ئارام كۆشكی – سلێمانی
“کاتێک گورگەکان پیردەبن” یەکەم رۆمانی نووسەری ئەردەنی “جەمال ناجی”یە بە کوردی، کە ڕەنجدەر جەبار کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند لە دوتوێی 305 لاپەرەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم رۆمانە ساڵی 2010 بەربژێری لیستی کوردی خەڵاتی بوکەر بۆ رۆمانی عەرەبی بووە. ئەم رۆمانە یەکێکە لە رۆمانە عەرەبییە سەرنجڕاکێشەکان و لە جیهانی عەرەبیدا پیشوازییەکی زۆری لێ کراوە لە ناونیشانی ڕۆمانەکەوە ئاماژەیەکی خێرای برووسکەئاسا بۆ ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بەدی دەکرێت، ئەوەش لە وشەی پیر، یان پیر دەبن، کە ئاماژەیە بۆ مەودایەک لە کات -نزیکەی چوار دەیە- وەک ئەو ماوەیەی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی تێدا ڕوو دەدەن، هەروەها وەک ئاماژەیەک بۆ پیربوونی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکە. وشەی گورگ لە نەستی مرۆڤدا، ڕاتدەکێشێت بۆ هەندێک دیوی ژیان وەک گەندەڵی، دووڕوویی، فرتوفێڵ، ناجوامێری. لەگەڵ هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەکدا خوێنەر ئەم ناونیشانە برووسکەئاسایەی دێتەوە بیر، چۆن کارەکتەرەکان ژیان کردوونی بە گورگ و ئالوودەی فێڵبازی و دووڕوویی و خراپەکاریی کردوون.
وەرگێڕ سەبارەت بە ڕۆمانەکە ئەوەی خستەڕوو کە “رۆمانەکە لە ڕووی تەکنیکەوە ئەمە ڕۆمانێکی فرەدەنگە، کۆمەڵێك چیرۆکخوان لە دەوری کارەکتەری ئاڵۆز و پڕ نهێنی و خاوەن ڕەچەڵەک و ڕەگەزێکی ئاڵۆزی وەک (عەزمی وەجیهـ) دەسووڕێنەوە و هەریەکەیان لە ڕوانگەی خۆیەوە لەبارەیەوە دەدوێن. لەگەڵ ئەم کارەکتەرە ئاڵۆزە، دوو کارەکتەری گرنگ لەم ڕۆمانەدا دیارن ئەویش شێخ عەبدولحەمیدی جەنزیر، پیاوێکی ئایینی خێرخواز و چاکەکار، مەگەر هەر خودا بزانێت چی لە ژێر جبەکەیدا حەشار داوە؛ لەگەڵ جوبران ئەبوبەسیر چەپڕەوێکی خوێنەر و خاوەن هزر، بەڵام کاتێک بەڕێکەوت میراتێکی لە باوکییەوە بۆ دەمێنێتەوە، ئیتر ئامادەیە هەموو بنما هزریی و شۆڕشگێڕییەکانی خۆی بۆ پارە و پلە و پۆست بفرۆشێت.”
وەرگێڕ سەبارەت بە ناوەرۆکی رۆمانەکە ئەوە دەخاتەڕوو کە “ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لە وڵاتی ئەردەن و لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەست پێدەکات هەتا سەرەتاکانی ئەم سەدەیە. تیشک خستنەسەر دوو کەسایەتی ئایینی و چەپ لەگەڵ داڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات (یەکێتی سۆڤییەت) و ئاشتبوونەوەی ڕەوتە ئیسلامییەکان لەگەڵ حکوومەتەکان بەو جۆرە، ئاماژەیەکی زیرەکانەی نووسەرە بۆ پێشبینیکردنی سەردەمێک، هەموو بەها بەرزەکان تێیدا بێبەها دەبن و هەموو پێوەرەکان دەگۆڕێن.” هاوکات ئەوەشی خستەڕوو کە “لەهەمانکاتدا بەستنەوەی ڕێکەوتی دەستگیرکردنی جوبران بە ڕۆژی وتاردانی ئەنوەر سادات لە کنێستی ئیسرائیلی و ڕێککەوتنی کامپ دەیڤد، ئاماژەن بۆ ئەوەی گەلی ئەردەنی و فەلەستینی یەک گەلن و ئەوەی لە یەکتری جیا کردوونەوە، ئیمپریالیزم و نەخشە بەدگۆڕاوەکەی ئەم ڕۆژهەڵاتی ناوینەیە، کە هەموو زلهێزەکان لەسەری کۆکن، جگە لە گەلانی ئەم ناوچەیە. زمانی ڕۆمانەکە زمانێکی ئەدەبی بەرز، بەڵام تا ڕادەیەک ئاسانە و خوێنەر ماندوو ناکات؛ بەڵام زمانێکیش نییە هێندە سادە بێت خەسڵەتە ئەدەبییەکەی نەپاراستبێت.”
جەمال ناجی نووسەرێکی ئەردەنی بەڕەچەڵەک فەلەستینییە و ساڵی ١٩٥٤ لە ئەریحا لەدایک بووە و پاش نسکۆی ١٩٦٧ نیشتەجێی عەممان بووە. ساڵی ١٩٧٥ بڕوانامەی دبلۆمی لە هونەری نیگارکێشاندا بەدەست هێناوە و لە ساڵانی ٢٠٠١ – ٢٠٠٣ سەرۆکی دەستەی نووسەرانی ئەردەنی بووە. خاوەنی حەوت ڕۆمان و چەندین چیرۆک و کۆمەڵەچیرۆکە. لە ساڵی ٢٠١٨ کۆچی دوایی کردووە.