وەرگێڕان وەک پڕۆژە “کۆبەرهەمی شۆپنهاوەر وەک نموونە”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

یەکێک لە کێشەکانی بزووتنەوەی وەرگێڕان لە پێش ڕاپەڕین و چەند ساڵێکی دواتریش کێشەی نەبوونی بەرنامە و کارکردن بوو بە شێوەی پڕۆژە، بەڵکو بەشێکی زۆری زمانزانانی ئەو سەردەمە و دواتر (ڕێزم بۆ چەند کەسێکیان کە گەلێک خەمخۆر بوون) هەر کتێبێک توانایی وەرگێڕانیان هەبووایە دەستیان بە وەرگێڕانی دەکرد، ئیدی بێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن ئەو کتێبە بۆ کتێبخانەی کوردی سوودمەندە، یان نا، خوێنەری کورد کەڵکی لێ وەردەگرێت یان نا. بێگومان دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە کاری زۆر کەم کراوە و بزووتنەوەی وەرگێڕان دوای ڕاپەڕین دەست بە گەشەکردن و هەنگاوی گەورە دەنێت و ئێستاش قۆناغی بەردەوامبوون دایە.

بزووتنەوەی وەرگێڕان لە دوای ڕاپەڕین لەگەڵ گەشەسەندنەکاندا، بەڵام هێشتا هەر بە شێوەیەکی پەرشوبڵاو بەردەوام بوو و زۆرێک لە وەرگێڕەکانیش کاری وەرگێڕانی تایبەتمەندیان نەکردووە، بەڵکو لە زۆرێک لە بوارەکاندا کاریان کردووە و هەوڵی ئەوەیان داوە، کە زۆرترین کتێب وەربگێڕن. نەک کار لەسەر کوالێتی وەرگێڕان و پێویستی خوێنەری کورد و کتێبخانەی کوردی و قۆناغەکە لەبەرچاو بگرن، یان بەشێوەیەکی پڕۆژە کاربکەن لەسەر کۆبەرهەم، یان گرنگتریین بەرهەمی نووسەرێک. ئەوەی ئێستا هەست بە گەشەکردن و جۆرێک لە بەرنامەڕێژی دەکرێت لە بواری وەرگێڕاندا سەرەتایەکی گرنگە بۆ ئەوەی وەرگێڕان جۆرێک لە وەڵامدەرەوەی گەشە مەعریفییەکانی کۆمەڵگە و هاوکات پێویستی خوێنەران بێت.
خاڵێکی گرنگ و جێبایەخ لەم بوارەدا ئەوەیە، کە ئێستا بەشێک لە دەزگاکان بەشێوەیەکی بەرنامەدانراو کاردەکەن و بەشێکیان کار لەسەر پرۆژەی گرنگی مەعریفی و زانستی و ئەدەبی دەکەن، کە پێویستی کتێبخانەی کوردین. یەکێک لەو پڕۆژە نوێیانەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بڵاوکراوە کۆبەرهەمی نووسەر و بیرمەند “ئارسەر شۆپنهاوەر” بوو، کە یەکێکە لەو بیرمەندانەی بەشی زۆری بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی بەردەست نەبوون و تەنها چەند نامیلکەیەکی پێش ئەم کۆبەرهەمە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدرابوون.
ئارسەر شۆپنهاوەر؛ فەیلەسوفێکی ئەڵمانییە و لە دایکبووی 22ی شوباتی 1788 و لە 21ی ئەیلولی 1860 دا لە فرانکفۆرت کۆچی دوایی کردووە. یەکێک لە گرنگترین کتێبەکانی لە تەمەنی 30 ساڵیدا بڵاوکردووەتەوە بەناونیشانی “جیهان وەک ویست و وێناکردن” و خاوەنی چەندین کتێبە و بە یەکێک لە بیرمەندە ڕەشبینەکان دادەنرێت و بۆچوونەکانی گەلێک جێگەی مشتومڕن. هاوکات لەڕیزی ئەو بیرمەندانەیە، کە گەلێک بۆچوونی جیاواز لەسەر کتێبەکانی هەیە و بەشێکیان بە بیرمەندێکی ڕەشبین و دژە ژن و دەیبینن و بەشێکیش بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە و پێیانوایە ئەم بیرمەندە نایەوێت ژیان و مرۆڤ ڕتووش بکات، بەڵکو ئەو حەقیقەت دەخاتەڕوو و بەبێ پەردە دەینووسێتەوە.
فریدریش نیتچە بیرمەندی ناوداری ئەڵمانی لەو کەسانەیە کە لە قۆناغێکی زۆر تەمەنیدا گەلێک پێی سەرسام بووە و کتێبێکی لەبارەوە نووسیوە و بە مامۆستای خۆی زانیوە و کتێبەکەی بەناونیشانی “شۆپنهاوەر وەک پەروەردەکارێک” بڵاوکردووەتەوە. ئەم کۆبەرهەمە کە پرۆژەی دەزگای ئایدیایە و کارێکی گرووپی شەش وەرگێڕە، کە لە دوتوێی دوو بەرگی گەورەدا لە چوارچێوەی زیاتر لە 1200 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
هەر پرۆژەیەکی لەم شێوەیە گرنگە بایەخ و گرنگییەکەی بنرخێنرێت، چونکە ئەمانە دەبنە هۆکاری دامەزراندنی بناغەیەکی پتەو بۆ توێژینەوەی فەلسەفی و دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی بە گشتی و زمانی فەلسەفی بەتایبەتی. بۆیە ئەم کۆبەرهەمەی دەزگای ئایدیا لەپاڵ “کۆبەرهەمی لینین” و “کۆبەرهەمی ئەریک فرۆم” کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چاپ و بڵاوکرانەوە دەشێ ببێتە سێینەیەکی گرنگ، کە چەندە شانازییە بۆ وەرگێڕ و سەرپەشتیارانی پرۆژەکە هاوکات جێگەی شانازیشە بۆ کتێبخانەی کوردی و نیشانەی دەوڵەمەندی و بەهێزی زمانی کوردییە، کە تێکستی لەم چەشنەی بە کوردی پێ وەردەگێڕدرێت.