ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
تەشەنەسەندنی خێرای ئەو ئاگركەوتنەوە كە لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا و بەتایبەت شاری لۆسئەنجلۆسی گرتۆتەوە، هەندێك ئاگركەوتنەوەی هەرە گەورەی مێژووی هاوچەرخی بە بیری هاووڵاتیاندا هێنایەوە، كە زیانی گەورەی مرۆیی و ژینگەیی ماددی بەرچاوی لێ كەوتەوە.
بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمز، ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانی شاری لۆسئەنجلۆس كە بۆ ناوچە جیاوازەكان بڵاوبووەتەوە، بەهۆیەوە 10 كەس گیانیان لەدەست داوە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 9هەزار باڵەخانە زیانیان پێ گەیشتووە یان لەناوچوونە.
لە خەمڵاندنە سەرەتاییەكاندا لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاگركەوتنەوەكان، كۆمپانیای پێشبینیكردنی ئاكووێزەر ڕایگەیاندووە، كۆی زیانەكان و زیانە ئابوورییەكان ١٣٥-١٥٠ ملیار دۆلارە.
بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئاگری پالیسادز لە نێوان سانتا مۆنیكا و مالیبۆ لە لای ڕۆژئاوای لۆسئەنجلۆس و ئاگری ئیتۆن لە ڕۆژهەڵاتی شارەكە لە نزیك پاسادینا، لە ئێستاوە بە وێرانكەرترین دادەنرێت لە مێژووی ئەو شارەی ئەمریكادا، كە زیاتر لە 34هەزار دۆنم ڕووبەری هەیە (13,750 هێكتار) – یان نزیكەی 53 میل چوارگۆشە – كە بووە هۆی سووتانی تەواوی گەڕەكەكان.
لە كاتێكدا تیمەكانی ئەمریكا چاوەڕێی تەواوبوونی هەوڵەكانی ئاگركوژێنەوە و نەهێشتنی ئاگرەكەن بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی كۆتایی بۆ زیانەكانی ئاگرەكە، تا ئێستاش چەندین ئاگركەوتنەوەی گەورە لە دارستانەكاندا هەیە.
مەعروف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بۆ ئەم مەبەستە توێژینەوەیەكی ئامادە كردووە، كۆپیەكی تویژینەوەكەی بۆ هەولێر ناردووە و نووسیویەتی: بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ كۆمەڵێ ئاگركەوتنەوە ڕوویان داوە، وەك لە ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی ژینگەپارێزی Earth.Org ئاماژەی پێ كراوە، كە لە چەند وڵاتێك بەم شێوەیە بووە:
1- ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكانی تایگای سیبیریا
لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕووی دا؛ لە یەكێك لە گەرمترین هاوینەكاندا كە تا ئێستا لە ئەوروپا تۆمار كراوە؛ كاتێك زنجیرەیەك ئاگركەوتنەوە زیاتر لە ٥٥ ملیۆن دۆنم (٢٢ ملیۆن هێكتار) زەوی لە دارستانەكانی تایگای لە ڕۆژهەڵاتی سیبیریا لە ڕووسیا لەناو برد.
پێدەچێت تێكەڵەیەك لە بارودۆخی لەڕادەبەدەر وشك و زیادبوونی ئیستغلالكردنی مرۆڤەكان لە ماوەی دەیەكانی ڕابردوودا ڕۆڵی هەبووبێت لەو ڕووداوەی كە وەك یەكێك لە وێرانكەرترین و گەورەترین ئاگركەوتنەوەی كێوی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار کراوە.
2- ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكانی ئوسترالیا
ئاگركەوتنەوەكانی دارستانەكانی ئوسترالیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەهۆی كاریگەرییە كارەساتبارەكانی لەسەر گیانلەبەرە كێوییەكان كەوتە مێژووەوە. ئاگری توند لە ویلایەتی نیوساوسوێڵز و كوینزلاندی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا گرتووەتەوە و بە هۆیەوە 42ملیۆن دۆنم زەوی سووتا و هەزاران باڵەخانە وێران بوو؛ دەیان كەسیش گیانیان لەدەست دا، هەروەها ٣ملیار ئاژەڵیش گیانیان لەدەست دا، لەنێویاندا 61هەزار كوالا.
