و یادداشتنووسی بەریتانی، یادداشتنامەی ڕۆژانەی خۆی نووسیوە بە ناوی (کۆدا – Coda) کە لەبارەی تووڕەییە زیادەڕۆ و ماندوویەتی و پەککەوتنی تەمەنی پیرییە، بەڵام کتێبەکە هێندە شتی خۆش و پێکەنیناوی تێدایە کە بە خوێندنەوەی ژانەزگ دەگریت. سایمۆن لەم یادداشتنامەیەی کۆتایی تەمەنی، بێپەردە باسی نەخۆشی و کەمبوونەوەی توانا جەستەیی و هەڵچوونەکانی خۆی کردووە.

لە کۆتاییشدا دەگەینە (ڤێرجینیا ئایرۆنسەید – Virginia Ironside)ی ڕۆژنامەنووس و نووسەری بەریتانی، ئەو کەسەی چەندین کتێبی خۆش و پێکەنیناوی لەبارەی تەمەنی پیری نووسیوە وەک: (نەخێر! نامەوێت ببمە ئەندامی یانەی خوێندنەوەی کتێب، سوپاس -No! I Don’t Want to Join a Book Club، Thank You). ئەم کتێبەی، کتێبێکی کۆمیدی و ڕاوێژکارییە و تێیدا بە شێوازێکی سەربەست و گاڵتەجاڕانە باس لە ئازادیی تاکەکەسی و دوورکەوتنەوە لە چاوەڕوانی و بەربەستەکانی کۆمەڵگە دەکات لە تەمەنی پیری. کتێبی دووەمیشی، (من هەر بەوەندە دڵخۆشم لێرە وەستاوم – I’m Happy Just Standing Here)ە و تیایدا بە زمانێکی ڕاشکاو و پێکەنیناوی باس لە قبووڵکردنی خود، پیربوون و گۆڕانکارییەکانی ژیان دەکات. کتێبی سێیەمیشی (نەخێر! پێویستیم بە چاویلکەی خوێندنەوە نییە – No! I Don’t Need Reading Glasses)یە کە بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە مامەڵە لەگەڵ نیشانەکانی هەڵکشانی تەمەن و ئەو شتانە دەکات مرۆڤ هەوڵ دەدات ددانیان پێدا نەنێت. ڤێرجینیا، یەکێکە لەو نووسەرانەی گۆشەڕاوێژ و نووسینە کۆمیدی و ڕاشکاوەکانی لەبارەی تەمەن و ژیان، زۆر بەنێوبانگن و بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە و بێدەربەستانە ڕووبەڕووی کێشەکانی پیری دەبێتەوە.
ئەم کتێبانە، لەو ناونیشانانەن زۆر باش گوزارشت لە هەموو شتێک دەکەن. هیوادارم بە خوێندنەوەیان چێژ وەربگرن، هەڵبەت بە چاویلکە یان بێ چاویلکەوە!

سەرچاوە: گاردیەن
لینکی بابەت: https://www.theguardian.com/books/2020/feb/22/book-clinic-books-broaden-mind-daily-mail-reading-father