شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی شانۆکار “کاوە حەسەن” دوای 17 ساڵ دابڕان لە کاری شانۆیی جارێکی تر لە شاکارێکی نوێی کۆمێدی دا دەرکەوتەوە و ئەزموونێکی دیکەی لە هونەردا تاقیکردەوە.
“کاوە حەسەن” جگە لە شانۆ وەک ئەکتەرێکی بواری نواندن بەشداری لە چەند کوتە فیلم و زنجیرە ئەڵقەی تەلەڤزیۆنیدا کردووە و وەک ئەکتەرێکی بەرچاو بە جوڵە هونەرییەکانی لە هونەرمەندانی تر جیاکراوەتەوە.
لە بارەی گەڕانەوەشی بۆ سەر تەختی شانۆ بە “هەولێر”ـی گوت: راستە تەمەنێکە لە هونەری کۆمێدیاوە دوورم، بەڵام هەمیشە دڵم بۆ ئەو هونەره لێیدەدا و خەونم بوو جارێکی تر بگەڕێمەوە باوەشی هونەر و کارێکی نوێ پێشکەش بکەم، بۆیە بەشداریم لە شانۆگەرییەکی نوێدا کردووە بە ناونیشانی “کرێچیەکانی کاکل چاوبەکل”، کە نووسینی “د. ژیلوان تاهیر” و دەرهێنانی یوسف یوسفیە.
گوتیشی: لەو شانۆگەرییەدا کە باسم لێوەکرد لە پاڵ کۆمەڵێک پیشەوەردا لە نێو بازاڕ، ڕۆڵی چایچیەک دەبینم، کە دەیان خەونی هەیە بۆ ژیان و دەرچوون لە خەمی گەورەی کرێچیەتیدا.