ئوسترالیا لە نێوان كۆتاییەكانی ٢٠١٩ تا سەرەتای ٢٠٢٠ گەرمترین و وشكترین ساڵی تۆماركراوی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی بوو لە ئاگركەوتنەوە وێرانكەرەكانی دارستانەكاندا.
داتاكانی ڕێكخراوی چاودێری كەشوهەوا دەریدەخەن كە تێكڕای پلەی گەرمی ئوسترالیا لە ساڵی ٢٠١٩دا ١.٥٢ پلەی سەدی لە سەرووی تێكڕایەوە بووە، ئەمەش وای كردووە كە گەرمترین ساڵ بێت لەوەتەی تۆمارەكان لە ساڵی ١٩١٠ دەست یپێكردووە؛ مانگی یەكی ساڵی ٢٠١٩ گەرمترین مانگ بوو كە تا ئێستا لە ئوسترالیا تۆمار كراوە. بارانبارین بە ڕێژەی 40% لە خوار تێكڕای بارانبارینەوە بووە، كە كەمترین ڕێژەی بارانبارین بووە لە ساڵی 1900ەوە.
3- ئاگركەوتنەوە لە ناوچەی باكووری ڕۆژئاوا لە كەنەدا
لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا زیاتر لە ١٥٠ ئاگری جیاواز لە سەرانسەری ناوچەكانی باكووری ڕۆژئاوا كەوتەوە، كە ڕووبەرەكەی نزیكەی ٤٤٢ میل چوارگۆشەیە (١.١ ملیار كیلۆمەتر چوارگۆشە) لە باكووری كەنەدا. پێدەچێت سیانزە لەو ئاگركەوتنەوانە بەهۆی كردەوەی مرۆڤەكانەوە بێت.
دووكەڵی ئەو ئاگركەوتنەوانە هۆشداری لەسەر كوالیتی هەوا لە سەرانسەری كەنەدا و هەروەها لە ئەمریكا دروستكرد، كە دوكەڵەكە لە دوورەوە وەك پۆرتوگال لە ڕۆژئاوای ئەوروپا دیار بووە. نزیكەی 8.5 ملیۆن دۆنم (3.5 ملیۆن هێكتار) دارستان بە تەواوی لەناوچوون و ئۆپەراسیۆنەكانی ئاگركوژێنەوەش 44.4 ملیۆن دۆلاری تێچووە بۆ حكومەت.
4- وەرزی ئاگری ئەلاسكا
وەرزی ئاگركەوتنەوەی ئەلاسكا لە ساڵی ٢٠٠٤دا خراپترین وەرزی بوو لە مێژووی ویلایەتەكەدا لە ڕووی ڕووبەری زیانلێكەوتووەوە. زیاتر لە 6.6 ملیۆن دۆنم (2.6 ملیۆن هێكتار) زەوی لە 701 ئاگركەوتنەوەدا سووتاون. ٢١٥ لەو ئاگرانە بە ڕەشەبا دەستی پێكردووە؛ 426 ئاگركەوتنەوەكەی دیكەش لەلایەن مرۆڤەوە دەستی پێكردووە.
هاوینی ساڵی ٢٠٠٤ بە بەراورد بە بارودۆخی هاوینی ئاسایی ئەلاسكا زۆر گەرم و تەڕ بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەكی پێوانەیی لە لێدانی ڕەشەبا لێی دا. دوای چەند مانگێك لەم ڕەشەبا و پلەكانی گەرما بەرز، مانگی ئابێكی وشكی نائاسایی ئاگركەوتنەوەی لێ كەوتەوە كە تا مانگی ئەیلول بەردەوام بوو.
5- ئاگری هەینییە ڕەشە
ئەم ئاگركەوتنەوانە وەك هەینییە ڕەشە لە مێژوودا تۆمار كران، كاتێك زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆنم زەوییان لە ڤیكتۆریا – ویلایەتێك لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا – لە ساڵی ١٩٣٩ لەناو برد و لوتكەی چەند ساڵێك بوو لە وشكەساڵی، دواتر پلەی گەرمی بەرز و بای بەهێز.
ئاگركەوتنەوەكان زیاتر لە سێ لەسەر چواری ویلایەتی گرتۆتەوە و ٧١ كەس گیانیان لەدەست داوە، بەمەش بووە سێیەم ئاگرکەوتنەوەی هەرە كوشندە لە دارستانەكان لە مێژووی ئوسترالیادا.
هەرچەندە چەند ڕۆژێك بوو دەسووتا، بەڵام ئاگرەكە لە ١٣ی ١ی ٢٠١٩دا پەرەی سەند.
