رۆژنامەی ھەولێر

نـــــۆح چــــارنی

 

 

(مانوێل گۆنزالێس – Manuel Gonzales)، کە نووسەرێکی دیاری کورتەچیرۆکە، کتێبەکەی ناوی (ژنە بچکۆلەکە – The Miniature Wife)یە و لەم ماوەیە چاپ و بڵاو کرایەوە. لەم گفتوگۆیەیدا باسی پڕۆژەکەی خۆی، (تەمبلەر – Tumblr) و کەسایەتییە ترسناکە ئەفسانەییەکان دەکات و شیرینییەکیشی بە ناویەوە کراوە.

ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە کە لە خەو هەڵدەستیت چ دەکەیت؟
مانوێل گۆنزالێس: ئەو دەمانەی خەریکی نووسینم، هەوڵ دەدەم بەیانیان کاتژمێر ٥:٣٠ بەیانی لەخەو هەڵسمەوە. دوو منداڵم هەن، لەگەڵ هاوسەرەکەم بە نۆرە ئامادەیان دەکەین. کە ٥:٣٠ هەڵدەستم، لە ناو تاریکیدا جلەکانم لەبەر دەکەم، بە بێدەنگی جانتا و کۆمپیوتەرەکەم هەڵدەگرم و ئۆتۆمبێل لێدەخوڕم بۆ یەکێک لەو کافتریایانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوەن. قاوەیەکی زۆر گەورە وەردەگرم و دەست دەکەم بە کارکردن لەسەر ئەو شتەی کە دەمەوێت. قاوە دەخۆمەوە و دەنووسم تا بە تەواوی بەئاگا دێمەوە.

ـ بۆ هەر ڕۆژێک ئامانج و پلانێکی دیاریکراوت هەیە؟
مانوێل گۆنزالێس: وەڵا نازانم، بابەتەکە پەیوەندی بە کاتی ئەو بەیانیانەوە هەیە کە لەخەو هەڵدەستم. هەست دەکەم هەندێک کاتی دیاریکراوم بەرهەمدارە. جاری واشە تەنها بە ناو ئەو شتانەدا دەچمەوە کە تازە نووسیومن. ڕۆژێکی بەرهەمدارم، دوو تا سێ کاتژمێر نووسینە لەو بەیانییە زووانەی کە هەڵدەستم. هەندێکجاریش لە ڕۆژەکەدا کاتم دەست دەکەوێت، بەڵام بەزۆری بەیانیان کارە سەرەکییەکە دەکەم. ئاخر من کارێکی دیکەم هەیە و پابەندیی خێزانیشم لەسەرە.

ـ باسی ئەو کاتەمان بۆ بکە کە بیر لە کتێبێک دەکەیتەوە، واتە پێش دەستکردن بە نووسین. ئایا حەز دەکەیت پێشوەختە نەخشەی کتێبەکە دابڕێژیت، یان تەنها لێدەگەڕێیت خۆیان لەگەڵ نوسین بڕۆن؟
مانوێل گۆنزالێس: زۆر کات تەنها دێڕی یەکەمم لە مێشکە، یان دیمەنێک یان وێنایەک یان بیرۆکەیەکی زۆر تەمومژاوی، ئیتر دەست بە نووسینی دەکەم. جاری واشە دە جار یا نۆ جار بە پەرەگرافێک یان دووانەوە خەریک دەبم و نازانم چی بنووسم، بۆیە ناچار دەبم وەلاوەی بنێم. ڕەنگە مانگێک یان ساڵێک دواتر، بچمەوە سەر ئەو یەک دوو پەڕەگرافە و دەستی پێ بکەمەوە. ئیتر بیرۆکەکەم دێتەوە یاد و ئاراستەیەکی باشم بۆ کارەکتەر و چیرۆکەکە بۆ دروست دەبێت و دەست دەکەم بە نووسینی. هەندێکجاریش بیرۆکەیەک دێت بە مێشکمدا و ڕاستەوخۆ لە ڕەشنووسی یەکەم چیرۆکەکە تەواو دەکەم. ئەگەر ڕەشنووسێکی یەکەم خراپ بوو، هەمیشە ئێسقان و پەیکەری چیرۆکەکەی تێدا دەبێت. من هەرگیز پێشوەختە پلان دانانێم و پێش دەستپێکردن بە نووسین تێبینی زۆر نانووسم. بەزۆری کاتێک ئەوە دەکەم کە پەکم دەکەوێت. من نووسەرێکی سەرپێییم.

