سەدیق سەعید ڕواندزی
كتێبێكی دیكەی سەدیق سەعید ڕواندزی، بە ناوی (خەرەندی ڕواندز هێمای ڕامان و جوانی) بە پشتیوانی خودا، لە ئایندەیەكی نزیكدا، چاپ و بڵاو دەكرێتەوە. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە، لە چوار بەشی سەرەكی پێك هاتووە و هەر بەشێكیش لە چەند تەوەرێك و تیایدا نووسەر لە بارەی هەڵكەوتەی سروشتی خەرەندی ڕواندز، چۆنیەتیی دروستبوونی، مانای وشەی خەرەند دواوە. لە بەشێكی دیكەدا، پەیوەندیی خەرەند بە ئەشق و مەرگ بە گشتی و مەرگی خۆشەویستانەوە؛ ئەوانەی لە پێناو خۆشەویستی خۆیان لە خەرەند فڕێ دەدەن بە تایبەتی باس كراوە و نووسەر ئەو بۆچوونانەی ڕەت كردۆتەوە، كە خەرەندی ڕواندز بە هێمای مەرگ دەزانن كە ئەمە بۆ ڕواندزییەكان مایەی نیگەرانی و كەمكردنەوەیە، لەو جوانییە سروشتییەی لە شاردا هەیە. لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەدا، نووسەر پڕۆژە پێشنیارێك، لە بارەی پاراستنی لێوارەكانی خەرەند و بە گەشتوگوزاركردنی دەخاتە ڕوو، كە چۆن بتوانرێن خەرەند وەك ناوچەیەكی جوان و سەرنجڕاكێش بكرێتە پڕۆژەی گەشتوگوزاری و خزمەت بە داهاتی شارەكە بكات. ئەوەی هانیدام بۆ نووسینی ئەم كتێبە ئەوە بوو، كە خەرەند بە شێكە لە بوون و سروشتی ڕوحیانەی خەڵكی ڕواندز، هەم ناوی شوێنەكە تایبەتە و لە هیچ جێگەیەك وشەی خەرەند بۆ ئەو هەڵكەوتە سروشتیانە بەكار نایەت، هەمیش خەرەند تەنها لە ڕواندز هەیە و لە هیچ شارێكی دیكە بوونی نییە. من كاتێ ئێوارن لە سەر لێوارەكانی خەرەند دەوەستام و سەیری قووڵاییی خەرەندم دەكرد، چەندین ڕامان و پرسیارم لا دروست دەبوون، بەوەی ئەمە چۆن دروست بووە؟ ئەی وشەی خەرەند مانای چییە؟ بۆچی دەبێ هێمای مەرگ بێت؟ لە كتێبەكەدا، ئەم باسانە ڕوون كرانەتەوە. شایانی باسە، بەرگی كتێبەكە مامۆستای شێوەكار (هێرش مەغدید باشە) كردوویەتی و خوا یار بێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا كتێبەكە چاپ دەكرێت.

