رۆژنامەی ھەولێر

گەڕان بەسەر ئاسمانی سێ کیشوەردا

 

 

جەستەم ترسی دەسمی،
ترس پاکترین میوەی ڕێگا بوو
مەرگ شیرنترین سەما بوو.
کەریم دەشتی

1. بیرکردنەوە لە نۆستالژیای ژیان و گوزەرانی ڕابردووی ئەشکەوتی (بێستوون)ـی دامەنی چیای برادۆست، بنمیچ و دڵۆپە ئاوە بەکلسبووەکانی ستوونی شکۆ و مەزنایەتی دەخاتە ڕوو. ئەو کلسە شۆڕبووانە لە ئاوەدانی ئاوەدانتر دەکەوتنە بەر چاوان، لە تاریکیدا ڕەنگی ڕایەخ و ئێسک و پرووسک لە ناخی بوونەوەرە بە بەردبووەکان بە ئاگا دەهاتنەوە، ئەو ساتانەن ڕۆندکەکانی بەختەوەری لەسەر ڕوویان بەدیار دەکەوتن، وەک (جوو) نەیاندەهێشت هیچ کەسێک بێتە ناو ئایینی سروشتپەرستیانەوە.
لەدیار چیای (هۆسکاران)ـی وڵاتی (پیرۆ)ی ئەمریکای باشوور لە بەرزاییەکی (٦٧٦٨) مەتر لەسەر ڕووی دەریاوە لەسەر چیچکان دانیشتم؛ ڕوومان لە ئەو، ئەوساکە هەستمان دەکرد زانیمان ئادەمیزاد چەندە (کم) و بچووک و بێتوانایە لە ڕاست کێو و شاخان.

2. لە ڕێگای چوونمان بۆ (لیما)ی پایتەخت کە بیستوچوار کاتژمێر بوو، لە فڕین بە ناو سکی ئاسمانەکان، لەو شەش سەعاتەی ترانزێتی (مەدرید)ی ئیسپانیا خۆم گەیاندە سەنتەری شار، لە نزیک ستادیۆمی ڕیالدا، زەلامێکی قوتە و چوست و چوارشانەم بەدی کرد، بە گورگە لۆقێ لێی چوومە پێشێ، ناسیمەوە زانیم ئەوە (بابلۆ بیکاسۆ)یە بەرەو موزەی (ڕەینا سۆفیا) دەڕوات و بە کاوەخۆ هەنگاو دەنێت. بەدوایدا چوومە ژوورێ، بینیم بەرامبەر تابلۆ مەزنەکەی گرنیکا (بە ئیسپانیایی: Guernica) بەخەیاڵدا چووە، سەیری کارە هونەریەکەی خۆی دەکات کە لە ساڵی١٩٣٧ لەسەر کانفاس بە زەیت کێشاویەتی بە قەبارەی زیاتر لە حەوت مەتر، لا دیوارێکی بە بتوونی داگیر کردووە، وەک دیواربەند دەردەکەوێت. حەزم نەکرد لە خەیاڵی بکەم، کڕنۆشم بۆ کارەکە برد و کشامەوە. ئەو تابلۆ بەناوبانگەی وەک کاردانەوەیەک بۆ بۆمبارکردنی شارۆچکەی گرنیکای ئیسپانیا لە کاتی جەنگی ناوخۆ دەربڕیو=وە. هاتمە دەرەوە ڕۆیشتم، تاکو ئەوەندە نەمابوو بگەمە لێواری شار، ماندووین لە نزیک قاوەخانەیەک لامان دا، هەر لە پێشەوە لەسەر کورسییەکی بڵند (ستاند) دانیشتین، لەلای چەپی خۆمم ڕوانی یەکسەر فیدریکۆ گارسیا لۆرکای شاعیری بەناوبانگی ئیسپانیام لە نزیکەوە دیت. خەریکی نووسینەوەیە، بە زمانی ئیسپانی (هۆلا) سڵاوم لێی کرد، بە هێما تێمگەیاند ئایا دەتوانم نوێترین شیعرت بخوێننمەوە؟ یەکسەر ڕەزامەندی دا، گوتی (پۆرڤافۆر) فەرموو، منیش گوتم (گراسیاس) واتە سوپاس، مۆبایلەکەم لە تەنکێشم دەرهێنا و دوا شیعرەکەم کۆپی کرد، باش بوو لەسەر زمانی عارەبی بۆ ئیسپانی دانرابۆوە کاک سەرکەوت لەسەر ئەو زمانە میقاتی کردووە. تەرجومەکە ئەوها دەرکەوت:

