محمد لادێ – ههولێر
کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە پێش هاتنی نەورۆز سەرجەم کارەکان تەواو بکرێت و بەڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە.
ساڵی ٢٠٠٥، یونسكۆ قەڵای هەولێری وەك شوێنەوارێكی مێژوویی خستە لیستی كەلەپووری جیهانییەوە؛ ساڵی ٢٠٠٧ كۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بە چاودێری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی یونسكۆ پێك هێندرا و دەست کرا بە نۆژەنکرنەوەی قەڵاکە.
نۆژەنکردنەوەی قەڵا کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دەستی پێکردووە و تاکو ئێستا بەردەوامە؛ بە ئامانج ئەوەیە قەڵا ببێتە سەنتەرێکی کلتوری و هونەری و ژیان تێیدا بەردەوامی هەبێت. پارێزگاری هەولێریش باسی لەوە کرد ئێستاکە فەرشکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامی سەرەکی ناو قەڵای هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە و بە کۆتاییهاتنی فەرشکردنی ئەو شەقامەش سیمایەکی جوان دەدات بە قەڵا، وەک شوێنەوارێکی دێرینی مەزن کە مایەی شانازییە بۆ گەلی کورد.
ئەندازیار فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بە وەکالەت، لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاندووە، “دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی، كارەكانی فەرشكردنی شەقامی سەرەكیی قەڵای هەولێر بەرەو كۆتایی دەچێت و تەنها چەند مەترێک و چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ ئەوەی کارەکانی تەواو بکرێت و دەست بە کارەکانی دیکە بکرێت.”
هاوکات نۆژەنکردنەوەی قەڵا جگە لە نوێکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکانی ناو قەڵاکە کرنەوەی چەند قاوەخانە و ڕێستۆرانتێکیش لە خۆ دەگرێت وەک پێویستییەکی سەرەکیی گەشتیاران بۆ ئەوەی شوێنەکە بە تەواوی سیمای گەشتیاریی پێوە دیار بێت.