ـ پڕۆژەی (بلۆگی تەمبلەر – Tumblr blog)ەکەت بە وێنەیەک دەست پێ دەکات کە ئیلهامبەخشە بۆ چیرۆکێکی زۆر کورت. زۆرێک لە چیرۆکەکانت چاک بینراون و خوێنەرانیش بە وێنەیەکی سوریالیستییەوە لێی دەردەچن. چەند جار بە وێنەیەک دەست پێ دەکەیت؟ یان بە ڕاستی دێڕێکی تێکستەکەیە کە وا دەکات هەموو شتێک بخاتە ڕوو؟
مانوێل گۆنزالێس: نیوە بە نیوەیە. بۆ چیرۆکەکانی تەمبلەر، وێنەکان بنەڕەتی بوون: خاڵی وەرچەرخان و خاڵی دەستپێکردنی من بوون، بەڵام بۆ چیرۆکەکان زۆربەی کات تەنها دێڕی یەکەمە، وەک چیرۆکی (ژیان لەسەر کاپرا ٢ – Life on Capra II). لە ناوەڕاستی دانانی نمرەی ٦٠ی داڕشتنی ئینگلیزیی پۆلی دەیەم بووم، بێزار بووم و دەبوو پشوویەک بدەم. بۆیە هەستم کرد دەرفەتێک بدەمە خۆم بۆ نووسینی گەمژانەترین ڕستە کە بە مێشکمدا دێت، تەنها بۆ ئەوەی پشوویەک بدەم. پاشان بە جۆرێک لە جۆرەکان دێوەزمەی زۆنگاوەکان و ڕۆبۆتەکان ڕێگەیان دۆزییەوە بۆ ناو مێشکم، بۆیە تەنها ئەو ڕستەیەم نووسی و ئەمەش بووە یەکەم ڕستەی چیرۆکەکە. دێڕەکە کاتێک هاتە ناو مێشکم کە ئازادی ئەوەم بە خۆم دا چیتر بیر لە کاغەزی تاقیکردنەوەی ئینگلیزی پۆلی دەیەم نەکەمەوە.

ـ من گرنگی بەو ژانرە دەدەم، بەتایبەت (دێوەزمەی کۆنەکانی یونگی – Jungian archetypal monsters)، (خوێنمژەکان – vampires) و زۆمبییەکان. لەم دواییانەش وتارێکم لەسەریان نووسی بۆ (Esquire). ڕای تۆ چییە لەسەر ئەو ژانرە؟
مانوێل گۆنزالێس: ئەوە سەرنجڕاکێشە، بەڵێ، ئێستا گورگەمرۆڤ گەڕاونەتەوە، لەگەڵ کتێبی (بن پێرسی – Ben Percy) بە ناوی (مانگی سوور – Red Moon) و کتێبی (گلێن دانکان – Glenn Duncan) بە ناوی (دوایین گورگەمرۆڤ – The Last Werewolf). پێموایە کە ئەوان نمونەی کەونارای ئاسانن کە دەتوانین هەر ترسێکی ڕاستەقینە کە بمانەوێت، پێوەیان بلکێنین. جۆرێک ترسی ڕاستەقینە، وەک ئەوەی کە کتێبەکەی پێرسی باسی لێدەکات، ترسێکی جیهانییە کە هەموومان لەگەڵیدا دەجەنگین. یان، کاتێک یاری بە زۆمبیەکان دەکەم، پەیوەندی بە ترس و نیگەرانی و نیگەرانییە کەسییەکانەوە هەیە، بەڵام پێموایە ئەوان کورتبڕییەکی باش دروست دەکەن کە دەتوانیت لە قاڵبی بدەیت، دەستکاری بکەیت، لەگەڵ ئەو نیگەرانییانە باسی بکەیت کە دەتەوێت لەسەریان بنووسیت. خوێنەرێکی زۆر هاتوونەتە لام و ڕوانگەی خۆیان باس کردووە لەسەر ئەوەی چی لەگەڵ زۆمبیەکەدا ڕوودەدات، یان ئەوەی کوڕەی کە دەگۆڕێت و دەبێتە گورگ، یا چیرۆکی (قۆچدار) و (یەکچاو) و. زۆر کەس دێنە لام ڕوانگەی خۆیان باس دەکەن. ئەمانە چیرۆک و ئەفسانەی زۆر جوان و کلاسیکن، بۆیە بەردەوام بۆیان دەگەڕێینەوە، چونکە هەمیشە قابیلی گۆڕانن.

