ئارام کۆشکی
عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا، یەکێکە لەو نووسەرانەی ساڵانێکی زۆرە ئاشنای بەرهەمەکانیم، هەمووکارەکانیم نەخوێندووتەوە، بەڵام بەشی زۆری کارەکانیم خوێندووەتەوە و یەکێک لە جیدیترین ئەو نووسەر و لێکۆڵەرانەی کە ورد دەخوێنێتەوە وردیش دەنووسێت و هێندەی ئاگادارم و لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگدانەوەی دەبینم زۆر دەخوێنێتەوە و کەم دەنووسێت. نووسەرە ڕاستەقینەکان دۆستی هەمیشەیی کتێب و خوێنەری بەردەوامن، ئەوان خوێنەری ڕاگوزەر نین، بەڵکو کاری ئەوان لەنێو خوێندنەوەشدا گەڕان نییە لەنێو ڕووکەشدا، بەڵکو هەڵکۆڵینی تێکستە. موتەڵیب لەو نووسەر و خوێنەرانەیە کە کاری هەڵکۆڵین دەکات و منیش وەکو خوێنەری ئەو گەلێک چێژ لەو هەڵکۆڵینانەی دەبینم.
“پرسیارکردن لە تاریکی”، ناونیشانی کتێبێک-ی ئەم نووسەرەیە، کە ساڵی 2018 چاپ بووە، بەڵام لە سوچێکی کتێبخانەکەم لێم ون ببوو تا هەفتەی پێشوو لە کاتی گەڕان بەدوای کتێبێکی دیکەدا دۆزیمەوە و دەستبەجێ لەسەر مێزی خوێندنەوەم دانا و هەر ڕۆژی دواتر خوێندمەوە. جگە لەو ناونیشانە، کتێبەکە ناونیشانێکی دیکەی لاوەکی هەیە، کە گوزارشتی تەواوەتی لە مەبەستی کتێبەکە دەکات ئەویش “لە هیچ دنیایەک ڕەوانە نەکراوم”ـە. ئەم ناونیشانە خۆداماڵینە لە سیفەتی پەیامبەران و موتەڵیب ناڕاستەوخۆ دەیەوێت بڵێت من لە چەشنی پەیامبەران نیم، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ڕوانە کراون. بۆیە لەوێشەوە وێنەکە گەورەتر دەکات و دەیەوێت بڵێت نووسەران پەیامبەر نین، تا لە دونیایەکی دیکەوە ڕوانە کرابن، بەڵکو ئەوان دونیای خۆیان دەخولقێنن، نەک ئەو دونیایەی بۆیان دیاری دەکرێت.
لە پێشەکی ئەم کتێبە قەبارە بچووکە ناوەرۆک گەورەیەدا، نووسەر لەبارەی کتێبەکەوە دەڵێت: “ئەم دەقەی بەردەستتان یادەوەری نییە، چونکە گێڕانەوەی ژیانی کەسی نییە، وەک چەمکی یادەوەری داوای دەکات. ژیاننامە نییە، وەک ئەوەی لەسەر ڕاستبێژی وەستابێت، بەڵکو زمانێکی دیکەیە بەرامبەر زمان و لەگەڵ زماندا! نەک بەو مانایەی کە کاری چارەسەرکردنی یەکیەتی زمان بکات، بەڵکو بەو مانایەی کە زمان دەیەوێت.”
نووسەر نایەوێت بە ڕوونی بڵێت کاتێک نووسەران ژیاننامە دەگێڕنەوە نابێت بە زمانی کەسانی ئاسایی بیگێڕنەوە، بەڵکو دەبێت زمانێکی نوێ بەرامبەر ئەو زمانە ئاساییەی (عامەپەسەندان) بدۆزێتەوە بۆ گوزارشتکردن لە ژیانی خۆی. بێگومان چۆن ئاستەکانی نووسەر جیاوازە، ئاوهاش ئاستەکانی زمانیش جیاوازە، بەو پێیەی هەر نووسەرێک دەتوانێت بەو زمانە پەیامەکەی بگەیەنێت کە توانای بەسەریدا دەشکێت. ئەمە بێجگە لەوەی هەندێکجار نووسەران ناچارن بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان زمانێکی ڕوونتر (شەفافتر) بەکار بهێنن. موتەڵیب لێرەدا ئەوە دەخاتەڕوو ئەگەرچی نایەوێت یادەوەری بگێڕێتەوە، بەڵام یادەوەری دەگێڕێتەوە بە زمانێک جیاواز لە زمانی یادەوەریینووسان. هاوکات دەیەوێت بڵێت ژیاننامەش ناگێڕمەوە، بەڵام بە زمانێک ژیاننامە دەگێڕمەوە، کە جیاوازە لە زمانی ژیاننامەنووسان. ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی نووسەری داهێنەر و نووسەرانی دیکەیە. بەو پێیەی نووسەرانی داهێنەر هەمیشە زمانێکی دیکە دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە ئاستێکی باڵاتردا بنووسنەوە. لەم کتێبەدا نووسەر هەرچەندە بیەوێت، یان بانگەشەی ئەوە بکات خۆی نانووسێتەوە، دواجار خوێنەر بەر خودنووسینەوە دەکەوێت، بەڵام لەگەڵ هەر ویستگەیەکی ئەم خودنووسینەوەیەدا بەر کۆمەڵێک مژار و پرسی گرنگی ئەدەبی و فیکریی و سیاسی و دەکەوین.
کاتێک موتەڵیب دەیەوێت پرسیار لە تاریکی بکات، ئەوا دەیەوێت بەرەو ڕووناکی هەنگاو بنێت. بۆیە ئەم کتێبە مانیفێستی گەڕانی نووسەرە بەدوای ڕووناکیدا، یان دەیەوێت لەنێو ئەو تاریکاییانەی ژیانەوە، ڕووناکی بخاتەسەر ئەو بەشەی ژیان کە گرنگە ڕووناکییان بەر بکەوێت. نامەوێت لێرەدا باس لە ناوەرۆکی کتێبەکە بکەم، چونکە کتێبەکە کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرنگی لەخۆگرتووە، کە باشترە خوێنەر خۆی دەست بە خوێندنەوەی بکات و گەشتی خۆی لەگەڵ موتەڵیبی زارۆک دەست پێ بکات تا دەگاتە موتەڵیبی نووسەر و لێکۆڵەر. ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها یادداشتێکی زۆر کورت بوو، نەک ڕانان و خوێندنەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ تێکستەکەدا.
دەستخۆشی بۆ نووسەر و لێکۆڵەر عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا و گۆڤاری نما بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە.