هاودەنگ فارووق
كۆبوونەوە مێژوویی و گرنگەكەی سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی، هەموو خەڵكی كوردستان و، دۆستەكانی كوردیشی لە تەواوی جیهان دڵخۆش كرد. خۆشبینییەكە لەو ڕوانگەوەیە، كە هەمووان داوای یەكڕیزی و تەبایی و یەكهەڵوێستی لەكورد دەكەن. هەموو لایەكیش لەو ڕاستییە تێگەیشتوون ئەگەر بڕیاربێت كورد دەستكەوتێك بەدەست بهێنێت، بێگومان بە یەكڕیزی وەدەستی دێنێت.
ئەوەی گوتمان ئەدەبییاتی كوردایەتی، بەدرێژایی مێژووی بزافی ڕزگاریخوازی كوردستان، ویردی سەر زاری هەموو كوردێكە، بەڵام كەمجار هەبووە لەكات و ساتی گونجاوی مێژوویی خۆیدا، سەركردەیەكی حەكیمی وەك سەرۆك بارزانی، بەشێوەی كردەیی زۆر جدییەوە هەوڵ بۆ ئەنجام گەیاندنی ئەو برایەتی و یەكڕیزییە بدات.
لەئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناویشدا كوردستان لەهەردوو دیوی هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوادا، بەگۆڕانكارییەكی كاریگەر و ڕیشەییدا تێدەپەڕێت. یەكێك لە خەسلەتەكانی بڕیاری سیاسیش ئەوەیە، لەچركەساتی گونجاودا بدرێت و، لەساتەوەختی خۆیدا هەنگاوی بۆ بنرێت، ئەگینا گرنگترین بڕیار لەكاتی نەگونجاودا، هیچ لەدۆخی بابەتەكان ناگۆڕێت و دەرفەتەكان لە ڕووی زەمان و زەمینەی سیاسی لەدەست دەچن.
بایەخی هەرە بەهێزی ئەو كۆبوونەوەیەی سەرۆك بارزانی بۆ تەكبیری كوردانە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، لەوەدایە كە لەئانوساتی دەرفەتە چارەنوسسازەكەدا هاتە پێشەوەو وەكچۆن بەرێ دەساڵان بارزانی بووە فریادڕەسی كۆبانی و نەیهێشت شارەكە بكەوێ و پێشمەرگەو شەڕڤان بەسەر داعشدا سەركەوتن، ئەمڕۆش سەركەوتنێكی دی بۆ ئەو كۆبوونەوەیە نووسرا، چونكێ لە چركەساتی گونجاوی مێژوویی خۆیدا بوو.
هەروەك لەڕووی ناوەڕۆكەوە، لەئاستی ئاڵنگارییەكاندا بوو. باس لە دۆسیەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، بەتایبەتی دۆسیەی كورد لە ڕۆژئاوا كرا. لێرەدا ئەوەی گرنگە دوو خاڵە:
یەكەم: هاوچارەنوسیی هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوا، گرێدانی كاریگەری هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی و دەستووری لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستاندا، ئەمە نیشانەی ڕوونە لەسەر ئەوەی كورد وەكو نەتەوە ئامادەگی دەبێت لەگۆڕانكارییەكاندا، كورد وەك یەك پاكێچ لەلایەن زلهێزەكانەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. ئەمە خاڵی جەوهەری و پڕبەهاترین دەستكەوتە بۆ كورد، هەر ئەوەش نەخشەی ناوچەكە دەگۆڕێت.
دووەم: دەستبەجێ مامەڵەكردنی سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئاماژە و كۆدەكانی ئەو چانسەی بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە. وەلانانی هەموو بابەتە لاوەكییەكان و، دەستپێشخەری بۆ یەكڕیزی كورد و، دروستكردنی یەكهەڵوێستی و یەك بڕیاری لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەنەكەسە. بۆ هەموو جیهانی باشتر سەلماند، كوردیش سەركردەی شایستە و مەرجەعی باڵای هەیە بۆ ئەوەی لە زەمەنی چارەنوسسازدا كەشتییەكەی كورد بگەیەنێتە كەناری ئارامی.
دانانی نەخشە ڕێگەیەك بۆ دەستەبەركردن و زامنكردنی مافەكانی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستاندا، سەرەتای ئەو گۆڕانكارییەیە كە هەمووان چاوەڕوانی دەكەن. خێرایی وەڵامدانەوەی بەڕێز مەزڵوم عەبدی و هاوڕێكانی بۆ ئەو دۆخە تازەیە و، تێگەیشتن لەوەی ڕەوڕەوەی گۆڕانكارییەكە بەبێ سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان بەدی نایەت، پێشهاتە گرنگەكەیە و، ئێستا كورد لەهەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەو زلهێزانەی كە سپۆنسەری ئاڵۆگۆڕە گەورەكەی ناوچەكەن، لەسەر یەك هێڵی سیاسی ـــ ستراتیژی دەجوڵێن و، لەیەك ئاوازی ئاشتی و سەقامگیری دەخوێنن، ئەو سەقامگیرییەی مەحاڵە بێی كورد بێتەدی، واتە زەمینەی خودی لەلایەنی كوردەوە سازێنراوە بۆ لەئەستۆگرتنی ئەركە گەورەكانی ئایندە.