هێشتا کار بە یاسا و بڕیارەکانی بەعس دەکرێت

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوا ساتەکانی وەرزی تۆکردنە بەھۆی فشارە زۆرەکانی سوپا و گەماڕۆدانەکانی ماڵەکانیان تا ئێستا جووتیاران نەیان توانیوە زەوییەکانیان تۆ بکەن، ٢٢ ساڵە کار بە یاسا و بڕیارەکانی بەعس دەکرێت، ئەوەش وای کردووە کێشەی زەوی و زاری جووتیارانی کورد لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە تا ئێستا یەکلا نەبێتەوە. پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، بەردەوام دەبین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان و پشتگیری لە جووتیاران دەکەین تا ئەو کاتەی کێشەکانیان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارە دەکرێت.

٣٠ ھەزار دۆنم زەویی جووتیارانی کورد تینوو و بێ نازە
٣٠ ھەزار دۆنم زەویی جووتیارانی کورد بۆ ئەمساڵ تا ئێستا وشک و تێنوو و بێ ناز ماوەتەوە، ئەو دۆخەی لەو گوندانە دروست بووە، خەڵکەکەی بە شێوەیەک بێ ئومێد کردووە بە تەواوەتی خەریکە تەسلیمی واقعێکی تاڵ دەبن. ئەو زەوییانەی کەرکووک لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەعس بە ناوی عەرەبەکان کراوە، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەبێت لە پەرلەمانی عێراق دووبارە بڕیاری لەسەر بدرێت و بە یاسا چارەسەر بکرێت و ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو بکرێنەوە.
پێنج گوند گەماڕۆ دراون
ھەر یەک لە گوندەکانی پەڵکانە، شەناغە، گابەلەک، خەراپ و سەر بەشاغ، سوپا کاری کشتوکاڵ کردنی تێدا قەدەغە کردووە، ھەر جوولەیەکی جووتیاران لە سنوورەکە ھەبێت، ھەڵدەکوتنە سەری و دەستگیری دەکەن، ئەو پێنج گوندە بەردەوام کێشەیان بۆ دروست دەکرێت، جووتیاران دەڵێن، ئامانجی داگیرکەران نەمانی کوردە لەو ناوچانە، ئەمەش پلانێکە و دەمێکە عەرەبە ھاوردەکان نەخشەیان بۆ کێشاوە و دەیانەوێت لەڕێگەی سوپای عێراقەوە جێبەجێ بکەن، ئەگەر پلانەکە سەربگرێت تەواوی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە.
لێ ناگەڕێن زەوییەکانیان بکێڵن
جووتیارانی سنووری سەرگەڕان بەردەوام بەگشت تەعریب و داگیرکاریدا وەستاونەتەوە و چەند جارێکیش لەسەر ھەڵوێستەکانیان دەستگیر کراون و ڕووبەڕوی دادگە کراونەتەوە، جووتیاران، دەڵێن، سوپای عێراق بە ھەڵسوکەوتێکی زۆر ناشیرین لەگەڵ ئێمە دەجووڵێتەوە، بەردەوام لە گوند و ئاوایەکان دەگەڕێن، ھەر کەسێک ببینن زەوییەکەی دەکێڵێت دەستگیری دەکەن، ھەموو ئامانجی ئەوانیش ئەوەیە کورد لێرە نەمێنێت، ئەگەرنا کاری سوپا نییە تەداخولی کاری جووتیاران بکات و زەوییەکانیان تێک بدەن. نوێنەری جووتیارانی سنوورەکەش، دەڵێت: لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە تا ئێستا ھیچ کات وەکو ئەمڕۆ ڕەوشمان خراپ نەبووە، لە سەردەمی ڕاکان جبووری زەوییەکانمان دەکێڵا، کەچی ئێستا ناوێرین زەوییەکانمان بکێڵین. جێگەی ئاماژە پێکردنە، ھێزە عێراقییەکان لە سنووری کەرکووک جگە لەوەی لەم کێشەی جووتیارانی کورد بێلایەن نابن، زۆرجاریش پاڵپشتی ئەو کەسانە دەکەن کە ھێرش دەکەنە سەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد و چەندین جاریش بەرھەمەکانیان بە بەرچاوی ھێزە ئەمنییەکانی ئەو سنوورەوە سووتێنراوە.
کەرکووک لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە قەیرانێکی گەورەدایە
کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لە ڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئەمڕۆش لە قەیرانێکی گەورەدان، لەم نێوەندەشدا کوردانی ئەم شوێنانە پشکی شێریان بەرکەوتووە، تا ئەمڕۆ ڕۆژبەڕۆژ تەعریبکردنی ناوچە کوردییەکان زیاتر دەبێت، ئەوەش بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیە، ڕۆژانە دەیان خانووی ماڵە کوردەکان داگیر دەکرێن و دەڕووخێنرێن، بە بیانوی ئەوەی خانووی بەشێک لە ھاووڵاتییان بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە سوپای عێراق داگیری کردوونە و لێ ناگەڕێن ھاووڵاتییانی کورد بچنەوە ناو خانووەکانیان، بەرپرسانی شارەکەش، دەڵێن، ساڵێکە چەند ماڵێک لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستی بەسەردا گیراوە و لێ ناگەڕێن ھاووڵاتییانی کورد بچنەوە ناو خانووەکانیان.
لەسەر ھەڵوێستی خۆمان بەردەوام دەبین
کار بە یاسا و بڕیارەکانی بەعس دەکرێت، چاودێران، دەڵێن، ناکرێت ٢٢ ساڵ ڕژێمی بەعس ڕووخا بێت و کار بە یاساکانی بکرێت، تا کەی حکوومەتی عێراق کێشەکانی خەڵک چارە ناکات، ئەگەر وا بڕوات کێشەکان زیاتر دەبن، ئەوەش وا دەکات کاریگەری لەسەر پێکەوەژیان ھەبێت. نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە، بەردەوام دەبین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان و پشتگیری لە جووتیاران دەکەین تا ئەو کاتەی کێشەکانیان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارە دەکرێن.
پەرلەمانتارەکەی پارتی، گوتیشی: جووتیاران داوا دەکەن ھەر بڕیارێکی سەردەمی ڕژێمی بەعس کە تایبەتە بە کێشەی زەوی و زار ھەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەگەر کار وابڕوات تا دنیا ھەیە کێشە بۆ جووتیارانی کەرکووک دروست دەکرێت، کە چەندین ساڵە جووتیارانی کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان پێیەوە دەناڵێنن.
پێشتر فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوتبوو، ھیچ ناوچەیەکی کوردستان نەماوە عەرەبی لێنەبێت، لەو ناوچانە کێشەی زەوی و زار، زمانی کوردی، کێشەی جیاکاریمان ھەیە و لە بیست ساڵی ڕابردوودا کەمترین کێشە لەو ناوچانە چارەکراوە.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، دووپاتیشیکردەوە، ھەژموونی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەردەوامە، بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورەی حیزبی بەعس بە یاسا دەرچووە، دەبێت بە یاساش ھەڵبوەشێنەوە.