رۆژنامەی ھەولێر

ڕەیمۆند کارڤەر؛ نووسەرێک ئالوودەی چیرۆکنووسین

ئارام كۆشكی – سلێمانی

داهێنەرەکان نانووسن، بەڵکو ئەوە نووسینە ئەوان دەنووسێتەوە. هیچ نووسەرێکی داهێنەر شک نابەم بەزۆرلەخۆکردنەوە بنووسێت، بەڵکو هەمیشە ئەوە نووسینە دەبێتە کەڵکەڵە و هزر و خەیاڵی داگیر دەکات و ناچارانە دەبێت بنووسێت. کەم نین ئەو داهێنەرانەی خۆیان دەچەپێنن و نانووسن، بەڵام دواجار ئەمە بە زمانی دەروونی و ڕۆحی بۆیان تەواو دەبێت، بۆیە نووسین ئەو دەرچەیە، کە زۆرجار دەبێتە ڕزگارکەری نووسەر.

ڕەیمۆند کارڤەر؛ چیرۆکنووسی ئەمەریکی یەکێکە لەو نووسەرانەی کە زۆرێک لە ڕەخنەگران و توێژەران بە چیخۆفی ئەمەریکی ناوی دەهێنن، ئەمەش نازناوێکە کە زۆرێک لە چیرۆکنووسەکان خەوی پێوە دەبینن، بەڵام کارڤەر لەمەدا بەختەوەرە و ئەم نازناوەی بەدەستهێناوە. بەڵام ئەم چیرۆکنووسە چ لە وتار و چ لە چاوپێکەوتنەکانیدا کە لە کتێبی “ژیانی باوکم”دا بڵاوکراوەنەتەوە ئەو کاریگەریی و سەرسامییە ناشارێتەوە کە بە ئەنتۆن چیخۆف-ی ڕووسی هەیەتی و لە چەندین جێگەدا دەگەڕێتەوە سەر دونیای چیرۆکەکانی ئەم چیرۆکنووسە. لەو یادداشتەی بۆ پێشەکی کۆمەڵەچیرۆکی “لە کوێوە تەلەفون دەکەم؟”دا نووسیویەتی دەڵێت “لەسەرەتادا و هێشتاکەش گرنگترین چیرۆکنووسەکانم بریتیبوون لە ئیزاک بابل، ئەنتۆن چیخۆف، فرانک ئۆکۆنۆر و ڤی. ئێس. پریتچێت.”
هیچ داهێنانێک نییە بەبێ کاریگەریی و بەهرەمەندبوون لە چیرۆکنووسانی دیکە. بۆرخیس لەو نووسەرانەبوو کە دەچووە هەر وڵاتێک هەمیشە کتێبی “هەزار و یەک شەو”ەی لەگەڵ خۆیدا بردووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە چیرۆکەکانی ڕەنگدانەوەی ئەو چیرۆکانە بێت کە لە “هەزار و یەک شەو”دا هەیە. دۆستۆیڤسکی بە کاریگەریی و بەهرەمەندبوون لە گۆگۆڵ گەشەی کرد و چیخۆفیش بە کاریگەریی تۆڵستۆی توانی قوتابخانەیەکی چیرۆکنووس چێ بکات کە هەموان لە هەر کوێی دونیا بن بتوانن لێی بەهرەمەند بن. کارڤەریش کە بە “داهێنەری ڕیالیزمی پیس” ناو دەبرێت بەهرەمەندی چیخۆف و چەندین چیرۆکنووسی دیکەیە بۆ دامەزراندنی قوتابخانەی تایبەت بەخۆی.
سەبارەت بە ناوبردنی کارگەر وەکو چیرۆکنووسێکی پەیڕەوکەر، یان داهێنەری “ڕیالیزمی پیس” لاموایە ئەم ناونانە کەمێک لە جێگەی خۆیدا نییە و دەشێ کارڤەر وەکو داهێنەری ڕیالیزمی وردەکار ناوبهێنین، نەک ڕیالیزمی پیس، چونکە ئەو لە ڕیزی ئەو چیرۆکنووسانەیە کە بە وردەکارییەکی چیخۆفیانەوە دەگێڕێتەوە، هەر بۆیە وەکو درێژەپێدەری هەمان قوتابخانەی چیخۆف ناوی دەبرێت. کارڤەر لە جێگەیەکدا سەبارەت بە نووسینی چیرۆک ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەو ئالوودەی چیرۆکنووسی بووە و دەڵێت “تەنانەت ئەگەر بشمتوانیایە نەمدەتوانی دەستبەرداری بم.” ئەو کاتێک دەنووسێت بە هەیەجانەوە دەنووسێت و بۆیە دەڵێت دەشێ چیرۆکێک لە یەک دانیشتندا بنووسرێت و چۆن لە یەک دانیشتیشدا دەتوانرێت بخوێنرێتەوە.