پلەكانی گەرما لە شاری مێلبۆرنی ئوسترالیا گەیشتە 44.7 پلەی سەدی و لە میلدۆرا لە باكووری ڕۆژئاواش 47.2 پلەی سەدی، بەهۆیەوە 36 كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 700 ماڵیش وێران بوون، ئەمە جگە لە زۆر كێڵگە و شوێنی بازرگانی. خۆڵەمێشی ئاگرەكان تا نیوزلەندا كەوتە خوارەوە.
6- ئاگری گەورە لە كەنەدا
سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە سەدەیەك لەمەوبەر ڕووی دا، ئاگری گەورەی ساڵی ١٩١٩ تا ئێستاش وەك یەكێك لە گەورەترین و وێرانكەرترین ئاگركەوتنەوە كێوییەكانی مێژوو باسی لێ دەكرێت.
لە سەرەتای مانگی ئایاردا، كۆمەڵێك ئاگركەوتنەوە لە دارستانە بۆریالییەكانی پارێزگاكانی ئەلبێرتای كەنەدا و ساسكاچواندا گرتەوە، ئەو دارانەی بۆ پیشەسازی دار دروێنە دەكران، لەگەڵ بای بەهێز و وشكدا، بەشداربوون لە ئاگركەوتنەوە خێراكان كە لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا نزیكەی پێنج ملیۆن دۆنم (٢ملیۆن هێكتار)ی سووتاند و سەدان بینای وێران كرد و ١١ كەسی كوشت.
7- ئاگری چینچاگا
هەروەها بە ئاگری ویسپ و “ئاگری ١٩” ناسراوە، ئەمە زنجیرەیەك ئاگركەوتنەوەی كێوی بووە كە لە باكووری كۆڵۆمبیا و ئەلبێرتای ئەمریكا لە مانگی حوزەیران تا سەرەتای پاییزی ١٩٥٠ سووتا.
8- ئاگركەوتنەوەكانی بۆلیڤیا
لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٠ زیاتر لە ٢٥هەزار ئاگر لە سەرانسەری بۆلیڤیا سووتا و بە مەزەندەكردن ٣.٧ ملیۆن دۆنم (١.٥ ملیۆن هێكتار)ی گرتەوە و زیانێكی تایبەتی بە پشكی وڵاتەكە لە دارستانە باراناوییەكانی ئەمازۆن گەیاند.
دووكەڵی ئەستووری ئەم ئاگركەوتنەوانە حكومەتی ناچار كرد زۆرێك لە گەشتە ئاسمانییەكان ڕابگرێت و باری نائاسایی ڕابگەیەنێت.
هۆكارەكانی بریتین لە زنجیرەیەك ئاگركەوتنەوە كە لەلایەن جووتیارانەوە دانراوە بۆ پاككردنەوەی زەوی بۆ كشتوكاڵ، هەروەها وشكبوونەوەی ڕووەكی كە لە ئەنجامی ئەو وشكەساڵییە توندەوە دروست بووە كە وڵاتەكە لە مانگەكانی هاویندا تووشی بووە.
ئاگركەوتنەوەكانی دارستانەكانی بۆلیڤیا هەندێك لە خراپترین ئاگركەوتنەوەكان بوو كە وڵاتی ئەمریكای باشوور لە ماوەی نزیكەی ٣٠ ساڵدا بینیبووی.
9- ئاگری گەورەی كۆنێتێكت
هەروەها بە تەقینەوە گەورەكە، ئاگری سوتەمەنی شەیتان، یان ئاگری گەورە ناسراوە، ئەم ئاگرە گەورەیە لە مانگەكانی هاوینی ساڵی ١٩١٠ لە ویلایەتی ئایداهۆ و مۆنتانای ئەمریكا كەوتەوە.
هەرچەندە تەنها بۆ ماوەی دوو ڕۆژ سووتا، بەڵام بای بەهێز بووە هۆی ئەوەی ئاگری یەكەم لەگەڵ ئاگرە بچووكەكانی دیكەدا تێكەڵ بێت و ببێتە ئاگرێكی گەورە كە ٣ملیۆن دۆنم (١.٢ ملیۆن هێكتار)ی سووتاند – نزیكەی قەبارەی تەواوی ویلایەتی كۆنتێكتیكۆت – و ٨٥ كەسی مردن ئەمەش وای كردووە ببێتە یەكێك لە خراپترین ئاگركەوتنەوە كێوییەكان لە مێژووی ئەمریكادا.
