رۆژنامەی ھەولێر

دەنـــــگی ئەودیو دەرگــــــــا

پەری شێخ ساڵح

لە بێدەنگی دەنگتدا
ناوی خۆمم لەسەر شووشەی پەنجەرەکان دۆزییەوە،
تۆ ڕابوویت، نەک بە جادەکەدا
بەڵکوو بەناو ئەو تەمەدا کە ساڵانێکە
لەسەر پێست و هەناسەم نیشتووە
ئەگەر بڵێم سڵاو
چی دەگوزەرێ
ئەمە دانپیادانان نییە بە تەنیایدا
ئەمە گەڕانەوەی دەنگێکە بۆ ناو ڕەگەکانی
پێش ئەوەی با بێت و
هەموو ئاوێنەکان بەسەر ناوەکانماندا بشکێنێت
تۆ لە ناو چاوەکانتدا
شاری پێش باران هەڵدەگریت
منیش لە دوورەوە شەوانە دەست بەسەر ئەو خەونانەدا دەهێنم
کە هەرگیز بەئاگایی نەمبینیون.
ئێمە لە یەکتر نزیکین
ڕێک وەک ئەوەی دوو دەنگ
لە دوو ژووری جیاوازدا
بۆ یەک بەرد هاوار بکەن،
دواجار تۆ دەڕۆیت و
تەنیایی وەک تۆزێکی زێڕین لە پشت هەنگاوەکانتدا جێدەمێنێت.
کەچی من لێرەم
لەپشت دەرگایەک
کە نە دەکرێتەوە
نە ڕێگەم دەدات ناوت لە یاد بکەم
ئەو دەرگایەی
کە لەنێوان تێپەڕبوونی تۆ و بێدەنگی مندا
بۆتە سنووری دوو دنیای جیاواز
تۆ لەودیو شووشە ساردەکانەوە
سێبەری خۆت لە تەمدا دەسڕیتەوە
کەچی من لێرە
بەردەوام هەمان ئەو سڵاوە مەلوولە دەچنمەوە
کە لە هەوادا ڕەق بووە
ئاخر بڵێی تێپەڕبوونی تۆ
تەنیا بارینێکی کاتی بێت
یان برینێکە بە هیچ وەرزێک ساڕێژ نابێت
سەیرکە
چۆن شوێنپێی دەنگت لەناو ئەم ژوورەدا
دەبێتە ئاوێنەیەکی شکاو و
لەتەک هەرپارچەیەکیدا
ناوت لەژێر زمانمدا دەبڕێت،
ئەگەر ئەمەی نێوانمان نەگەیشتن بێت بە ڕۆشنایی
با تاریکییەکەمان هێندە قووڵ بێت
کە هیچ شەقامێک نەتوانێت شوێنی هەنگاوەکانمان جیا بکاتەوە
من ڕاوەستاوم لە پشت هەمان دەرگا
لەو جێگەیەی کە تێیدا سڵاو و ماڵئاوا
دەبنە یەک وشە و
لەناو بێدەنگی پارچە ئاوێنەکان دەتوێنەوە