لێرەدا لەگەڵ زەمەنی نووسین ڕووبەڕووین، زەمەنێک کە چیرۆکنووس بتوانێت ڕەشنووسی یەکەمی چیرۆکەکەی بە یەک دانیشتن بنووسێت، بەڵام مەرج نییە ئەوە کۆتا ڕەشنووسیش بێت. کارڤەر بۆ نووسینی کۆمەڵەچیرۆکی “کاتێدراڵ”، کە 11 چیرۆکی لە خۆگرتووە، خۆی لە وتارێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بۆ نووسینی 15 مانگی پێچووە، ئەمە وردەکارییەکی گرنگە لە ئەزموونی نووسینی ئەم چیرۆکنووسەدا و چەشنی ڕێسایەکی لێهاتووە کە یەکەم ڕشنووسی چیرۆکەکەی بە یەک دانیشتن دەنووسێت و دواتر کار لەسەر وردەکارییەکانی دیکەی دەکات.
بنەمایەکی گرنگی نووسین لای کارڤەر ڕاستگۆییە و ئەو پێوایە نووسەر دەبێت ئەو شتە بنووسێت کە بڕوای پێیەتی و دەنووسێت “ئەگەر وشەکان و ڕستەکان ڕاستگۆ نەبن، نووسەر ساختەکاریی تیا بکات، لەسەر ئەو شتانە بنووسێت کە بۆی گرنگ نین، یان بڕوای پێی نییە، ئەوا هیچ کەس ناتوانێت گرنگیی پێ بدات و بۆی گرنگ بێت.” ئەمە یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی نووسین لای هەر نووسەر و داهێنەرێک. بابەتێک/ڕووداوێک ئەگەر بۆ نووسەرەکە خۆی گرنگ نەبێت چۆن دەتوانێت قەناعەت بە خوێنەر بکات کە گرنگە؟ نووسەرە داهێنەرەکان ئەوانەن کە تەنها ئەو شتانە دەنووسن کە بڕوایان پێیەتی و بۆی دەژین.
لە خوێندنەوەی کۆبەرهەمی ئەم نووسەرەوە دەگەینە ئەو بڕوایە کە هەر نووسەرێک ئالوودەی نووسین نەبێت ناتوانێت داهێنەر بێت چەشنی ئەم چیرۆکنووسین، کە ئالوودەی چیرۆکنووسین بوو. لێرەدا ئالوودەبوون مانایەکی نەرێنی نییە، بەڵکو مانایەکی ئەرێنی هەیە بۆ جۆرێک لە خۆتەرخانکردن و ژیانبەخشین بەم ژانرە. هەر بۆیە سەرەڕای سەختییەکانی ژیانی و کورتی تەمەنی بەڵام بووە یەکێک لە دەنگە دیار و کاریگەر و داهێنەرەکانی چیرۆکی جیهانی، کە لە گشت لایەکەوە دەخوێنرێتەوە و بۆ زۆرێک لە زمانە زیندووەکانی دونیا وەردەگێڕدرێت.
سەرنج: ڕەیمۆند کێلڤی کارڤەر جوونیۆر (لەدایکبووی ٢٥ی ئایاری ١٩٣٨ – لە ٢ی ئابی ١٩٨٨ کۆچی دوایی کردووە) کورتەچیرۆکنووس و شاعیری ئەمریکی بووە. ئەو بە یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت و هەروەها یەکێک لەو کەسانەی دەستی هەبووە لە بووژانەوەی کورتەچیرۆک لە هەشتاکانی سەدەی بیستەم. ئێستا کۆبەرهەمی ئەم نووسەرە لە پێنج بەرگدا و بە وەرگێڕانی “ڕاڤین کامەران” لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بەچاپ گەیەنراوە.