ڕۆمانی (ڕووداوێک)لە عەرەبییەوە وەرگێردرایە سەر زمانی کوردی

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

ڕۆمانی “ڕووداوێک” لە نووسینی “ئانی ئێڕنۆو” رۆزا حەمە ساڵح لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. دەزگای ڕۆسا ئەرکی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانیان گرتۆتە ئەستۆ.

نووسەر و وەرگێڕ ڕۆزا حەمەساڵح، دەربارەی وەرگێڕانی کتێبەکە بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: ئانی ئێرنۆو لە ڕۆمانی (ڕووداوێک) باس لە‌ ڕووداوێك دەکات کە بەسەر ژیانی خۆیدا هاتووە لە‌ نێوان ساڵانی ١٩٦٣–١٩٦٤، كە‌ چۆن وە‌ك گە‌نجێكی قوتابی زانكۆ بە‌ ناچاری و لە‌ بارودۆخێكی نە‌خوازراو‌دا دووگیان دە‌بێت، دواتر بە‌ شێوە‌یە‌كی نایاسایی منداڵە‌كە‌ لە‌ باری خۆی دە‌بات. لەو پرۆسەی منداڵ لە باربردنەیدا خەریك بووە ژیانی خۆی لە دەست بدات، دووچاری ترس و دڵەڕاوکێ و بێهیوایی و تەنیایی بۆتەوە.
دەڵێتیش: ئانی ئێڕنۆو، لە‌ دوای ئە‌و ڕووداوە‌ ھە‌میشە‌ لە‌ ژیانێكی نائارامدا ژیاوە‌، هەر بۆیە دواجار دوای زیاتر لە سی ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ڕووداوە، بۆ ژیانی ڕابردووی و بڕیاری نووسینە‌وە‌ی ئە‌و تراژیدیایەی ژیانی خۆی داوە. ئەم ڕۆمانە شۆڕشێک بوو دژی یاساکانی فەڕەنسا، دوای ساڵێک لە بڵاوکردنەوەی توانی گۆڕانکاری زیاتر بە‌سە‌ر مافەکانی ژنانی فەڕەنسیدا بێنێت، بە تایبەتی لە ڕووی ئازادی منداڵبوون.
ئانی دوچێسن، ناسراو بە ئانی ئێرنۆو، لە ١ سیپتەمبەری ساڵی ١٩٤٠ لە شاری لیلیبۆنی فەڕەنسا لە دایک بووە، نووسەر و مامۆستای ئەدەبی فەرنسییە. لە ساڵی ١٩٨٤ خەڵاتی ئەدەبی ڕێنۆدۆی وە‌رگرت، لە ساڵی٢٠٢٢ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بە دەستهێنا. ئانی ئێڕنۆو خاوەنی چەندەها پەرتووک و ڕۆمانە، وەکو، داگیرکاری پیاوێک، ڕووداوەکە، شوێنی پیاوێک، چیرۆکی ژنێک، کچەکەی تر، خۆشەویستەکەم تەماشای گڵۆپەکان بکە، سۆزێکی سادە، ژن، بیرەوەرییەکانی کچێک، ئانی ئێنرۆو وەرگری خەڵاتی نوبلی ٢٠٢٢.
ئەم ڕۆمانە بڕیارە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٤، لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری هەولێر و لە دەزگای ڕۆسا بڵاوببێتەوە.