دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

با لەگەڵ باراندا جوانییش ببارێت

ئیسماعیل سابیر

ئەگەر چیرۆکنووسەکان لێم زویر نەبن و لێرەدا یادگە بەهەڵەم دا نەبات، دەمەوێت زۆر ڕاشکاوانە بڵێم. ماوەیەکی زۆرە من کۆمەڵە چیرۆکێکم نەخوێندووەتەوە چەشنی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە ئاوا کۆی چیرۆکەکان سەرنجم ڕابکێشن. (لەگەڵ باراندا ببارێ) کۆمەڵە چیرۆکێکی هاوچەرخی ئێرانە کە مامۆستا (خالید فاتیحی) لە فارسییەوە بە زمانێکی شیرین کردوویەتی بە کوردی، من لە ڕۆژانی ڕابردوو دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا تا دەستی بۆ ببەم و بەڵام بەهۆی هەندێک ئیلتیزام و هەندێک بێکاتییەوە ئێستا لە خوێندنەوەی تەواو بووم. زمانی چیرۆکەکان سادەن، پلۆت و گرێچن و فەزای هەر یەک لە چیرۆکەکان لە گوند و ناوچە دوورنشینەکان بە شتی زۆر بارگاوی نەکراوە، بەڵکو مەوداکورتی و هونەری بەرزی گێڕانەوە باڵی کێشاوە بەسەر کۆی تێکستەکاندا. بۆیەش تەکنیک و مانای چیرۆکەکان هێندە قووڵن، خوێنەر هەست بە وەڕسی و ماندووبوون ناکات.
چیرۆکی (مانگا) نزیکی سی و سێ لاپەڕەیە، چیرۆکەکە زۆر سادەیە، باس لە مردنی مانگایەک دەکات. بەڵام بە درێژاییی ئەو لاپەڕانە چۆنیەتی گێڕانەوەکە بە چەشنێکە خوێنەر دووچاری بێزاری و ماندووبوون ناکات. یان چیرۆکی (منداڵی خەڵک) هێندە سایکۆلۆژیستانە چیرۆکەکە دەگێڕدرێتەوە ئیتر خوێنەر جارێک دەبێت بەو دایکە زۆرلێکراوە جارێکیش دەبێت بەو منداڵەی کەوا بڕیارە فڕێ بدرێت! هەڵبەتە ئەگەر دایکەکە دڵی بێت!
چیرۆکی (شەوی بێ سپێدە) یەکێکی ترە لە چیرۆکەکانی ئەم کتێبە کەوا من لێرەدا هەڵوەستەم لەسەری کردووە، ئەویش بریتییە لە بەسەرهاتی گۆرانیبێژێک کەوا لەگەڵ دایکی لە کاروانێک بەجێ دەمێنن، مانەوەیان و هەبوونی ڕەچەڵەکێکی دیاریکراو وایان لێ دەکات دووچاری کێشمەکێشمی چینایەتی و قسەوقسەڵۆک و گاڵتەی خەڵکی ئاوایییەکە ببنەوە. بە دەربڕینێکی تر لەوێدا ڕەچەڵەک دەبێتە ئارێشەی زۆر بەرانبەر بوون و هەستیان. بۆ سەلماندنی بەشێک لەم گوزارشتە پەڕەگرافێک لەو چیرۆکە دەخوازم:
(چییە چ ڕووی داوە؟ بۆ وا دۆش داماوی، قەرەج؟ گۆرانیبێژ نابێ بە غەمگینی دابنیشێ، تۆ گۆرانیبێژی دەبێ هەمیشە هەڵپەڕی
دەستی لە دەستی خۆی بەردا و بە دڵی پڕ و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە بەرەو دەرگای حەوشە بەڕێکەوت

  • ئەگەر نەکرێ چ دەکەی؟
  • لێرە دەڕۆم و ئیدی هەرگیز نایەمەوە.
  • حەتمەن لە جێگایەکی دیکە عاشقی یەکێکی دیکە دەبی.
  • نا، نابم.
  • ئاخر تۆ قەرەجی، ڕۆژی لە جێگایەک
  • بەڵام دڵم قەرەج نییە، هەمیشە لێرەیە.)
    سەبارەت بە چیرۆکی (ئابی و ئەوینەکەی) و (دەروازە) لەو چەشنە چیرۆکانەن کە هەڵگری دیوێکی چیرۆکی تەکنیکین کە گرنگی زۆر دراوە بە چییەتی گێڕانەوە وەک لەوەی پلۆت و مانایەکی دیارکیراو لە خۆیان بار بکەن.
    لەبارەی چیرۆکی (پیاوە ئێسکەپەیکەرەکە) هێندە چیرۆکێکی جوانە، حەز ناکەم باسی پلۆتەکەی بکەم بەڵام ئەگەر بمەوێت تەنیا کۆی چیرۆکەکە لە ڕستەیەکدا کورت بکەمەوە، دەنووسم: (زمانێکی ڕەمزەئاسای بەرز بۆ گوزارشتکردن لە ترۆپکی گیانی هاوکاری و چەقی مرۆڤدۆستی) خاڵی هەرە جەوهەری ئەم گێڕانەوەیە.
    نایشارمەوە ئەمە یەکەمین بەرهەمی وەرگێڕدراوی کاک خالید فاتیحییە من کەوا خوێنەری بم. بەڵام ناسینی من بۆ کاک خالید دەگەڕێتەوە بۆ کتێبی (نامەکانی غوڵام حوسێنی ساعدی بۆ تاهیرە) چەند ساڵێک پێش ئێستا بە هۆی حەزی زۆری من بۆ “ئەدەبیاتی نامە” کاتێک چەند شتێکم لەسەر ئەو نامانە خوێندەوە و لە پیشانگایەکی کتێب دەستم برد تا وەدەستی بخەم. بەڵام بێ هۆکارێکی بنبڕ لێی سارد بوومەوە. ئەوە نزیکی دوو بۆ سێ ساڵ دەبێت هەر کە زستان و ئینجا سەرماش دا دێت دەڵێم ئێستا کاتیەتی و دەبێت بیخوێنمەوە.