هەرچەندە ئەم ئاگرە بەهۆی ئەو وێرانكارییەوە لەبیر دەكرێت كە بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام ڕێگەی خۆش كرد بۆ ئەوەی حكومەتی ئەمریكا سیاسەت بۆ پاراستنی دارستانەكان دەربكات.
10- ئاگری ئەژدیهای ڕەش
هەروەها بە ئاگری داكسینگ ئانلینگ ناودەبرێت، لە ساڵی ١٩٨٧ ڕوویداوە و ڕەنگە گەورەترین ئاگركەوتنەوە بێت لە جیهاندا لە سەدان ساڵی ڕابردوودا، هەروەها جددیترین ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان لە كۆماری گەلی چین، كە لە سنوورەكانەوە بڵاو بووەتەوە بۆ ڕووسیا.
ئاگرەكە بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێك بەبێ وەستان بەردەوام بوو نزیكەی ملیۆن و ٥٠٠هەزار دۆنم زەوی لەناو چوون.
لە كاتێكدا هۆكاری وردی ئاگرەكە ڕوون نییە، بەڵام ڕاپۆرتە چینییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە ڕەنگە ئاگرەكە بەهۆی چالاكیی مرۆڤەكانەوە بووبێت، كۆی گشتی گیانلەدەستدان لە كاتی ئاگركەوتنەوەكەدا گەیشتە ١٩١ كەس، جگە لەوەی ٢٥٠ كەسی دیكەش برینداربوون. هەروەها نزیكەی ٣٣هەزار كەس ئاوارە بوون.
11- ڕیچاردسۆن باككانتری فایەر
ئاگری ڕیچاردسۆن باككانتری لە مانگی ئایاری ٢٠١١ لە شاری ئەلبێرتای كەنەدا كەوتەوە. گەورەترین ئاگر بوو لە ماوەی زیاتر لە ٦٠ ساڵی وڵاتەكەدا، لە دوای ئاگركەوتنەوەی چینچاگا لە ساڵی ١٩٥٠.
ئاگرەكە نزیكەی ١ملیۆن و ٧٠٠هەزار دۆنم (٦٨٨هەزار هێكتار) دارستانی بۆریالی لەناوبردووە و دەسەڵاتدارانیش پێیان وایە كە بەهۆی چالاكییەكانی مرۆڤەوە دەستی پێكردووە، بەڵام بارودۆخی وشكەساڵی و بەرزی پلەی گەرمی نائاسایی و بای بەهێز توندی دارستانەكەی زیاتر كردووە.
12- ئاگری مانیتۆبا
ئاگركەوتنەوەكانی مانیتۆبا لە نێوان ناوەڕاستی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٩ ڕووی دا، بە مەزەندەكردن ١١٤٧ ئاگر دەستنیشان دەكرێ، زۆرترین ژمارەیە كە تا ئێستا تۆمار كراوە لە كەنەدا كە شوێنی چەندین دیمەنی سروشتییە.
بەهۆی ئاگركەوتنەوەكانەوە نزیكەی ملیۆنێك و 300هەزار دۆنم (3ملیۆن و 300هەزار هێكتار) زەوی لەناو چوون، هەروەها 24هەزار و 500 كەسیش ماڵەكانیان چۆڵ كران، تێچووی كوژاندنەوەی گەیشتە ٥٢ملیۆن دۆلار.
13- تەكساس فایرز
ئاگركەوتنەوەی كێوی لە ویلایەتی تەكساس لە كۆتاییەكانی شوباتی ٢٠٢٤دا ئاماژەیە بۆ چەندین ئاگركەوتنەوەی گەورە لە ویلایەتی ئەمریكا، لەوانە ئاگركەوتنەوەی سمۆكهاوس كریك لە ناوچەی هاچینسۆن، گەورەترین ئاگری كێوییە لە مێژووی ویلایەتی تەكساسدا.
ئەم سووتانە بە تەنیا نزیكەی ١ملیۆن و ١٠٠هەزار دۆنم جاڕی لەناو بردووە، ئەمەش لە ئاگركەوتنەوەی گەورەی كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ئاماریلۆی ساڵی ٢٠٠٦ تێپەڕاندووە كە نزیكەی ١ملیۆن دۆنم جاڕی لەناو بردووە.