ـ دەبێت هەستێکی زۆر خۆش بێت کە خەڵک بەردەوام دێنە لات و باسیان دەکەن. ئەوە نیشانەی ئەدەبێکی گەورەیە، کە شڕۆڤەی زۆر هەڵدەگرێت؟
مانوێل گۆنزالێس: بەڵێ، من زۆر دڵخۆش دەبم کاتێک خەڵک بیرۆکەی خۆیان بۆم باس دەکەن دەربارەی ئەوەی لە چیرۆکەکەدا چ ڕوودەدات. ڕەخنەگرەکانیش هەمان شتیان کردووە. جێی دڵخۆشییە کە بزانیت خەڵکی دەتوانن چەند چیرۆکیک بە چیرۆکەکەی تۆوە هەڵبەستن.

ـ ئایا تۆ هەواداری (خۆرخێ لویس بۆرخێس – Jorge Luis Borges)یت؟
مانوێل گۆنزالێس: بەڵێ، من هەوادارێکی گەورەی بۆرخێسم. کەمێک پێش ئەوەی بچمە خوێندنی باڵا دەمناسی و، لەوێش تەواو خۆم نوقمی چیرۆکەکانی کرد و، هەروەها (کافکاش – Kafka). هەروەها نووسەرانی وەک (جۆرج ساندەرز – George Saunders)، (ئیمی بێندەر – Aimee Bender)، (دیبۆرا ئایزێنبێرگ – Deborah Eisenberg)، بەڵام هەمیشە بۆرخێس کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر شێوازی بیرکردنەوەم، بەتایبەت لە گێڕانەوەی چیرۆک.

ـ جارێکیان گوتت چەند چیرۆکێکت لە قاڵبی ڕاپۆرتی ڕاستەقینە داڕشتووە و، ئەوە ڕێگەیەکی باش بووە بۆت تا شتێکی خەیاڵی و نائاسایی بخەیتە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکەوە. چۆن جۆرە دەنگێک بۆ چیرۆکێکی دیاریکراو بەکاربهێنیت؟
مانوێل گۆنزالێس: بە زۆری ئەو چیرۆکەی دەمەوێت بیگێڕمەوە یارمەتیم دەدات بۆ داڕشتن و پێکهاتەکەی. چیرۆکی (ماڵئاوا ئەفریقا – Farewell، Africa) چەندین جار هەوڵم دا چیرۆکی پیاوێک بگێڕمەوە کە وتارێکی دەربارەی نوقمبوونی کیشوەری ئەفریقا نووسیوە. هەوڵم دا وەک چیرۆکێکی سادە بینووسم، بەڵام نەمدەتوانی ناواخنە هەستیارەکەی بدۆزمەوە. دوای چەندین هەوڵی بێسوود، دواجار بیرم کردەوە، ئەی چی ئەگەر وەک پارچە نووسینێکی زۆر درێژی شێوازی (Talk of the Town) بینووسم؟ ئەوکات توانیم گێڕەرەوەیەکی جیاوازی بۆ دروست بکەم، کە پەیامنێرێک بوو و ئەمە تۆنە، ئازادییەکی زۆری پێدام لە نووسینی شتی تر. ئەودەمەی کە هەوڵم دەدا وەک چیرۆکێکی ئاسایی دایبڕێژم، گەورەیی و ترسناکی و سەیروسەمەریی بیرۆکەکە لەپەل و پۆی خستم، بەڵام داڕشتنی بەو تۆنە سووکە، ئازادییەکی زۆر زیاتری پێدام لە نووسینیدا. هەندێکجار ئەو چیرۆکەی دەمەوێت بیگێڕمەوە خۆی داوای جۆرە مامەڵەیەکی دیاریکراو دەکات.

ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
مانوێل گۆنزالێس: هاوسەرەکەم.
ـ چی دەتگریەنێت؟
مانوێل گۆنزالێس: فیلمی (E.T).

ـ ئایا هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
مانوێل گۆنزالێس: من لە خێزانێکی کاتۆلیک گەورە بوومە، دایکم هەمیشە مۆمی مریەمی پاکیزەی دادەگیرساند. ئەوە شتێکە کە ماوەتەوە، لە ڕووی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ژیاندا دەکەم.