کەس نەیزانی،
من دەڕۆم گوڵی یاسەمین دەدزم
کەس نەیزانی
سێبەرێکی سپی
لەو شەوە گەرمەدا دەدزرێ.
کەس نەیزانی
لەو شەوە گەرمەدا دەسووتێم.
کەس نەیزانی
من دەڕۆم لەگەڵ ئەو گوڵە یاسەمینە.

3. ئەو جارە لە گەڕانەوەمان بۆ نیشتمان، لە کۆتا ترانزێت لە شاری (ساپاولۆ)ی بەرازیل نیو دانە ڕۆژ بەناو شارەکەدا گەڕاین و سووڕاینەوە، شل و کفت بووین، هەستی برسییەتی بزوا، چووینە ڕیستوڕاستێکی (کەی ئێف سی) کە منێک زۆر حەزی لێدەکەم، لێی دانیشتم سەرم سووڕاند پاولۆ کۆیلۆی ڕۆمان نووسی مەزنی بەرازیلیمان دیت، دەفتەرێکی قەبارە مامناوەندی لە پێشە، قەڵەمێکی سۆری بە دەستەوەیە خەریکی هەڵەچنینە، بە زمانی پورتوغالی گوتم (ئۆلا) سڵاو وەڵامی دایەوە(ڤالیو) سوپاس فەرموو، تێمگەیاند دەمەوێ دوا لاپەڕەی ئەو نووسینەت کۆپی بکەم؟ من بە زمانی کوردی ڕۆمانی(کیمیاگەر)ی تۆم خوێندۆتەوە چێژم لێی بینیوە، کە چۆن لە وڵاتی مەغریبەوە سارای باکوری ئەفریکا دەبڕی و تا دەگەیتە بابلستان و لوغزەکە ئاشکرا دەکەیت، بوونی کەسایەتیت دەسەلمێنیت. هەمدیس مۆبایلەکەم دەرهێنا دوو لاپەڕەم لێ کۆپی کرد، لەو بڕگەیە گەیشتم کاتێک سەردانی شاری ئور دەکات چۆن مەنزلگای پیرۆزی ئیبراهیمی باوکی ئایینەکان دەدۆزێتەوە. گەڕیدایەتی ڕێگایە دوورودرێژەکەی باس دەکات، چۆن لەدەست جەردە و ڕێگرەکان ئازاری چەشتووە؟ چۆن ڕزگاری بووە؟ باس لە سەرتاپاگیری ڕۆحەکان دەکات لە جیهانی کۆندا، چۆن لە هەسارەی زوحەل گەیشتۆتە سەر زەوی. باسی گەڕانەوەی ئادەمیزاد دەکات بۆ زێدو هاونشینی بوونەوەرەکانی گەردوون .لە بڕگەیەکیتردا دەڵێ هەردەم سارا هاوژیان و گوزەرانی رووحی سەرجەم پەیام هێنەرەکانە، بۆیە پێویستە زەمەنێک لە چرکە ساتەکانی ئەو وەختانەدا بمێنینەوە، بۆ پاکڕەوشتی و ئایندەی هەسارە پایەدارەکەمان، تێڕوانین لەو پەڕەگرافانە بنەتۆی زیاتر و سادەتری ژیانی ڕۆژانەی لە ناخم دەچاند. خوێندنەوەی ئەو دوو سێ لاپەڕەیە لە دوا ڕۆمانەکەی پاولۆ کۆیلۆ هاوشێوەی (کیمیاگەر)یەکەی پابەندی کۆت و زنجیری دەقە جواننووسەکەی کردین، هەست و بەخششێکی بەردەوامی خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی تری دەداینێ.