ـ واتە بە بەردەوامی مۆم دادەگیرسێنیت؟
مانوێل گۆنزالێس: ئێستا مۆمێکی مریەمی (گوادەلووپێ – Guadalupe) و مۆمێکی (سان مارتن کابالێرۆ – San Martin Caballero)م هەیە. سان مارتن بۆ دوورخستنەوەی بەدبەختییە.
ـ ئەگەر بتوانیت کەسێکی مردوو زیندوو بکەیتەوە، کێ دەبێت و بۆچی؟
مانوێل گۆنزالێس: مامم (خێسی – Jesse). چونکە پیاوێکی زۆر تایبەت بوو، تێنەدەگەیشتم چەند سەرنجڕاکێشە، چونکە گەنج بووم کە تووشی شێرپەنجە بوو و کۆچی دوایی کرد. پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دایکم و باوکم هەبوو. زۆر چیرۆکی دەربارەی هەریەکەیان لابوو و پێش ئەوەی مرێت بە هەندێکیانم زانی.

ـ خۆشترین سووکەژەم لای تۆ چییە؟
مانوێل گۆنزالێس: شیرینی (Starburst jelly beans)، جۆرێک جەلییە.
ـ چیرۆکێکی پێکەنیناویمان بۆ بگێڕەوە کە پەیوەندی بە کۆڕی ناساندنی کتێب یان چالاکییەکی کتێبەکانتەوە هەبێت.
مانوێل گۆنزالێس: ئەو شتەی هەمیشە بە لای منەوە سەرنجڕاکێشە لە کۆڕی کتێبەکانم، ئەوەیە کە هەرگیز نازانم چی لەسەر کتێبەکە بنووسم کە بۆ خەڵکی واژۆ دەکەم. بەزۆری ئەو شتانە دەنووسم بۆیان کە لە کاتی واژۆکردنەکە قسەی لەسەر دەکەین. ژنێک گوتی چیرۆکی (هەمووی من – All of Me)ی بەلاوە زۆر پێکەنیناوی بووە. منیش گوتم، بەڵام خەمناکیش بوو، وایە؟، ئەویش گوتی: وای بەڵێ، بەڵام زیاتر پێکەنیناوی بوو. بۆیە لە کتێبەکەیدا بۆم نووسی ئەو بێبەزەییترین کەس بووە کە تا ئێستا بینیومە.

ـ بڵێی ئەو ژنە کتێبی داهاتووت بکڕێت؟
مانوێل گۆنزالێس: بەڵێ، ئەوە تاقیکردنەوەکەیە. هیوادارم پێی پێکەنیبێت!

ـ چی ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرە تازەکان هەیە؟
مانوێل گۆنزالێس: پێیان دەڵێم: ببنە یەکەم خوێنەری خۆیان. هەموو شتێک بکەن بۆ ئەوەی خۆیان بخەنە پێکەنین کە دەنووسن، یان خەمبار بن، یان نائارام بن، یان بترسن. ئەگەر نەتوانن ئەو هەستانە لە خۆیاندا دروست بکەن، زەحمەتە چاوەڕوانی ئەوەیان هەبێت کە خوێنەرەکانیشیان ئەو هەستانەیان لا دروست بێت.

ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
مانوێل گۆنزالێس: بنووسرێت: پێم وتیت نەخۆشم.
ـ شتێکمان دەربارەی خۆت پێ بڵێ کە زۆر کەس نایزانێت و ڕەنگە جێی سەرسوڕمانیش بێت؟
مانوێل گۆنزالێس: کێکەسێوێک هەیە کە دەتوانیت لە نانەواخانەیەک لە پاریس یا تەکساس بیکڕیت کە بە ناوی منەوە ناونراوە و، خۆم یارمەتیدەر بووم لە دروستکردنیدا. (کێکەسێوی شوکولاتەی مەکسیکی مانوێل – Manuel’s Mexican Chocolate Pie)

ـ چی تێدایە؟
مانوێل گۆنزالێس: وەک کێکەسێوی بڕاونی (Brownie) وایە، لەگەڵ بیبەری (ئانچۆ – ancho) و (چیپۆتڵێ -chipotle) و (کایێن – cayenne) و دارچین. هەم تامی تیژی و هەم تامی شوکولاتە دەزێتە دەمتەوە. ماوەیەکی زۆر بوو دروستم دەکرد، بەڵام هاوڕێیەکم کە خاوەنی ئەم نانەواخانەیە، پرسی دەتوانێت دروستی بکات و بیفرۆشێت؟ و پاشان ناوی منی لێنا. کێکەسێوێکی نایابە.